نووسینی هەژار هەورامی

 

ڕۆلێ مووسیقا وسروود لە بەرنگاربوونەوەمدا دژ بە  شێرپەنجە

شۆستاوكۆڤیچ دەڵێت: "بەهۆی مۆسیقاوە مرۆڤ هێزێک لە خۆیدا دەدۆزێتەوە کە پێشتر ئاگای لێی نەبووە و باوەڕی پێی نەبووە"

بە هۆی تایبەتمەندی ژیانمەوە  ،لە گەڵ گەلێك ڕۆمان ،فیلم ،سروود ،شێعر و مووسیقاوە  كە لە سەردەمی شەڕی دوویەمی جیهانیدا بەرهەم هێنرابوون ،ئاشنا بووم. یەكێك لەو بەرهەمانە سەمفۆنیای ژمارە حەوتی دیمیتری شۆستاکۆڤیچ، ئاوازدانەری گەورەی ڕووسیا بوو کە بە ناوی "لینینگراد"  ناوبانگی دەركردووە  ئەو سەمفۆنیایە بووبە یەکێک لە هێما سەرەکییەکانی تێكشكانی ئەڵمانیا . شۆستاوكۆڤیچ دەڵێت: "بەهۆی مۆسیقاوە مرۆڤ هێزێک لە خۆیدا دەدۆزێتەوە کە پێشتر ئاگای لێی نەبووە و باوەڕی پێی نەبووە".

دیمیتری شۆستاکۆڤیچ لە كاتی گەمارۆی لنینگراد لە لایەن هێزەكانی ئەلمانی نازیەوە لەو شارە مایەوە وبرسیەتی ومەرگ وخۆڕاگری وئاگر ولەخۆێندا گەوزانی بەچاوی خۆی دەدیت ،هەستی بەوە كردبوو كە ئاخرین كاتژمێرەكانی خۆڕاگرییەوە وتێكشكانی لنینگراد و داگیركرانی لە لایەن هێز پڕ وپۆشتەكانی هیتلرەوە  نزیكدەبێتەوە ، ئەو خۆی بەدەستەوەنەدا وسەمفۆنیای لنینگرادی لە ناوچەی وڵگا، ساز دا و   بەو هیوایەی کە مۆسیقاکەی  ورەی لاواز وڕۆحی ونبووی هاووڵاتیانی لە ناوەڕاستی برسێتی و نائومێدیدا بەرز بکاتەوە. ئاخر ئەو باوەڕی بە هێزی خۆلقێنەری ورە ووزەی مووسیقا هەبوو.

سەبارەت بە گەمارۆی لنینگراد ،مێژوونووسی بەریتانی ئانا ڕاید نووسیویەتی: "ئەم گەمارۆە کوشندەیە کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا وێنەی نەبووە، نزیکەی ٩٠٠ ڕۆژی خایاندووە". وە بە گوێرەی نووسینی زۆرێک لە مێژوونووسان لە کۆتایی ئەم گەمارۆدا نزیکەی نیو ملیۆن کەس بوونە قوربانی. بەڵام هێزەكانی هیتلر نەیانتوانی لە شەقامەكانی ئەو شارەدا سەمای سەركەوتن بكەن. دەزانن بۆ؟؟ سەمفۆنیای لنینگراد نەیهێشت ! ئەو سەمفۆنیایە ورە زامدارو داتەپیوەكانی ساڕێژو بەرزكردەوە ،برسییەكان هەستیان بەتێری دەكرد ،تینووەكان ئاوی زولالیان دەنوشی،سەربازە بریندار ولەبرسیا ڕەق وتەقەكان هەستیان بە ئازایەتی دەكرد.لە دەرەوەی شاریش گمە گم كەوتە ناو خێڵی دوژمن.ئەلمانەكان بە بیستنی ئەو مووسیقایە كە نەتەنیا لە ڕادیۆەكانەوە بەڵكۆ لە هەموو بڵیندگۆەكانیشەوە پەخش دەكرایەوە ،هاوكات لە گەڵ چێژ وەرگرتن لە مووسیقاكە ،هاتنە سەر ئەو قەناعەتە كە لنینگراد زیندوو بووەتەوە رووخانی مەحاڵە . مێژوونووسی سەربازی بەریتانی میشێل جۆنز لە زاری سەربازە دێرینەکانی ئەڵمانییەوە دەنووسێت کە چۆن سەمفۆنیای حەوتەمی شۆستاکۆڤیچ بزواندوونی وباوەڕی پێی هێناون كە ناتوانن ئیتر لنینگراد داگیر بكەن وخەونی هیتلر بۆ داگیركردنی ئەو شارە بوو بە هیچ، ئەو دەڵێت: "ئێمە دەستبەرداری هەموو هیوایەک بووین بۆ گرتنی لینینگراد (...) تێگەیشتین کە شتێکی گرنگتر و بەهێزتر لە برسێتی و ترسی مردن هەیە". ، کە ئیرادەی مانەوەی مرۆڤە. كە ئیرادەی ژیانە.

بەڵێ منیش كاتێك سووپای شەڕئەنگێز ومەرگ هێنەری شێرپەنجە هەموو لەشی داتەنیبووم وئاسەواری دەرمانی كیمیاوی هەناومی داڕزاندبوو وگورچیلەكانم لە ئان وساتی وستان ومردندا بوون .ئەو كاتەی هەموو كەس وكار ودۆست وهاوڕێانم بۆ ماڵئاوایی ودیدار بە قیامەت دوواین فرمێسكەكانیان بۆ هەڵدەوراندم ، پەنام بردە بەر موعجزەی مووسیقا وسروود وگورانی .سروودەكانی من پێشمەرگەی كوردستانم ، دایەماڵ ئاوا بەرەو تێكۆشان ،ئەی ڕەقیب هەر ماوە قەومی كورد زمان ،ڕێ خەباتمان چەندە سەخت ودوور بیت ،ئەنترناسیوناڵ ،هلەچاو هلەچاو،سەمفۆنیای لنینگراد....لەژێر ئاسمانی شینەدا، گەردەگەردە، باران بارانە و ئەمشەو سەرتاپا وزە وشادیم . میهن ئەی میهن ، مەلی بەیانی ....فەدایی فەدایی ، ئەی ڕەفیقان ، ئازادی و... كاتێك لە بێهۆشی و بێ هێزیدابوومە وگوێم لەو سروودانە دەگرت . هەستم دەكرد خانەنەخۆشەكان دەمرێنم ولە جێگایان خانێكی نوێ دەچێنم . بەخەیال دەكەوتمە شەڕ لە گەڵ خرۆكە سپییە نەخۆشەكان وخڕۆكە سپییە مردووەكانم ڕادەماڵی .بەڵێ مووسیقا بۆ منیش ڕۆڵی یارمەتی دەری نواند ومنی لەو هەل ومەرجە سەخت وسامناكە ڕزگار كرد. چەند هاوڕێیەكم ئەو ساتە بەنرخانەیان بە موبایلی خۆیان تۆمار كردووە ،هیوادارم ئەگەر لە لایان ماوە بۆمی بنێرنەوە .

جگە لەوانە جاروبار گوێم لە  دەفی تەكیە وخانقاش دەگرت ئاخر باوەڕم بە موعجزەی ئەو دەف وسەماعەش هەیە وا دەروێش بە هەموو جۆرێك خۆی برینداردەكات كە چی ئازاری پێ ناگات . بەڵێ مووسیقا موعجزە دەخوڵقێنێت .


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە