بەرزان عەلی

 

 19

فشارم بۆ هاتووە

هێواش هێواش لێم نزیک دەبێتەوە

هاوڕێکانم خەریکە ماندوو دەبن لەم مەراسیمە

پێدەچێت چاوەڕێی هەواڵی مەرگم بکەن

دەمەوێت ئەم شیعرە بە هەڕەمەکی بنووسم

هەست دەکەم  تووشی نەخۆشی زەهایمەر بووم کاتێک کەللەسەرم دەبینم خاڵی خاڵییە

لەوانەیشە پشوو بە خەیاڵم بدەم و بێداری نەکەمەوە لەنێوان بینراو و نەبینراودا

 ڕۆژەکانم دەژمێرم

هیلاک نابم

دڵم تێک چوو کاتێک بە بەرچاومەوە ڕۆیشت و هیچم نەوت

دەمەوێت دڵم بگوشم

هەرچی ڕەشایییە بیانڕژێنمە نێو زمانمەوە

چاوەکانم باش نابینن

لەوانەیە تووشی وشکەساڵی بووبن

کاڵفامەکان بەو بچووکییەوە خەریکن لەپێناو خودایەکی گەورە دەمکوژن

نیگەران نیم

کەمێک لە عەقڵیان بێتاقەتم کە خاڵییە لە خاڵی

گەمژەییم لەو ساتەوە دەستی پێ کرد

کە سەیری فیلمی مەردم کرد و دڵخۆشی خۆمم لە دڵخۆشی مرۆڤەکاندا دەبینی

حەزەکەم بچمە باڕێکی ئەورووپی و نیشانی بدەم مرۆڤی ڕۆژهەڵاتیم

پێک دوای پێک بەخۆشی برینەکانم بخۆمەوە

حەز دەکەم لە ئاهەنگی کچەکەم هەڵپەڕم و پێ بکەنم تا نیگەرانییەکانم نەبینێت

بەڵام دڵنیام دوای گەڕانەوەم

ژوورەکەم لافاو دەیبات

حەز دەکەم ئەو شەقامانە ماچ بکەم کە بەمنداڵی پێیاندا دەچووم بۆ قوتابخانە

ئەو شەوەی نەخۆمەوە

بێتاقەتی و برین سەر دەنێنە سەر سەرینەکەم

هەژاری و بێکەسی لە شیعردا کردمیان بەشاعیرێکی یاخی

ئەم شیعرەم بە سەرخۆشی دەنووسم

بەڵام نازانم کام برین بکەم بە مەززە

دەمەوێت ئەو کچەشاعیرە لە شعرێکمدا بنەخشێنم

کاتێک بینیم

وتی هاوڕێ پێنووسەکەم مەرەکەبی تێدا نییە

خۆم کرد بەپێنووس تا بینووسمەوە لە شیعرێکدا

خۆزگە ئۆریانا ڤالانچی دایکم بوایە

ئەو کۆرپەیە بوومایە کە لە ڕۆمانەکەیدا هەرگیز لەدایک نابێت

حەزم دەکرد خاوەنی ئوتێل ئەورووپا بوومایە و فەرهاد پیرباڵ موسافیر بوایە لام

حەز دەکەم بە پۆستەچی

نامەیەکی بۆ بنێرم

بۆی بنووسم دایکم بەرەو هایدەم بۆ بگەڕێنەوە

هەزاران شاعیری ژنی گەمژەت پێ دەدەم تۆ تەنیا فرووغم بۆ بگەڕێنەوە

لەشکرێک گۆڕانیبێژی زمانشکاوت دەدەمێ و

تۆ حەسەن زیرەکم بەرەوە

نایشارمەوە دەترسم خوێنەواری نەبێت و شیعرەکەم لێم نیگەران ببێت

کاتژمێر چواری شەوە

هەر دەخۆمەوە و سەرخۆش نابم

منداڵی قلیانەکەم خەوی لێ کەوت

گڵۆپەکەم کوژاندەوە

کاتێک دەبینم چاوەکانم کز بوون

نیگەران نابم لە پەنجەرەی دڵمەوە سەیری کچەکانم دەکەم

دەمەوێت پێکێکی خەست بخۆمەوە تا ژەنەڕاڵی پایز بخەمەوە نێو یادەوەرییەکانم

بیری ئەو پێکانە دەکەم کە پێکەوە نۆشمان دەکرد

بیری ئەو ژوورە شپرزەی دەکەم کە پێکەوە سیگارمان دەکێشا و خەممان دەکرد بە تەم و یاریمان لەگەڵ دەکرد

ئەو تاکە شاعیر بوو کە برینی لەمن زیاتر بوو

خۆشی دەویستم

دەیگوت بەرزان ئەم هەموو نیگەرانی و یادەوەرییانە چۆن موتوربە بکەم لە دڵی گەڵایەکدا

چەند نیگەران بووم کاتێک بیستم شەوێک دوایەمین سیگاری لەگەڵ خۆیدا لەسێدارە داوە!

بوو بە شەهیدی شیعر

هەر شیعریش ماتەمینی گێڕا بۆی

نەیهێشت تەنها بێت

هەر خۆیشم خۆکوژییەکەیم کرد بە ڕاپۆرت و چرکەکانی بەر لە مردنیم تێکەڵی پیاسەکانی کرد و سوتووی جگەرەکەیم کۆکردەوە لەنێو تورەکەیەکدا ناشتم و خستمە نێو دڵی دەریا

حەز دەکەم هەر خۆیشم ڕاپۆرتی مردنی خۆم بۆ ڕۆژنامەکان بنووسمەوە

چونکە کەس هێندەی خۆم ژیانم ناناسێت

ژەنەڕاڵی پاییز..!


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا