بەرزان عەلی

کۆڵە پشت ۱۷
گەروم چەشنی بیابان قڵیشاوە 
دەمی دەمژم تافێنک ببمەوە 
حەزەکەم خۆم بکێشم بەشتێکدا تا بشڵەقێم لەم ماتبوونە ڕزگارم بێت 
تۆزێک سوتووی دەخەمە سەر تا سارێژ بێت و دایپۆشم 
چەمەکە بێدەنگە پێدەچێت خومار بێت
سوار پاسکیلێ دەبم تا ماندوویەتیم بژمێرم لەنێو خۆمدا 
سەرۆکی باندی موعتادەکان ڕێم لێ دەگرێت چەشنی شەقاوەیەک
ساتوورەکەی دەردێنێ تا بمترسێنێ
بێئاگایە لەوەی بەرزان ترسناکترە
ئەو کرێکارەی کە خەونی تۆپاندنی دووشەش بوو ڕووخساری شێوا 
لە نهۆمی حەوتەمی باڵەخانەکەوە سەیرم دەکات هیچ ناڵێت 
لەچاوتروکانێکدا دەگاتە لام 
وەکوو ئەوەی جەنگێک بەڕێوە بێت
سەرۆک شتێک بووە؟
هەمووان لە کەمیندان تاهێرش بکەن 
هێشتا لەسەر پاسکیلکە دانەبەزیوم
ساتورەکەی بەشەرمەوە دەشارێتەوە 
سیگارێکی حەشیشم بۆ دەپێچێتەوە 
هاوڕێکەم حەز دەکات بێتە مەراسیمەکەوە تا مەستیمان ببینێ 
لەگۆشەیەکی ژوورەکەدا نیگای دەسوڕێنێ چەشنی ڕادار 
دەست دەکەینەوە بە پێکهەڵدان 
قاچخچییە زۆڵەکان دەیانەوێت بە پۆزەوە بخۆنەوە لمۆزیان دەشکێنم
سەرۆکی باندەکە سیگار دەپێچێتەوە 
پێکەنین لەژوورەکەدا پیاسە دەکات 
یەکەم پێک سەرۆک نۆشی دەکات
ڕێوییەک لەم ژورەدا خۆی حەشارداوە 
کۆڵەپشتەکەم زمانی کەتەرەکە دەردێنێت، پێدەچێت مەست بێت 
هێشتا هەموو شتێک باشە 
هەموو کەرەستەیەکی جەنگ هەیە 
ئەوەی گوندەیی بنوێنێ گونی دەتەقێنم
ئەو کرێکارەی لە نهۆمی حەوتەمی باڵەخانەکە بوو باشترە بڵێم ئەو مرۆڤەی خەونی تۆپاندنی دوشەش بوو 
هاوڕێکەم ماچ دەکات 
بێدەنگی ژورەکە دەکات بەگۆڕ 
لەدەممەوە گڕ دەبارێت 
زللەیەکی میهرەبانیم لێدا 
سەرۆک ببورە لەخۆشەویستی تۆوە ماچم کرد لێم خۆشبە 
بۆ ئەوەی مەستیم مەست تر بکەم 
گوێ لە گۆڕانییەکی داریوش دەگرم 
نائومێدی لەنێو ئەم گۆرانیانەدا دەقیژێنێ چەشنی هاواری کچێکی منداڵ لەنێو حەزەکانی داعشێکدا 
بیری باوکم دەکەم حەزەکەم بگریم 
کۆڵەپشتەکەم چەقۆ و کەتەرەکان دەشارێتەوە تا زمانیان نەبینم 
حەزەکەم هەندێک پرسیاری چڵکن لە خودا بکەم مەستیم بشوێنم 
لەنێو ئەم هەموو ژاوە ژاوەدا تەنها تۆ بێدەنگی 
دەکرێت حیکمەتی بێدەنگبوونت دوای هەزار و ئەوەندە ساڵ بە هەژارەکان بڵێیت؟
 بێدەنگی ئیشی خۆتە لە زەمەنی وێرانبووندا 
مافیاکە سیگار دەپێچێتەوە 
ناهێڵم قاچاخچییەکان هەستی بڕووشێنن لە شەوێکی مەستیدا 
ئەوەی لە گوندەییدا بەخشندەبوو مرۆڤە
شەڕی لاوازەکان بە بەرزان ناکرێت 
لاوێکی ناسکی کەرەجی میوانی قاچاخچییە ڕێویەکە بوو 
ناهێڵم بخواتەوە تا لەخۆدانمان نەشێوێنێ
ژووری ئیماندارە تووندڕەوەکان چەند هەنگاوێک لێم دوورە بەڵام بێدەنگن 
کارم پێدان تا زۆر لە خودا نەپاڕێنەوە 
ڕەنگە ئەم داعشانە لەسەر شیعرەکانم ڕۆژێک بمکوژن 
لە شونێکدا 
تۆسەیری بێوەفاییان بکە چەند نەزۆکن لە ڕۆژگاری ئێستاماندا 
دڵم لای خانمی شیرینپوورە 
باشترە ڕاستگۆبم دڵم لای ئەو ڕووناکییەیە کە خۆی دەکێشێ بە نهۆمی دووەمی باڵەخانەکەدا 
پێکێ بە خەستی هەڵدەدەم 
دڵنیام نەمەستیم بەسەر دەچێت نەئازار 
مەستیم خەریکە شەوەکەمان تاریکتر دەکات لەنێو ئەم ڕووناکییەدا 
کاتێک مەست دەبیت کەرت لێ دەبێتە شاجوان حەزەکەیت ماچی بکەیت
نامەی خۆشەویستی بۆ نەنکت دەنێرێت
جڕت بۆ ژیان لێ بدەیت 
ئیدی لەوێدا 
ڕەنگە شیعرێکی موعتاد لەدایک ببێت.

powered by social2s


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا