هاڤان محەمەد
سڵاو دڵی من
باسی شەوێکت بۆدەکەم کە جەندە نزیک بوومەوە لەچاوەکانت بۆنی هەناسەکانت خۆی لە داوی پرچم ئاڵاند بوو لەشەوێکی وادا پایزیش بێت ڕەنگی گوڵکان هەر لە لێوت دەچن و زەرد نابن، کە سەرم بەسەرینی شەو دەکەم هەمان ڕەنگ دەبینم و هەر ئەو بۆنە دەکەم. هێزێک ڕامدەکێشێ بەشەقامەکان گوزەرم پێدەکا دەلێ هەقیقەتی من تۆی، دەزانم لەسەر نەخشەی ژیانم تەنیا یەک خالی تۆ بون هەیە دەجێتە سەر هەموو پیتەکانی پەیوەست بەدڵم، ڕوو بەڕووی جەنگێک بوومەوە دروشمەکەی عەشق بوو، نەمتوانی بەرگری بکەم هەر زوو تەسلیمی خۆشەویستیت بووم ، ئێستاش تۆ لەناخی من پانتاییەکی گەورەت گرتووە . هێشتان ژیان زۆری پێماوە کە دڵ بە هیواکانت خۆشکەم، خۆم و خامەکەم ڕیازو نیازی شەومان هەر لەگەڵ تۆیە . من باسی ترسم دەکرد کە لەدڵی هەرکەسێک سیمایەکی هەیە، لەپڕ دەنگی تۆ هاتە گوێم وتت تۆ مەترسە دڵنیاتکردمەوە لەو ساتانە ژیان چەند بەنرخ دەبێت کەکەسێک هەیە وێت لێدەگرێ، لەرەی دەنگت لەسەر بەرزترین تاوەریشبێت شەپۆڵەکانی هەر دەڕژێتە گوێچکە. ئەم دێرانە بەهادارن لە لام نووسینەوەی مێژووی ڕاستیەکانە لەسیمای ژیانی ئێمە کە بۆتی باسدەکەم ئەی گیانی من .