
فەرهاد قادر ئۆمەر
من سێبەری خواری تۆ نیم
بەژن وباڵا وکاڵای تۆ نیم
من کۆیلە نیم
من تاژیەکەی بەر دەرگا نیم
گاوانی گاڕانی تۆ نیم
من کۆیلە نیم
من قایش وقوڕشی تەنگەی تۆ نیم
زنادە سواوەکەی تفەنگی دەستی تۆ نیم
من کۆیلە نیم
من هەڵگری جانتای تۆ نیم
گۆچانە شڕەکەی دەستی تۆ نیم
من کۆیلە نیم
دەی کەواتە بۆ ناپرسی
کە من چیم..؟!
دە گوێ بگرە
با پێت بڵێم ئەمن چیم..؟!
من زریانم ڕادەماڵم ڕەشەبای تۆ
من بەردێکم بەهێزتر لەدیواری تۆ
من دەریام قووڵتر لە تاوانی تۆ
من ئینسانم، نەك کۆیلەی تۆ