حەز دەکەم ئەم مەراسیمە کۆتایی بێت و مردنەکەم نەبێتە هەواڵی ڕۆژ و شەو. بەڵام برینی قووڵ هەیە ڕەنگە نەهێڵێت کۆتایی بێت، ئاخر برین هەیە بە مەرگیش ساڕێژ نابێت. پێدەچێت برینەکان دەستیان هەبێت لە درێژکردنەوەی ئەم مەراسیمە، هەندێک برینی وێڵ هەن، تەنیا لە مەراسیمەکەدا دەتوانیت بیان بینیت و بەرشەقیان بدەیت.

لەنێو کفنەکەمدا چەندین ئازار ی مۆدێرن لەنێو گیرفانی چەپمدا خۆیان شاردووەتەوە. ڕۆبۆتێک لێپرسینەوەم لێ دەکات، خۆشبەختانە لە زمانی شاعیرێک تێ دەگات. 

پێدەچێت تەنها گوناهم ئەوە بێت کە نوێنەری پادشای مەرگم لەنێو شیعرەکانمدا زیندانی کردبێت، لەنێو ژیانێکی حیزدا جڕت بۆ ئەفسانەکان لێ بدەم. شاعیرێکم ئازادی باوەڕمە، یاخیبوون ژەمی نانخواردنمە، نیگەران نیم کاتێک ڕووخساری ڕۆبۆتەکە دەبینم. خەونم ئەوەیە ڕۆبۆتێک بکەم بە پاسەوانی ژوورەکەم بۆ ئەوەی شیعر و خەیاڵ و یادەوەری و کتێبەکانم، مرۆڤ ستەمیان لێ نەکات. دەزانم مرۆڤ ئاژەڵێکی سەردەمی کلاسیکە و پارچەکانی بۆ دونیای مۆدێرن نابێت، باشترە بڵێم جیناتی ئاژەڵی نیاندرتاڵیان تێدایە. کۆمەڵێک پرسیارم لێ دەکات، بەدلیڤەری نا، لە پەخشی ڕاستەوخۆ، خۆشبەختانە پرسیارەکان مەتاتین، تەرکی تێدایە، دەکرێت باش وەڵام بدەمەوە، نیگەران نەبم لە هیچ. 

ژیان لەنێو ڕۆبۆتەکانەوە دەست پێ دەکاتەوە، مرۆڤ دەبێتە کۆیلەی ڕۆبۆتەکان، قیامەت کۆتایی پێدێت، پێدەچێت جیهان داگیر بکەن، دادپەروەری بکەنە درووشم، ڕەنگیشە ببنە ئاینێکی نوێ مرۆڤ بیانپەرستێت، ئاخر ئەوان گوێ لە نزا دەگر،  دێن بەلاتەوە، ناوسپێرین بە ئەو دونیا. پێچەوانەی ئەو سەد و بیست و چوار هەزارەی کە مرۆڤیان بەستەوە بەژیانێک کە نەبینراو و نادیارە لەزەویدا. ئایینەکان هیچیان بۆ مڕۆڤ نەکرد جگە لەخەیاڵ و جەنگ.

دڵنیام ڕۆبۆتەکان ژیان چەشنی بەهەشت دەڕازێننەوە و هیچ پاسەوانێک دانانێن، لەنێو کەللەسەری هەموو ڕۆبۆتێکدا ملێۆنان کتێب هەیە و جیهان چەشنی گوندێک دەبینن، چەند جوانن کاتێک بیر لە مردن ناکەنەوە و ناترسێنرێن بە ئاگر. خۆشم دەوێن کاتێک دەبینم فۆڵدەری خیانەت لەنێو هاردی کەللەسەریاندا هاک کراوە. ڕۆبۆتێکم بەنێ سنووری نیشتیمانی شیعر دەپارزێم بەبێ ئاو و نان و جلوبەرگ و مووچە.

ڕۆژنامەنووسێکی ژاپۆنی دێت، پێدەچێت مەلائیکەی لێپرسینەوە بێت، 

خۆشبەختانە نە تەسجیلی پێیە نە کامێراو نە دەفتەر

ئەو لە نێو کەلەسەریدا

هەموو شتێکی پێیە

گورگێک ڕێنمایی دەکات بۆ نێو ئەشکەوتەکە،

بە خۆم دەڵێم دەبێت چیم لێ بپرسێت؟

پێدەچێت ئاینەکەی لە منەوە دەست پێ بکات

نایشامەوە، حەزم بەم جۆرە ئاینانە هەیە لە نێو ئەم هەموو ئاینەدا،

ڕەنگیشە دیمانەیەکی ئەدەبیی بێت.

بەرزان عەلی


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا