مودریک ژاڵی
1
مردن :
ده‌بێ رۆحی هه‌بێ
ئه‌گینا بۆجارێك
له‌گۆڕستان
ئه‌وم نه‌دی ؟!

2
مردن:
هه‌میشه‌ به‌ده‌وڵه‌مه‌ندی
پۆز لێده‌دا
سه‌یاره‌ی جام تاریك و
فه‌لسه‌فه‌ی چه‌واشه‌كاری
لێده‌خوڕێ !

3
مردن :
دۆنادۆنی
به‌گه‌مه‌یه‌كی شێتانه‌ ده‌زانێ
بۆمن له‌دوێنێ ده‌چم؟

4
مردن :
نه‌له‌عه‌شق ده‌زانێ
نه‌له‌ شیعریش ده‌گا
سیاسه‌تمه‌دارێكی رۆژهه‌ڵاتییه‌ !

5
مردن :
بێڕه‌نگه‌
كه‌چی هارمۆنیای ره‌نگه‌كان
نه‌خش ده‌كا !

6
مردن :
گۆرانییه‌كی
هه‌میشه‌ له‌سه‌رلێوه‌
به‌ڵام كه‌س نازانێ ده‌ڵێ چی !

7
مردن :
بێكات و شوێنه‌
ته‌نیا له‌م رۆژهه‌ڵاته‌
ئاڵای نه‌مری هه‌ڵكردووه‌ !

8
مردن :
بۆهه‌میشه‌ ده‌نگ ده‌هێنێ
ئیدی هه‌ر له‌ده‌سه‌ڵاته‌ !

9
مردن :
سیگار ناكێشێ
تلیاك و حه‌شیش و كحولیش
كه‌چی ئێمه‌ی
ته‌واو به‌نج كردووه‌ !

10
مردن :
ناچێته‌ گۆڕه‌وه‌
هه‌ر به‌پێوه‌ش
جاڕی مافی مرۆڤ لێده‌دا !

11
مردن :
رۆحی تێدا نییه‌
كه‌چی ته‌نیائیش
له‌جیهانی رۆحدا ده‌كا !

12
مردن :
نه‌خودای هه‌یه‌و نه‌دین
نه‌ده‌شمرێ
له‌ئێمه‌دا !

13
مردن :
هه‌مورۆژێ
خۆی ده‌ته‌قێنێته‌وه‌
كه‌چی هه‌ر قه‌ڵه‌و تر ده‌بێ !

14
مردن :
خوێنده‌واری نییه‌
جه‌هلی موڕه‌كه‌ب ده‌نۆشێ
كه‌چی هه‌ر خۆی
براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی رۆژهه‌ڵاته‌ !
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا