محمدی مام ڕەسووڵ 
                  2026 / 1 / 6     
                     

    قەڵادزێ

 
ئاومان نەکردە گۆرانی 
ماڵێکمان دروستکرد لە ئاگر !
 لەهەر شوێنێک هەور سووتا 
 پشکۆکانی دەخەمە دڵتەنگیمەوە 
لەو کیشووەرە بێدەنگە
دەمەوێ بەرلەوەی دەستت بگاتە دووریم ،
 لەسەر تەڕایی دڵم
پەڵە گەنمێکــی شیعرت بۆ ڕاخەم !
لەو شاری ووشەیە ڕۆژێک دێ ،
 لە غوربەتا ماڵێک چۆڵ بێ لە قەسیدەو
 ئاگردان لەسەر پایزی من نەوەستێت !
لێرە جارێک بەرلەوەی مانگ تێپەڕێ پرچیان ڕنی 
بەرلەوەی دەستم بگاتە یەقین
نەیانهێشت لەسەر کورسی قەسیدەیەکم دانیشی و ،
بەتامی هەنار بانگت کەم  !
کام خەتایە خوێنی فانۆسێک دەشواتەوە ؟!
کام خەتایە سێبەرەکانی ئەو دەداتەبەر بەردەکانی خۆی ؟!
لێرە گەڕەکێک هەیە پڕ پڕە لە جێهێشتن 
ماڵێک هەیە نزیک دڵم 
کووڕبۆتەوەو دەرگاکانی بەپێوە مردوون !
شەقامێک هەیە،
وەک تۆ نەبوو دڵسافی منی بیر چێتەوە !
دەبوایە تۆ نەتهێشتبا ئێوارەکانی من تاریک بن 
ئێستا باران کەلەدەرگام دەدات 
شەونیە ،مەولانا پیاڵەکەی خۆییم بۆ پڕنەکا لە لیقا
پێش خۆم خەیاڵ لەو گەڕەکەتان هەڵنەکێشم 
خۆشم نازانم بۆ ئەوەندە،
 بەکۆلارەی شەوەکانی ئەوێوەوە گیردەبم 
دەبوایە بەرلەوەی نەسیم لەو کۆڵانە دەرکەی ،
 دەستەکانی منت بیرنەچووبان
ئەودەستانەی کە دڵیان فێرکرد چۆن بەچلی گریانەوە
چرا داگیرسێنن ؟!
ئەو دەستانەی هەموو بەیانیەکی خوا 
بەجەستەی ڕوخاوەوە پەنجەرەکانی سەردڵیان دەکردەوە 
تا باخچەی دیدەنیم میوەکانی بهۆنێتەوەو
هەنارەکانیشی بکاتە قافیە !
دەستەکانی من بوون ،
بەرلەوەی ژیان پەتابگرێ ،
قەفەزی چپەیان پڕدەکرد لەمەرجانی شینی ماچ و
لە دیواری ژیانیان نووسی :
دەمەوێ ، لەمەرەکەبی ئیحساسەوە تا ئەوسەری گریان پێکەوەبین !!
ئەی من بۆ دەستی چەپی تۆم بیرناچێ 
کەلەنامەیەکدا گرافیکی کۆمەڵێک ئەستێرەی ون و تەزووەکانی دڵنیایی و ڕێگاکانی سەردڵتی نیشان دەدام !
 دەبوایە لەچەقی ئەو کەونە ،
 جگەلەتۆ کەس شەرحی ئازاری من نەکات ،
ئێستا کام ئازارەم دەبیستیت ؟!dc
گەر فەسڵی ئاودانی سەرابت بیرماوە 
 سێبەری ئەو تۆفانە مەکە بەکەپری بێدەنگیت 
جانتاکەی خۆتم لێ پڕکە لە شەونمی قسەی کۆن 
منیش بۆ ئەوەی لەقیامەتی هێمایەک نەکەومەخوار 
دەچمە شەوارەی پرچتەوە ! 
 بۆئەوەی گڤەی تۆم لێوە بێ 
بۆ ئەوەی پارچەیەک لە درەختی من ببەی 
سەیری دواسەفەری گریانم کە 
هەر ڕۆژەی دەستێکم دادەگیرسێنم 
هەر ڕۆژەی تۆزێک شیعر 
دەکەمە ئاوی ژیانەوە !! 

لێرە کەبەفر پەنجەکانی دەخاتە ناو جانتای وجودەوە
لەپی دەستێکمان بەس بوو ،
تاکو خانی لەڕەزی شیعرێک ،
داوەتـی مەم و زینێکی ترمان کا !
ئەوە ساردی بای سەرنجتە،
بەڕۆخی باخچەکانی تەماشاتەوە 
ئەوەی کلو کلو بەسارای ئەو جەفایەدا دەبارێ 
ووردکردنی شووشەکانی یادو 
ڕنینەوەی کۆترەکانی ئیشتیاقە 
کە تەنیایی من سپی دەکات !
لێت نابوورم ! 
هەرخۆم دەزانم چۆن لە ڕۆخی ئاوێکی کۆچدا کوژرام 
هەرخۆم دەزانم چۆن ، 
دڵی مۆسیقا بەبیانووی ئیمانەوە شکا 
ناهەقم نیە دەست بۆ شپرزەیی خۆم دەبەم !
هەموو دەڵێن : 
مادام نەهاوەندێک نیە تامی چنینەوەی مەقامێکی لێوەبێ 
دڵی خۆت پڕمەکە لەو گۆرانیانەی ،
کەباوەڕیان بەخەون و ڕاستی نەماوە ! 
مادام شەوی باخچە گوڵەکانی سینەیان ماچ ناکەن 
هەموو دەڵێن : لێرە بڕۆ تا دەگەیتەوە بەخۆت 
ئاخر باسەحەری ئەو کوشتنە پێم بڵێ :
چۆن خەیاڵەکانی خۆم کرمێ کەم ؟!
چۆن خوێنی قەسیدە ،
لەشووشەی ماڵی شیعرو لە هەورەکانی سپی ئیمان دەم ؟
بەرلەوەی شیعرێک دڵم بسووێ
چۆن ڕووبارەکانی ناوی دڵی خۆم شلوێ کەم ؟!! 
  
        ×××××××         ××××××         ××××××


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا