
ڕۆژ هەڵەبجەیی
(11)
عیشق کەی شایەنی وتنە؟
خۆر له ده‌نووكی باڵنده‌یه‌ك مه‌كه‌ره‌وه
كه دواجار فڕینی پێ نامێنێ..
چاو له‌گوڵێك دامه‌گره،
كه دواجار وه‌رین هێمایه‌تی !
هه‌موو شتێك چیرۆكی خۆی هه‌یه..تۆ پێت وتم: چیرۆكم له‌گه‌ڵ تۆدا ده‌بێته مێژوو..من وتم: تا چه‌ند ئه‌م وته‌یه باڵی ده‌وێ بۆ فڕین ..تا چه‌ند ئه‌م قسه‌یه له‌سه‌رده‌مێكی پڕ له ئاشوبدا ته‌فسیره بۆ كچێنی گوڵ؟ تۆ چرایه‌كت هه‌ڵكرد ڕوخسه‌ت له تاریكی بخوازیت و من بدۆزیته‌وه..مه‌راقت ئه‌وه بوو من له چ ئه‌فسونێكم له‌سه‌ر ئایدیای چ چیمه‌نێكم سه‌ربه‌نه‌ته‌وه‌ی چ گوڵ و گیایه‌كم ..زۆر پرسیارت برد و هێنا تا ڕۆژێك به چراكه‌ی ده‌سته‌وه منت له تونا و توونه‌كانی ڕۆحته‌وه دۆزییه‌وه
فروغ وتی : ئیمان بهێنن به وه‌رزی سارد ..منیش ده‌ڵێم:ئیمان ده‌هێنم به قه‌ده‌ری گه‌رم كه دڵم هه‌لا هه‌لا ده‌كات شتێك له ناخما ده‌شكێت.. تۆ گه‌یشتیته ڕۆحم به شه‌ڕێكی ئه‌فسوناوی، ناوی لێبنێم چی؟ شكانێكی ئه‌به‌دیی یان خۆشنودییه‌كی مێخۆش؟ تۆ هاتی ..من هیچ ڕاسپارده‌یه‌كم نه‌دایه تۆ، تۆ هیچ مه‌ودایه‌كت پێنه‌دام بایی دوو باڵی كۆتر چه‌ترم بیت بایی دوو دلۆپه باران مه‌زرای ڕۆحم بیت ..كه‌چی له‌لای من بوویته ته‌لیسمی خۆشه‌ویستی .. زۆر له یه‌كتر دوور و جیاواز بووین كه‌چی به قوڕی عاتیفه‌وه لكاین.. ده‌زانی كه من تۆم ناسی له هه‌موو خه‌یاڵه پرته‌قاڵییه‌كانم كه تامی نووریان ئه‌دا دوای لێبوردنم كرد و تۆ بۆ من بوویته سومبولی شه‌ڕو ئاشتی له شه‌ڕه‌كاندا هه‌ستم پێده‌كردی ده‌گه‌مه دۆزینه‌وه‌ی خۆم..له ئاشتییا نیگه‌ران و ونبونی خۆم.. كه‌واته ئه‌وه بوونی تۆیه ده‌كه‌ومه به‌ر لێشاوی بوون كه منیش نوتفه‌یه‌كم له عیشق و عاتیفه.
هه‌رگیز نه‌مویستوه دنیام خۆشبوێ ئه‌وه تۆی درزێك ده‌كه‌یته ئه‌م دنیایه بۆ خۆش ویستن.. نازانم چی بڵێم تووشی چ قه‌ده‌رێكی گه‌رم هاتم له ناخما خه‌ریكه شتێك ده‌شكێت.. ساده ساده خه‌ریكه ده‌بمه منداڵێكی ئاویی ..كه‌م كه‌م خه‌ریكه ده‌بمه هه‌یه‌جانی خه‌یاڵێك شه‌ونخونی، ئاخر ڕۆحی ڕۆحم
عیشق كه‌ی شایه‌نی وتنه؟ پرسیار ده‌ست هه‌ڵبڕێ، وه‌ڵام داره داره بكات؟ به تۆخی هه‌نگاوه‌كانت تۆخ تۆخ كرد به‌ڵام ئه‌مێستا خه‌ریكه كاڵ ده‌بیته‌وه كاڵ...كاڵبوونه‌وه‌یه‌ك وه‌ك سه‌ره‌تا وه‌ك وتراوه هه‌موو سه‌ره‌تایه‌ك كۆتایی هه‌یه له‌كۆتایییه‌كانیشه‌وه سه‌ره‌تا .. بمبوره نازانم بۆ كاڵ ده‌بیته‌وه ..نازانم بۆ حه‌ز ده‌كه‌ی ونت ده‌كه‌م بۆ؟