بەرزان عەلی

 

 20

دەمێنمەوە

لەنێو یادەوەرییەکاندا

پێدەچێت گەشتێک بەنێو شاعیر و کتێبەکاندا مردنەکەم دوابخات و تۆزێک ببم بەشیعر،

زۆر شەو باوەشم بەکتێبدا کردووە، تا تەنهاییان هەڵگوشم

بێ ئاگا لەوەی کتێبەکان لەنێو مندا پیاسە دەکەن

پیاسە کردنی شیعرێک لەنێو ڕۆحی مندا نیشانی دەدات

ڕۆحی من بەشیعر لەنگەر دەگرێت، پیاسەکردنی کتێب بەشادەماری مێشکمدا نیشانی دەدات، کە مرۆڤێکم دەتوانم باش قسە بکەم باش بەڕەحم بم دەست بۆگەڵایەک نەبەم

ئەوەی شەوێک نەخوێنێتەوە بەیانی باش قسە ناکات

باش شیعر نانوسێت باش نوێژ ناکات، ئەوانەی وتار دەخوێننەوە هەفتەی جارێک دەخوێننەوە، قسەکانیان مەترێک بڕ ناکات دەمرێت.

خۆی بێدەنگی بوو لەنێو گوماندا بەشاراوەی خۆی نیشان داین لەنێو شیعرێکی یاخیدا،

لەڕوی زمانەوە شیعری گۆڕیی، شیرکۆ بێکەس ناڵێم، سەباح ڕەنجدەر.

کاتێک زمانی عیشق زەمەنی ئەنفالم خوێندەوە تێگەیشتم ڕێبوار سیوەیلی تا ڕەشایی قیامەت خۆش بەخت نابێت

خۆزگە دەمتوانی وێنەی ئەردەشیر ڕۆستەمی بکێشم

لەژێر وێنەکەیدا بنووسم تکایە سفرەکە درێژ دامەخە با لەیەک دور نەبین، ئەوەندە بۆ مەمک ماچی نووسی تا لەژێر باڵی ژنێکدا شیعر لێی یاخی بوو.

بە باڵی هایکۆ، بە نێو سروشت و ئاسماندا دەفڕێت،

لە بەفر سەرین، لە گەڵا پەتوو، لە تەم شیعر، ئاسۆی مەلا.

دەمەوێت ئەلیفشەفەق لە ڕۆمانێکدا بمکات بە پاڵەوان

حەز دەکەم لە کۆنسێرتێکی عەدنان کەریم بیرە بخۆمەوە

بە یادی جاران پیاسەیەک لەگەڵ بەکر خەیاڵاندا بکەم و تۆزێک باسی مەرگ و شێتی بکەین و یادەوەری شەیتان بخوێنینەوە تا مرۆڤەشەیتانەکان بناسینەوە و تووشی گوناهمان نەکەن لە دۆزەخدا

خراپ نییە چیرۆکەکانی گۆران ڕەئوف بخوێنمەوە تا ژیانم لە چیرۆکێکدا بنەخشێنم

کاتێک نامەکانی سەحەر و هیوا قادرم خوێندەوە

حەزم کرد بە هیوا بڵێم یەع چەند ڕقم لە درۆکانتە لەنێو وشەدا

خۆزگە دەمزانی ڕۆژهەڵەبجەیی چۆن زمانی چەشنی جۆکەر، یاری بە شیعر دەکات؟!

دینی نییە، شیعری نییە بلۆکێک لە کەرامەتی پیاو نەدات

ئەمیر شەیدا هاوڕێمە

لە جادووگەر دەچێت

لە قەرەوێڵەی تفەنگەکەیەوە شیعر دەپێکیت

ناهێڵێت بمرێت

دڵخۆشم کاتێک بەرزان عەلی گوزەر بەنێو چیرۆکەکاندا دەکات و سەرخەوێک دەشکێنێت

لەگەڵ سروشت نەوزاد بەناو سروشتدا پیاسە دەکەین هەندێک جار هێندە دەڕۆین

خەریکە دەست لە مانگ دەدەین و بەنێو تەمدا دەڕۆین

هاوڕێمە

بەڵام زمانەکەی لەنێو شیعردا خەریکە ئاوسم دەکات

هاوڕێیان ئاسایییە پێکێک بخۆمەوە تا باشتر بنووسم؟

حەز دەکەم شەماڵ ڕەشید وێنەیەکم بکێشێت

بەدەم شیعرخوێندنەوەوە بیری نازم حیکمت دەکەم

کاتێک وتی لە دڵێکدا جێگەی دوو عیشق نابێتەوە

کەچی پیاوانی خودا لەناوگەڵیاندا جێگەی چوار عیشق دەکەنەوە

دڵم بۆ عیشقی کریشانا مۆرتی دەسووتێت کاتێک وتی بۆ عاشق هیچ شتێک گوناهـ نییە

ویستم پێکێک بخۆمەوە

قاپەکەم تێیدا نەما

لە باوەشیا سەرخەوێکم شکاند

گورگێک دەمخاتە باوەشییەوە تا سەرمام نەبێت

خەوتن لە باوەشی گورگدا یانی تۆ نەنووستویت.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا