ئاری ئاغۆک
ئەو یادانەی لە یادگەی شاعیر بە درێژایی تەمەن دەبنە برینێکی قوڵ، زەحمەت و ئەستەمە بە هەناسە شیعرێک و ڕازە شیعرێکی جیاجیا هەست بەسارێژبوونی بکرێت، چونکە هەر یادێک خەم و قەهرێکی گران بەسەری زاڵ دەبێ، ناچار شاعیر لە دوو کەناڵەوە ئەو یاد و بیرەوەریانە دەرببڕێ، یەکێکیان گریان و فرمێسکە کە بە بۆچوونی من ئەمە بابەتێکی شەخسی ژیانی شاعیرە، ڕەنگە بە درێژایی ڕۆژ، بیبینین و هەست بە خەمە قوڵەکانی نەکەین، بەڵام کارەساتە گەورەکە لە شەو دەست پێ دەکات، ئەویش شەوە گریانی شاعیرە.
بێگومان گریانی شاعیر جیایە لە گریانی مرۆڤەکانی دیکەو کەسانی دیکەی کۆمەڵگە، چونکە هەر فرمێسکێکی شاعیر گوزارشتە لە چیرۆکی عەشقێکی ناکام، هەر ئاخ هەڵکێشانێک پڕە لە وردە خەمی ڕۆژگار و ژیان، بۆیە کەناڵی یەکەمی دەربڕینی خەمەکانی شاعیر بریتیە لە گریان بۆ بەتاڵبوونەوەی چیڕۆکی خەم و خەونی تەمەن.
سەبارەت بە کەناڵی دووەم، کە بەیانکردنی ئەو یاد و بیرەوەری و خۆزگە بە جێماوانەی ئەوێ ڕۆژێی تەمەن و ژانی ئەمڕۆی شاعیر بریتیە لە (شیعر). بەڵێ شیعر و قەڵەم نزیکترین و بەوەفادارترین برادەری شاعیرن بۆ دەربڕینی چیرۆکی یادەوەرەییەکانی، کەواتە لە نێوان (گریان و شیعر) جوانترین و پاکترین و ڕاستگۆترین پەیام دەخوێنینەوە.
کاتێ خوێنەر خۆی لە نێو فەزای کتێبە شیعری( خەونێکی وون بوو لە کۆڵانەکانی خۆشەویستی) ی شاعیر (خالید کۆچەر)دا دەبینێتەوە، سەرنج و ڕوانین و ڕۆچوونی دەگەڕێتەوە سەر عەشقێکی پاک،  بەڵام بەمراد نەگەیشتوو، ئەگەر سەرنج بدەین لە یەک هێڵی دەقێکی پڕ لە ڕاستگۆیی دا پیاوێکی بەوەفا بەدی دەکەین، لەگەڵ ئەوەی لەهەر گۆشەیەک دا ریتمی جیاواز و وێنەی جیاواز دەبینین، بەڵام دواجار دەگەینە کۆتایی ئەو شەقامەی کە بە خەتێکی سوور لە تابلۆیەکی سپی دا نووسراوە:
 شەقامی مەڕاق و خۆزگەیەکی بەتاڵ!.

سەفەرێک بە نێو کۆڵانەکانی شاعیر.
لێرەدا لە دیدێکی ئەدەبی دا، سەفەرێک بە نێو چەند دەقێکی خالید کۆچەر دەکەین و ڕوانینی خۆمان دەخەینەڕوو.

لەم نیشتیمانە بریندارەدا
گریان، گۆرانی، پێکەنینی شێتانە
بوونەتە برادەری ژیانم
کەس هەیە لە گریانی شیعرم تێبگات
تەمەنیشم لە بیابانێکی وشک دەچێت
کۆچەریان تاک و تەڕا سەردانی ماڵی گریانم دەکەن
لە دەرگای ڕۆحم دەدەن
دەگەنە دوا هاژەی کانی کوێستانی شیعرم
                                                                       ڕێژنە شیعر ل ٢١
لەم تێکستەدا شاعیر بە نیشاندانی واقیعیدا لە دەربرینێکی سادەی ڕاستگۆیانەدا ژیانی ئێستای خۆیمان نیشان دەدات، ئەویش:
گریان= فرمێسکی شیعرەکانی.
گۆرانی= ئازاری ناخ.
پێکەنینی شێتانە= فێڵ لە خۆکردن و خۆ خافراندن.
ئەو دەڵێ؛!(کەس هەیە لە گریانی شیعرم تێبگات، تەمەنیشم لە بیابانی وشک دەچێت)
لێرەدا دەگەڕێینەوە سەر ئەو خاڵەی کە تێگەیشتن لە گریانی شاعیر لای هەر یەکێک بە جۆرێک دەخوێنرێتەوە، کەهەمووی گوزارشتە لە سەرگوشتەی خەمێکی قوڵ و یادەوەری تاڵ، دەکرێ هەر خوێنەرێکیش لە کۆڵانێک، یا لە ماڵێک لەماڵەکانی یادەوەری شاعیر چیرۆکی خۆی بدۆزێتەوە. لەگەڵ ئەوەی شاعیر بەیانی تەمەنی خۆییمان بۆ دەکات کە لە بیابابێکی ووشک دایە، ئەمەش گوزارشتە لە بێ هیوایی و بێ ئومێدی ژین و تەمەن، بەڵام سەردانی ماڵی دڵی شاعیر هەر لە جولە دایە، ئەمیش بە سەردانیکردنی کۆچەریان، کە نیشانەی ئەوەیە ئەو ماڵە هەر زیندووە، گەر سەردانیکەریشی کەم بێ، بەڵام تا ئێستا خۆی لە جولەی بەردەوام دا دەبینێتەوە تا دەگاتە کوێستانی شیعر، بۆیە لە نێوان( بیابانی تەمەن و کوێستانی شیعر) ژیانێکی نوێ و ئومێدێکی نوێ بەدی دەکەین، ئەویش شاعیربوون گوێ ناداتە تەمەن، چونکە تەمەن لای ئەو ژمارەیە، بەڵکو ئەوەی دەبێتە روناکی بریتیە لە ووزەی نوێ، کە بیگەڕێنێتەوە بەهارستانی تەمەنی، ئەوا دنیای جوانی شیعرە بۆ سێبوری و سەلوای تەمەن.

دڵم پڕە لەئازاری
ئەو یادانەی
بە بچووکی لەدایکبوون 
بە گەورەیش چاویان لێکنا
بمبەخشە
ئەگەر ڕۆژێ لە ڕۆژان
لەبەردەم 
جوانی یادگارەکانت نەمردم
                                                   هەقیقەت ل ٧٨ 
دوو کاتی جیا، دوو وێنەی جیا، دوو یادی جیا، لە کورترین تابلۆی شیعری دا گەورەترین پەیامی ئەدەبی بەدی دەکرێ، لێرەش دا شاعیر دەستبەرداری (یاد) نەبووە، ئەوەتا بە لە دایکبوونی یادێکی بچووک لە کۆتایی دا چ ئافاتێکی گەورە خولقاندوە، ڕاستە وشەکان لێک نزیکن بەڵام گەورە و دوور مەودای پڕ ئێش و ئازار و برینی لێ بەدی دەکرێ، کە دواجار خۆی لە فۆڕمێکی یاد و یادگاری دەدۆزێتەوە کە لە وێستگەی ژیانی زۆربەمان دا وەک بابەتێکی ئاسایی هەستی پێکراوە، بەڵام دواجار دەبنە ئازارێکی قوڵ و وێنەیەکی پڕ لەڕەنگی جیاواز.

برادەرەکانم 
جارناجارێک لە هەواڵی تازەترین شیعرێکم و 
قەسیدەیەکم لێدەپرسن؛
کۆچەر گیان 
ڕوخسارت لە مرۆڤێکی غەمبار و 
چاوەکانت تێکەڵ بە گریان و حەسرەتێکی گەورە بووە
برادەرینە،،،،،
ئەوەی کوشتەی عەشق نەبێت و 
بەدەستی ژنێک بریندار نەبێت
ڕوخسارەکەی لە خەم ناچێت
هەرگیز پیر نابێت و غەریب و بێ کەس نابێت
جارنا جارێکیش ئەو ژنەی خۆشیدەوێم لێم دەپرسێت:
لە نوێترین شیعردا چیت بۆم نوسیووە
دەڵێم؛ گیانە تۆ لە هەموو لەحزەیەک دا 
دەبیت بەشیعرێکی میوان و 
لەناوپەنجەکانم چرۆ دەکەیت و 
دەبیت بە جوانترین پرچی درێژی
ئەو شیعرانەی هێشتا بۆتم نەنوسیووە
                                                 هەواڵی تازەترین شیعرم ل ١٠٦
ئەو هەستە پڕاو پڕە لە چیرۆکێکی ڕاستگۆیی، بە زمان و وێنەیەکی سادە، ئەو برینەمان نیشان دەدات کە لە ئێستادا  وێرانی کردوە. لەم دەقە دا لە دوو نمایشی جیا چەند کارەکتەرێک بەدی دەکرێ، کارەکتەرێک ئەو برادەرانەن کە بەدرێژایی ژیان وەک ئاوکوفی تەمەنی شیعری، بە ژیان و گریان و خەم و ئێش و ئازارەکانی ئاشنان، بۆیە وەک برادەرێکی بەوەفا جار جارە لە دیداری ڕووبەڕوو یا کۆڕو مەجلیسی شیعر لە تازەترین بەرهەمی ئەدەبی هەست بە نامۆیی ژیانی شاعیر دەکەن ( لەشێوە و ڕوخسار، لە ناخ) بەڵام شاعیر زۆر ڕاستگۆیانە کۆد و کلیلی خەمەکانی بۆ یەک کەس گەڕاندۆتەوە، ئەویش دیلی عەشقی ( ژنێک) ە، کە وای لە کۆچەر کردووە بگاتە ئەو حالەتە دەروونیەی هەموو گەشبینییەکانی ژیانی ببەستێتەوە بەیەک ئاراستە، ئەویش ئەو ژنەی خۆشیدەوێ هەمیشە چاوەڕێی شیعری تازەی لێ دەکات، لێرەدا ئەو پەنجەرەیەمان نیشان دەدات کە پێی دەڵێن پەنجەرەی ئومێد، چونکە هەردوو لا دەزانن بۆیەک نابن، لە کۆڵانەکانی یادەوەری دا ڕێگەی بەیەکەوەبونیان زەحمەت و ئەستەمە، بەڵام هەر وەک خۆزگەیەکی بەتاڵ هەرجارە و پڕترین دەقی تازەی بۆ دەنووسێ.
کەواتە لە نێوان پرسیاری برادەرەکانی و پرسیاری خاوەن ئیلهام، خالید کۆچەر وەڵامی هەردووکیانی لە لایە، بەڵام هی دووەم خێراتر و شاعیرانەتر.

لە مێژە مردووم
کەچی بەمردنم نازانیت
لە گۆڕستانی غەریباندا
گۆڕێکم بۆ خۆم هەڵکەندووە
                                          مردنێکی بێ ئاگا، ل ١٣١ 
ڕاگەیاندنی مردنی شاعیر، کۆتایی و ژیانئاوایی دەق و نووسین نیە، بەڵکو تەنیا جێهێشتنی جەستە یە، بەڵام وشە و دەنگ و پەیڤ و هەستەکانی لە ناومان دا هەمیشە زیندوون، جێهێشتنی میراتێکە لە یادەوەریی، ئەوەتا شاعیر لە دۆزەخی یادەوەری خۆی دا، خۆی بەمردوو هەژمار کردوە، ئەومردنەی ئەو تەنیا یەک دیوی هەیە، ئەویش بریتییە لە کاتی ئیمزاکردنی دووری و دابڕانی لە ژنێک، ئیدی (کۆچەر) خۆی بە زیندووەکی مردووی سەر گۆی زەوی دادەنێ، ئەمەش هەمدیس دەمانباتەوە سەر ئەو خاڵەی کە عەشقێک وای لەو شاعیرە کرد، بە جۆرێکی دیکە لە ژیان بڕوانێ، ئەمەش نیشانەیە بەوەی کە ئەوی شاعیر گۆڕی بۆ خۆی هەڵکەندوە، بەڵام کەسمان هەستی پێ ناکەین،
ئەم دەقە لە وێنەیەکی ئەدەبی جوان دا قوڵترین وێنەی ئەدەبیمان نیشان دەدات، لەگەڵ ئەوەی شاعیر خۆی بە مردوو نیشان دەدات، بەڵام جولەی بەردەوامی ئەدەبی و ریتمی نەرمی وشەکانی لە نێو دنیای ئەدەبیات دا پێمان دەڵێت، خالید کۆچەر نامرێت، ئەو خاوەن قەڵەمێکی ڕاستگۆیە بەرانبەر بە ژنێک کە بە دڕێژایی تەمەن بە ڕێزەوە لە نێو فۆڕمی شیعرەکانی دا بەدی دەکرێت.
ژێدەر:
کتێبی: خەونێکی ونبوو لە کۆڵانەکانی خۆشەویستی، نووسینی: خالید کۆچەر.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا