
١ ناڵە حەسەن
دەزانم ژنەکان
چیتر بە قاقا و پێکەنینەکانی من
خەندە نایەتە سەر ڕوخساریان و
بە میلۆدییە نائومێدییە ئیرۆسییەکانیشم
سەما ناکەن
چونکە دەزانن ئاگری چ دۆزەخێک
لە ناخمدا کڵپە دەکا
قەڵەمەکەشم چ پارچە خەڵووزێکە
لە نووسینەوەی
لاوژە وەهمییەکانی هەورە ڕەشەکان و
لە خاچدانی خوداکانی عەشق و
ئەفسانە تراژیدییەکەی گۆڕستانەکان و
وڕێنەی نیگارکێش و نووسەرە بەردینەکان و
ناڵە ناڵی سنەوبەرە تەنیاکانی دۆزەخ ...!
٢
گوڵە سپییەکەی
نێو باخچە ڕەشەکانی شیعر
من چیتر
نە یادت دەکەم و نەبیرت لێدەکەمەوە
چونکە بۆ چرکەیەکیش لەبیرم نەکردووی
تەنها لەباوەشما و لەگەڵ منا نێژراوی ...!
٣
نەک خۆت سێبەرەکەشت
بەدوامەیە و لێم جیانابێتەوە
تێکەڵ بە ڕۆح و ناخم بووە
ناولەپی خەونەکانمی ڕەش هەڵگەڕاندووە
ئێستا بە ڕێگایەکدا دەڕۆم
بە وردە شووشەی ڕەش داپۆشراوە
خوێنێکی ڕەش لە جەستەم دەڕوا و
شوێنپێکانیشم ڕەش دەچنەوە
ئەوە چ تابلۆیەکی پووچە ئەو قەدەرەی من و
چ بارانێکی ڕەش بەسەر مندا دەبارێ .. ئەی خودا ..!!!
ئەیلوولی ٢٠٢٦
