
ئارارات ئەحمەد
برینێک، وەک ئەژدیها زاری داپچڕیووە
برینێک، هێندەی هاواری نووساوی برسییەک
برینێکی نادیار و بێسەروشوێن
بێ لە خودا و لە خەنجەر و سواری ئەنگواو
چاوێک هەتەری لێ ناکا، لە گوێچکەیەکدا نازرینگێتەوە!
ئای لەو قاتی و قڕییە،
دڵێک نییە جڵەوی ئەو برینە شەکەتە وەرگرێ
ڕستەیەکی شێواوە کەس نازانێ دەڵێ چی!
کتێبێک لە خۆیدا جێی ناکاتەوە
دکتۆر و ئەتار دەستیان لێ شل بوون
بە عومرم ڕۆژگاری وا پیس و قات و قڕم نەدیووە!
برینێکی بێدەرمان و بێئامان!
بەسەر دیواری ڕزیووی ئومێدەوە تیراوەی کردووە
دیوارێک کە شەست و پێنج تەبەق بە زەمیندا ڕۆچۆتە خوار
لە حەولدایە تێبگا چۆن بێتەوە سەر دونیای ڕۆشن؟:
خوی باوێتە سەر پشتی بەرانی ڕەش یان سپی؟! وەلێ تازە چی!؟
دیوارێکی کرمەڕێژ
قین و پیش لەو وەستا دەستگۆجە دەخواتەوە کە هەڵیچنیووە!
برینێک، هێندەی کونی مەتەرێزێک، شەڕەتفەنگی تێدا بکە!
برینێک،
بە لاقەپرغەی ئەسپی ئومێدەوە
بە بزنەڕێی ئومێدەوە
تڵخ و سەر بەتەم، بە خۆری ژیانەوە
بێ لە خودا و لە خەنجەر و سواری ئەنگواو
کەس نایبینێ، کەس نایبیستێ، خەریکە دەبێتە ئەفسانە!
......،
..........،
مسووەدەی ئەم سەربردە هەتیوو و غەمگینە،
لە ئاویلکەدایە، جواناوی لێ دەتکێ
لەوەیە بەو زوانە بگاتە دوادێڕ و دوامەنزڵ و،
مشتێک خاڵی تۆخ و نیشانەی پرسیار و سەرسوڕمان
لە کۆتاییدا دابنێ و، بۆ یەکجاری قوفڵی بکات
ئەو برینەی زۆر بەخۆشی،
کۆترەباریکەی پێدا دێت و دەچێ!
......!
ئارارات ئەحمەد
٢٩ ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
