بەهرە هەولێری
خێزانێکی بەختەوەر بووین
باوەشمان
بۆنی گوڵی لێ دەپرژا
شیلەی میهرەبانی لێ دەتکا
هەیوانی ماڵەکەمان
مەنزڵگەی بولبول و
هێلانەی پاساری بوو
دیواری ژوورەکانمان
پڕ لە تابلۆی سەمای پەپوولە و
دەستلەملانێی
گوڵ و هەنگ بوو
لە ماڵی ئێمەوە
ئاوازی جوانی و
سەمفۆنیای ئەوین
بۆ هەموو شار پەخش دەبوو
هەر بۆیە
لەو ماڵەدا
مەحاڵ منی هێنایە بوون
دەستی گرتم و
ڕێگەی ژینی پێ ناساندم
لە ئامێزی مەحاڵدا
هەست و سۆزی ئەوین فێربووم و
یەکەم ماچی گەورەبوونم چەشت
کەچی
سێبەری ئێوارەیەکی هاوین
لێم بوو بە تەمتومانی دابڕان و
بۆ بەیانی
ماڵ و
خێزان و
هەموو کەسیان
لێ کردم بە سەراب
دەستی ڕەشی تاڵان
لەگەڵ
کورسی و مێز و
هەر شتێکدا
پارچەیەکی دڵی بچکۆلەمیان
دەبرد
ئیدی لەوکاتەوە
وەک گەڕیدەیەک
بست بە بست و
کۆڵان بە کۆڵان و
شارە و شار
بۆ پارچە تاڵانکراوەکانم دەگەڕێم
بەڵکو
لە ماڵی ئەویندا
بولبول و پەپوولە
ئاشت بکەینەوە و
لە هێلانەی خۆشەویستیدا
دیسانەوە
جوانی و ئومێد
کۆ بکەینەوە و
گۆرانییەکەی جاری جاران
پەخش بکەینەوە
30/8/2025