حەمەسەعید حەسەن

 

هەڵەی گەورەی ئێمە ئەوەیە، پێمان وایە ئەوانی تریش وەک خۆمان بیر دەکەنەوە. دیکارت


کە شیعر دەخوێنیتەوە، وا بزانە خەون دەبینیت، ئاخر شاعیر خەونەکانی دەنووسێتەوە، یان چۆن خەون لێک دەدرێتەوە، شیعر وەها لێک بدەرەوە! لە ئاستی شیعردا، واقیع بە هانامانەوە نایەت، فەریادڕەس: شلکردنی داوە بۆ کۆلارەی خەیاڵ. خوێنەری ناحاڵی، لەبری ئەوەی خەیاڵی بەگەڕ بخات، دەچێت وەک (هەواڵ) مامەڵە لەگەڵ (شیعر)دا دەکات. لە شیعردا بۆ هەست و سۆز بگەڕێ، نەک بۆ عەقڵ و لۆگیک، ئەگەرنا وەک ئەوە وایە، بە هەڵە ڕێت کەوتبێتە ماڵی شیعر. ڕۆمان بە پێچەوانەی شیعرەوەیە، ئاخر بە کۆمەکی خەیاڵ دونیایەک دەخوڵقێنێت، لە دونیایەکی ڕاستەقینە بچێت، دونیایەک پێی ئاشناین، یان ئەگەری ئەوە بەهێزە، لە داهاتوودا پێی ئاشنا ببین.

 

کە چیرۆکێک دەگێڕینەوە، ئەوەی بە پلەی یەکەم گرنگە، زمانەکەیەتی، بە چ زمانێک دەیگێڕینەوە؟ زمانێکی شیعری، یان پەخشانئامێز، یان بەو زمانە وشکوبرنگەی هەواڵێک یان ڕاپۆرتێکی پێ دەنووسرێت. وەک چۆن شیعری جوان ئاسمانێکە لە خەیاڵ و زەریایەکە لە سۆز، پەخشانیش دەتوانێت وەک شیعر خۆی نمایش بکات. ئاخۆ هەموو زمانێک شیاوە بۆ گێڕانەوەی هەموو وردەکارییەکانی ژیان، بە هەموو ناکۆکییەکانییەوە؟ ئەگەر خاوەنی زمانێکی باڵا نەبین، نە دەتوانین ئەدەبێکی باڵا پێشکەش بکەین، نە پێمان دەکرێت وێنەی واقیعێکی جوانتر بکێشین.

یەکێک لە ئیشە گرنگەکانی گێڕانەوە ئەوەیە، جێ بەو تێگەیشتنانە لەق بکات کە زۆرینە بە جێگیر و نەگۆڕیان دەزانن، ئاخر گێڕانەوە بۆ ئەوە نییە داکۆکی لە دونیابینیی بەبەردبوو بکات، بۆ سەلماندنی تێزێک نییە، بۆ بایەخدانە بە فرەیی و بۆ ڕۆنانی دونیایەکی نوێیە. ڕۆمان بۆ ئەوە نییە واقیع دووبارە بکاتەوە، بۆ ئەوەیە واقیعێکی نوێ بگێڕیتەوە.

لە ڕۆمانی (دەریاس و لاشەکان)ی (بەختیار عەلی)دا، لەبری خەون، مۆتەکە هەیە، لەبری پرد، دیوار هەیە، لەبری یوتۆپیا، دیستۆپیا هەیە. ئەوە ئاسایییە، ڕۆماننووس فیکر و فەلسەفەی خۆی لەڕێی ڕۆمانەکانیەوە نمایش بکات، وەک کامۆ دەیکرد، بەختیار عەلی کە بێجگە لە ڕەشبینی و نائومێدی، هیچی دیکە پێشکەشی خوێنەر ناکات، مەبەستی ئەوە نییە ئەو واقیعە تاریکە بچەسپێنێت، بەڵکوو لەدووی واقیعێکی ڕۆشن وێڵە، هەر بەو مەبەستەیش وێنەی دونیایەک دەکێشێت لە کاکۆتۆپیا نزیک دەبێتەوە کە لە دیستۆپیایش ناخۆشتر و خراپتر و وێرانترە. دیستۆپیا بە پێچەوانەوەی یۆتۆپیاوە کە شارێکی نموونەیییە، شارێکە لە گەندەڵی و ستەم و ئاژاوە، شارێکە لە کوشتوبڕ و هەژاری و سەرکوت، شارێکە ئینسان تێیدا تووشی بەدگۆڕان هاتووە.

دیستۆپیا لەو شوێنانەیە کە جۆرج ئۆروێڵ لە ڕۆمانی (١٩٨٤)دا پێشبینیی کردووە. لە ڕۆمانی دیستۆپیاییدا خەون لە ئارادا نییە، مۆتەکە سەروەرە، دیستۆپیا هەرچەندە بەڵێنی داهاتوویەکی گەش دەدات، بەڵام کوێرەوەری بەرهەم دەهێنێت، ڕۆمانی (قەڵا)ی فرانز کافکایش، نموونەیەکە لە ئەدەبی دیستۆپیایی کە تێیدا بیرۆکراتیزم زاڵە و ژیان بە هەموو لایەنەکانیەوە، دەکەوێتە بن هەژموونی دەسەڵاتی تۆتالیتارەوە، دەسەڵاتێک دەرگای دۆزەخی بە ڕووی کۆمەڵدا کردووەتەوە. عێراق کە دیستۆپیا بوو، بە هەرەسی بەعس نەبوو بە یوتۆپیا، بوو بە کاکۆتۆپیا.


غەریبی: ساڵانێکە لە چاوەڕوانی بۆ گەڕانەوە بۆ نیشتمان، بەڵام کە دوای ساڵانێکی دوورودرێژ، لە تاراوگەوە بۆ نیشتمان دەگەڕێینەوە، هەست بە نامۆیی دەکەین و خۆمان وەک غەریب دێتە پێش چاو. قارەمانی ڕۆمانی (دەریاس و لاشەکان)ی بەختیار عەلی وای لێ قەوماوە. ڕیتمی ڕۆمانەکە لە سەرەتاوە هێندە خاوە، خوێنەر خەو دەیباتەوە. ئەگەر بە زمانێکی (کورتبڕ)ی شیعری بنووسین، خوێنەر بە پەرۆشەوە درێژە بە خوێندنەوەی تێکستەکەمان دەدات. لە چەندان خوێنەری وریا و نووسەرم ژنەفتووە، بە دەست ڕۆمانی بەختیار عەلییەوە داماون، لێی وەڕز بوون و لە خوێندنەوەی پاشگەز بوونەتەوە. ڕۆمان ئەوەیە خوێنەر خوا خوایەتی تەواو نەبێت، نەک ئەوەی بە نابەدڵی درێژە بە خوێندنەوەی بدات. ئارنست هەمەنگوای دەڵێت: ڕۆمان ئەوەیە، تەنیا شتگەلی پێویست بنووسیت، ئەگەر وام نەکردبا، ڕەنگە (پیرەمێرد و زەریا) هەزار لاپەڕە دەرچووبا.

 

دەریاس و لاشەکان ڕۆمانێکە پۆلێنکردنی ئاسان نییە، ئاخر دەتوانین ناوی بنێین سیاسی، مێژوویی، یان لەو ڕۆمانانەی تایبەتن بە تاوان و تیرۆر. دەکرێت بە ڕۆمانی (سیخوڕی)یشی لە قەڵەم بدەین کە دەیڤید کۆرنۆیل شارەزای نووسینی ئەو جۆرە ڕۆمانە بوو. دەریاس و لاشەکان هەرچەندە نزیکە لە واقیعەوە، کەچی باسێک لەو کەلێنە بەرینە نییە کە لەنێوان چینەکانی کۆمەڵدا هەیە. ڕۆمانێکە تژی لە نسکۆ و بێزاری، هیچ تروسکەیەکی ئومێدی تێدا بەدی ناکرێت، کارەکتەرەکانی دەپەیڤن، بەڵام دیالۆگ ناکەن، تەنیان، بەو مانایە نا، ناسیاوێک شک نابەن، یان وەک عەرەبانچییەکەی چیخۆڤ کەس نییە گوێیان بۆ ڕادێرێت، بەو مانەیەی لە یەکتری تێناگەن.

ڕۆمانی ڕیالیزمی ئەفسووناوی بە کۆمەکی مۆتەکە و وڕێنە دروست نابێت، زادەی خەیاڵێکی دەوڵەمەند و قووڵە، هەموو ڕستەیەکی بە هۆشیارییەکەوە دەنووسرێت، وەک ئەوەی بە لەرەی ناپێویستی باڵی پەپوولەیەک، هەموو گەڵاکانی هەڵبوەرێن و بە ڕستەیەکی زیاد هەرەس بهێنێت. پێش ئەوەی نهێنیی (تارمایی)یە ساختەکە ئاشکرا ببێت، ڕەنگە خوێنەر دەریاس و لاشەکان بە ئەدەبی فەنتاستیک پۆلێن بکات، ئەوەی عەرەب (عەجائیبی)ی پێی دەڵێن و نە واقیع ڕەچاو دەکات و نە لۆگیک.

کە ڕۆمان دەنووسین، حەوجەمان بەوەیە گەنجینەیەکی دەوڵەمەند لە زانیاریی هەمەجۆر شک ببەین، لای کەم سەبارەت بەو قۆناغەی باسی دەکەین. دەبێت هاوزەمان هەم ڕۆنان و چنینی مەحکەم و پتەوی کلاسیک ڕەچاو بکەین و هەم تەکنیکگەلی نوێ وەگەڕ بخەین، دەبێت هەم هونەرییانە نەک بە دروشمی زەق، بە گژ دەسەڵاتدا، بە هەموو جۆرەکانیەوە، بچینەوە و هەم بە هێوری قسە لەگەڵ خەیاڵ و ئاوەزی خوێنەردا بکەین. ڕۆمان بە زمانێکی دەوڵەمەند و باڵا و زیندوو، نسکۆ دەگۆڕێت بە ئومێد، مۆتەکە بە خەون. ڕۆمان بۆ ئەوەی زیندوو بنوێنێت، سوود لە تەکنیکی سینەما وەردەگرێت، ئاخر خوێنەر چێژ لە گێڕانەوەی کرۆنۆلۆجیانەی خاو و خلیچک نابینێت. وەختی ئەوە نەماوە ڕۆمان بنووسین و خۆمان لە قەرەی ململانێی نێوان چینەکان، ژن و پیاو، دەسەڵات و ڕۆشنبیر نەدەین. کە خاوەنی دونیابینییەکی ڕۆشن نەبین، نیازمان هەیە چی بگێڕینەوە؟ بە کۆمەڵێک کارەکتەری شکستخواردووەوە، مەگەر تەنیا ڕابردوو دووبارە بکەینەوە.

ئەوە باشە چەند چیرۆکبێژێک ڕووداوەکان بگێڕنەوە، بەڵام بە مەرجێک تەنیا هەر یەکێکیان خودی چیرۆکنووس بێت، نەک ئەوانی تریش، لە گۆشەنیگای چیرۆکنووسەوە، چیرۆکبێژ بن، چونکە ئەوە، یان زادەی فەقیرخەیاڵییە، یان فێڵە و خوێنەری وریای پێ فریو نادرێت. یەکێک کە خەوشەکانی ڕۆمانی تاکدەنگی ئەوەیە، خوێنەر پێشبینیی ڕووداوەکان دەکات، ئەوەیش چرای تامەزرۆیی بۆ درێژەدان بە خوێندنەوەی ڕۆمانەکە بەرەو خامۆشی دەبات. ڕۆمان ئەگەر زیاد لە خوێندنەوەیەکی هەڵنەگرت، بەرانبەر دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی و دینی و سیاسی، بەرانبەر ستەم و دادپەروەری، قسەی پێ نەبوو، خۆی لەبەردەم تێپەڕینی زەمەندا بەپێوە ڕاناگرێت. نەجیب مەحفووز بۆچی نۆبڵی وەرگرت؟ چونکە بەدەم ناساندنی گەڕەکێکی میللییەوە، باسی بوون و عەدەمی دەکرد، چونکە فەیلەسووفێک بوو، لە بەرگی ڕۆماننووسدا.

بەختیار عەلی بەر لە (لەبری بیروەری)ی مەلا بەختیار، لای کەم بە ساڵێک، نەوشیروان موستەفای لەڕێی ڕۆمانی (دەریاس و لاشەکان)ەوە بە خوێنەر ناساندووە. هەردوو بەختیار هەمان وێنەیان بۆ نەوشیروان موستەفا کێشاوە، وێنەی فەریادڕەسێکی وەهمی و ستەمکارێکی فریودەر. لە ڕۆمانی دەریاس و لاشەکاندا، نەوشیروان موستەفا ئومێدێکی ساختەیە، بۆ گەیشتن بە ئامانج، سڵ لە بەکارهێنانی هیچ ئامرازێک ناکاتەوە. وەهم لە ڕوانگەی نیتشەوە، ئەو (زانیاری)یانەیە کە زادەی نەستن، فەریادڕەسی فریودەر، بە کۆمەکی فێڵ و درۆ، وەهم وەک واقیع و وەک حەقیقەت بە شوێنکەوتووانی دەناسێنێت. ڕەخنە کە بریتییە لە هەڵسەنگاندن، کارێکی ئاسایی و دروستە، بە چاوپۆشین لەوەی ڕەخنەلێگیراو زیندووە، یان کۆچی دوایی کردووە، ئەوە نائاسایی و نادروستە، بە ناوی هەڵسەنگاندنەوە، سووکایەتی بە کەسێک بکرێت و تۆمەتی بۆ بهۆنرێتەوە.

*

بە وەهم ئەفسانەیەکە بە (ڕاست)ی تێدەگەین، بەبێ ئەوەی هیچ بناغەیەکی واقیعیی هەبێت. وەهم بەبێ هیچ پشتگیرییەکی لۆگیک و بەبێ هیچ لێکدانەوەیەکی زانستی، خۆی وەک حەقیقەت نمایش دەکات. وەهم ئەوەیە نە لە ڕابردوودا ڕووی داوە، نە لە داهاتوودا ڕوو دەدات. خەیاڵ جودایە، ئاخر هێزێکی ڕاستەقینەی داهێنەرە، بە کۆمەکی زانیاری و ڕۆشنبیری لە ئێستای تێدەپەڕێنێت و وێنەیەکی جوانی داهاتوو دەکێشێت. خەیاڵی دەوڵەمەند کۆمەکی ئینسان دەکات، وێرانەی ئەم واقیعە بەجێ بهێڵێت، تەلاری واقیعیکی ئاوەدان ڕۆ بنێت. خەیاڵ هەر لە ئەدەبدا نا، لە فیکر و فەلسەفە و زانستیشدا ئامادەیە.

وەهم ئیدی دینی بێت یان سیاسی، ئەوەندەی کۆکوژی و زیاتریش مەترسیدارە. وەهم خەیاڵێکی نەخۆشە، وەهمی سیاسی لێ ناگەڕێت، مەلی خەیاڵمان لە دونیای واقیعدا بفڕێت، بۆیە دەگوترێت: وەهمی سیاسییش وەک وەهمی دینی، کوشندەیە. وەهم بە پێچەوانەی خەیاڵی دەوڵەمەندەوە، زادەی گەوجایەتییە، نەک هۆشیاری. وەهمی کوشندەی سیاسی ئەوەیە، لایەنێک وا بیر بکەنەوە، دەتوانن دەسەڵات بگرنە دەست و بە زەبری هێز، درێژە بە تەمەنی دەسەڵاتیان بدەن. وەهمی وا، زوو یان درەنگ، تەقینەوەی جڤاکی بەدوادا دێت، تەقینەوەیەک کۆکردنەوەی پارچەکانی لە دەسەڵاتی هیچ هێزێکی دڕندەدا نەبێت.

ئەدەب بە ژانرە جیاوازەکانییەوە، هونەری شێوەکاری بە هەموو لقەکانییەوە، شانۆ و سینەما و فەلسەفەیش، بەرهەمی خەیاڵی داهێنەرانەن، نەک وەهم. خەیاڵ ڕۆڵی هەرە گەورەی لە یەکخستن و گەشەپێدانی مرۆڤایەتیدا بینیوە. ئەدەب و هونەر کە بەرهەمی خەیاڵن، کاریگەریی مەزنیان لەسەر هەڵسوکەوتی ئینسان هەیە. دەریاس: (لە مێژووی وەهمدا دۆکتۆرای هێنابوو، لە تەروادەوە تا هیتلەر. ل٤٤) تەروادە شارێکی دیرۆکییە، سێ هەزار ساڵ پێش زایین ئاوەدان بووە، هیتلەر نازییەکی تاوانباری جەنگ بووە! ئەوەیش جۆرێکە لە فەقیرخەیاڵی، ناونیشانێکی گونجاوت دەست نەکەوێت، بۆ دۆکتۆرانامەکەی قارەمانی ڕۆمانەکەت. ئەگەر ناونیشانی تێزەکەی: (مێژووی وەهم لە هیکتۆرەوە بۆ هیتلەر) بووایە، گونجاو دەبوو.(*)

یوڤال نووح هەراری دەڵێت: (مەترسیی گەورە ئەوەیە، کۆمەڵ بە گژ لایەنە تاریکەکانی مێژووی خۆیدا نەچێتەوە. ئەڵمانەکان دژی دیرۆکی تاریکی خۆیان وەستانەوە، بۆیە هەنووکە یەکێکن لە میللەتە هەرە ئینساندۆست و پێشکەوتووەکانی دونیا.) ئەگەر کەسێکت پێ فەریادڕەس بێت، ئەوە بەڵگەیە بۆ ئەوەی کۆیلەیت، بریا دەریاس و لاشەکان هەڵگری ئەو پەیامە بووایە. بریا ناڕاستەوخۆ گوتبای: با بە گژ شەڕی ناوخۆ و لایەنە تاریکەکانی تری دیرۆکی خۆماندا بچینەوە و دووبارەیان نەکەینەوە.

دەبێت تاک خۆی بڕیار لەسەر شێوازی ژیانی و دیاریکردنی داهاتووی بدات، وەک چۆن ئەرکی سیستەمە، ڕێ بۆ تاک خۆش و تەخت بکات و بواری بۆ بڕەخسێنێت، تا تاکایەتیی خۆی بسەلمێنێت، ئەرکی سەر شانی ڕۆماننووسیشە، بە گژ فیکری تۆتالیتاری و هەژموونی ئایینیدا بچێتەوە، تا تاک ئازادانە بژی و وەک دەخوازێت لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا بەشدار بێت. ناکرێت ڕۆمان بنووسین و هیچ بۆ چەسپاندنی مافی مرۆڤ نەکەین و ئەوە لە بیر خۆمان ببەینەوە کە ژن ستەملێکراوە و پیاوسالاران لێ ناگەڕێن، لەسەر شانۆی ژیان ڕۆڵی شیاوی خۆی ببینێت.

(دەریاس دایکی خۆش نەدەویست بەڵام ڕقیشی لێی نەبوو، وەک هەموو شتەکانی تری دەوروبەری، نە ڕقی لە هیچ شتێک بوو، نە هیچیشی خۆش دەویست. ل٨٠) بە ڕاست ئەم کارەکتەرە لە (مێرسۆ)ی قارەمانی (نامۆ)ی ئەلبێر کامۆ ناچێت؟ لەکن ئەلیاسی دەلاک کە گۆڕانخوازێکی سەرسەختە، (ئەوی گومان لە پاکی و نەمریی ژەنڕال ئەشکزاد (نەوشیروان موستەفا) بکات، دوژمنە و بەکرێگیراوی بنەماڵەی فەرمانڕەوایە. ل١٥٢) ڕاپەڕین لەسەر خواستی ژەنڕاڵ ئەرکێکی ئیلاهییە. ل١٥٦ ژەنڕاڵ کە گوایە دژی مردووپەرستی بووە، کەچی کە دەمرێت، شوێنکەوتووانی لە (گۆڕ)انخوازەوە، دەبن بە پاسەوانی (گۆڕ) و مەزارەکەی ناو دەنێن: ئارامگای پیرۆز.

(مامۆستایەکی مێژوومان هەبوو، ئێستا قەسابە، هەموو بەیانییەک، پێش سباهی ساڵحان، سەد سەر مەڕ و بزن و گا و گوێرەکەی دەدا بە ئەرزا. ل١٨١) سەد سەر! نووسەر مەگەر بۆ گەوجان بنووسێت، ئەگەرنا وەها نادوێت! شەڕی براکوژی و گاڵتەجاڕی، وەک ڕۆن و ئاو وان، تێکەڵ نابن، بەختیار عەلی ویستوویەتی لەڕێی ناوە سەیر و سەمەرەکانی کارەکتەرەکانییەوە، ئەو کارە نەشیاوە بکات. ئەلیاسی دەلاک: (کە بە شەقامەکاندا دەڕۆییشت، مەقەستەکانمان بە دەستییەوە دەبینی، بێئاگا بەدەم خەیاڵەوە دەیجووڵاندن، چۆن هەندێک بە تەزبیح و زریزە و مەدالیا یاری دەکەن، ئەو یاریی بە مەقەستەکان دەکرد.. ل ٢٢)

ئایا ئەوە گاڵتەکردن نییە بە ئاوەزی خوێنەرەکانی، کارەکتەرێک لەبری زریزە، بەدەم پیاسەوە، دوو سێ مەقەست هەڵبسووڕێنێت؟ دەشێت سەروەختی جەنگ کۆمێدیا هەبێت، بەڵام کۆمێدیای ڕەش، کە پێکەنینێکە تێکەڵ بە فرمێسک و ژان. ئارنست هەمەنگوای دەڵێت: (دوا لاپەڕەی - ماڵئاوایی لە چەک -م، سی و نۆ جار نووسییەوە، ئینجا پێی قایل بووم.) هەقە ئەوە بزانین، ئەگەر بەکاوەخۆ نەنووسین، دەکەوینە غەفڵەتی کوشندەوە.

ئەوە ئەلفوبێی هونەری چیرۆکنووسینە، نووسەر ناچێت وەک بەختیار عەلی، قسەی سارد بە کارەکتەرەکانی بڵێت، گاڵتەیان پێ بکات، ناو و ناتۆرە بخاتە پاڵیان و جنێویان پێ بدات، دەچێت لەڕێی هەڵسوکەوتیانەوە، لەڕێی شێوازی ژیان و بیرکردنەوەیانەوە و لەڕێی شۆڕبوونەوە بە ناخیاندا، بە خوێنەریان دەناسێنێت. سوور دەزانم نووسەری دەریاس و لاشەکان ئەمە دەزانێت، بەڵام چونکە ڕق بەر چاوی لێڵ کردووە و ئایدۆلۆجیا بەنگ، ئەو خەوشەی خۆی نابینێت و دەرک بەو کەموکوووڕییەی خۆی ناکات. ئەمە یەکەم جاری نییە، جنێو بە کارەکتەرەکانی بدات، بۆ نموونە، لە لاپەڕە ٤٩٤ی ڕۆمانی (شاری مۆسیقارە سپییەکان)یشدا، دەنووسێت: (سیاسییەکی لووت قولاپی دەناسم، باریکێکی قژڕەشە، کە قسە دەکات، دەنگی لە دەنگی قەحبە دەچێت.)

ڕۆمان لە دۆن کیخۆتەی (سێرڤانتس)ەوە (١٥٤٧ - ١٦١٦) سەری هەڵدابێت، یان لە (پامیلا)ی (سامۆێل ڕیچارسۆن)ەوە (١٦٨٩ – ١٧٦١) داهاتبێت، جنێودان بە کارەکتەر، لە ڕۆمانی بەختیار عەلییەوە داهاتووە. بەرلەوەی دەروونناسی وەک زانست پەیدا ببێت، ئەدەب بە ناخی ئینساندا شۆڕ بووبووەوە، سیگموند فرۆید لە (ئۆدیپ پاشا)ی سۆفۆکلیس و (هاملێت)ی شەکسپیر و (برایانی کارامازۆڤ)ی دەستۆیفسکی و داستان و ئەفسانەوە، پەی بە گرێی ئۆدیپ، گرێی ئەلێکترا و خودپەسەندی برد. سایکۆلۆجیای ئەدەب لە شۆڕبوونەوەی نووسەرەوە، بە قووڵاییی دەروونی کارەکتەرەکانیدا پەیدابوو، نەک لەو جنێوانەوە، ئەم یان ئەو نووسەر بەم یان بەو کارەکتەری بدات.

قەمەرخانی: مەبەستی (بارزانی)یە، بەختیار عەلی بە دێڕ و دەستەواژەی نەشیاو باس لە هێنانەوەی تەرمەكەی دەكات. ل٨ هەر بە خۆی نا، جنێوی بە شوێنکەوتووانیشی داوە. ل٢١٦

جەلیل تەلارانی: (مەبەستی جەلال تاڵەبانییە،) (ئەو پیاوەی گەرچی وەزنی، ڕێگای پێ نەدەدا بەر قاچی خۆی ببینێت، بەڵام بەڕوونی پاشەڕۆژی دووری مەملەکەتەکەی دەبینی. گەرچی بە هۆی قەڵەوییەوە نەیدەتوانی خێرا بڕوات، بەڵام تاکتیکی جەنگی خێرای، دژ بە داگیرکەران داهێنا.، سیاسەتی وەک باغێکی پڕ گوڵ وەسف دەکرد، کە هەموو جۆرە بۆن و ڕەنگێکی تێدا جێ دەبێتەوە. تەنیا سەرۆکێک بوو، بڵێت: نوکتەم لەسەر بکەن، کاریکاتێرم لەسەر دروست بکەن و جنێوم پێ بدەن. ل٨ و ٩) لەوە دەچێت هێشتا خوێنی هەر سەوز بێت، ئەگەرنا وەها بە ئەرێنی باسی مامی نەکرد.

لەبارەی ژەنڕاڵ بیلالی ئەشکزادەوە کە مەبەستی نەوشیروان مستەفایە، دەڵێت: (کەس بە دروستی نەیدەزانی پیاوێکی وا مۆن و کەمدوو و ئاڵۆز، بیر لە چی دەکاتەوە. ل٢٧ نەیارەکانی بە پیاوکوژ وەسفیان دەکرد کە ڕۆڵی ترسناکی لە شەڕی ناوخۆ و پاکسازیی دوژمنەکانیدا هەبووە، شێوازەکانی دڕندانە و نائاسایی باس دەکران ل٣٢. شێوەی خۆی لە شێوەی ناو وێنەکانی مۆنتر بوو. ل ٤٠ هیچ کات خۆشی بە ڕۆشنبیران و ئەهلی قەڵەم نەهاتووە. ل٥٤ لە ساڵانی شۆڕشدا لە سەرکردە دڵڕەقەکان بوو، زۆر کەسی کوشتبوو، زۆر لە نەیارانی خۆی و نەیارانی حیزبەکەی بە شێوەیەکی نامرۆڤانە لەناو بردبوو. وەک سیاسییە بچووکەکان بۆ پلە  و پایە نەدەگەڕا، دەسەڵاتێکی گەورەتری دەویست، شتێک وەک نەمری. ل١٢٩)

 
(دڵڕەق بوو، بەڵام دز و قەحبەباز نەبوو، تەنیا شتێک پێی دەناسرایەوە، ئەوەبوو دڵڕەقانە ئەندامانی حیزبی سەرکۆنە دەکرد و لەزەتی لە شکاندن و بچووککردنەوەی ئەوانی تر دەبینی. سیاسییەکی وشک و مۆن و گرژ و نێوچاوان تەڵخ بوو، یەک لە دوای یەک جگەرەی دەکێشا، بەهۆی نەخۆشییەوە لە سییەکاندا لە مردن نزیک دەبووەوە. ل٢٠٩ و ٢١٠ و ٢١١ و ٢٢١ ئەوەی خۆی نەیتوانیوە، یان نەیوێراوە، یان گرێ دەروونییەکانی ڕێگەیان پێ نەداوە بیانکات، براکەی لەبری ئەو کردوونی. بە درێژایی تەمەنی هەستی بە ناتەواوی کردووە، دڵڕەقییەکەی نیشانەی هەست بە کەمیکردنە. دڵڕەقی هەوڵێکە بۆ ڕزگاربوون لە بێنرخی و بچووکی. ل٢١٧ وەک کۆنە مارکسییەک دەیزانی بزاڤێک ڕیشەیەکی دینیی هەبێت، شۆڕش نییە، بەڵام وەک پۆپۆلیستێک سوژدەی بۆ عەقڵی عەوام برد، تا عەوام دوای بکەون. ل٢٢٥)

ئەمە نەوشیروان مستەفا خۆی، هەوادارانیشی بە گۆڕپەرستان لەقەڵەم دەدات.

چواردە ساڵ بەسەر مەرگی بارزانیدا تێپەڕ دەبێت، ئینجا تەرمەکەی بۆ باشووری کوردستان دەهێنرێتەوە، چواردەکەی کردووە بە شازدە! ل٨ یەکەی هەشتا سەر بە پارتییە، کردوویەتی بە هێزی هەشتا و یەک! ل٢٤٧ گوایە وێنەی واقیعی بەدەم گۆڕانەوە کێشاوە! وەک چۆن نەوشیروان مستەفا بزاڤەکەی ناو ناوبوو: (گۆڕان،) کەچی هانای بۆ حوکمە (نەگۆڕەکانی) ئیسلام دەبرد، بەختیار عەلییش لە دەریاس و لاشەکاندا نەک هەر واقیع بە دەم گۆڕانەوە وێنە ناکێشێت، بەڵکوو واقیع تووشی ئیفلیجی دەکات و بەدەم درێژدادڕییەوە ڕیالیزمێکمان پێ دەناسێنێت، دەتوانین ناوی بنێین: ڕیالیزمی دڕندەیی. ددانی پێدا بنێین یان نا، نەوشیروان مستەفا کە لە دەریاس و لاشەکاندا ناوی: جەنڕاڵ ئەشکزادە، نەک هیچ بتێکی نەشکاند، بەڵکوو بتێکی دیکەی خوڵقاند کە خۆی بوو، نەک ئەسپی هیچ بنەماڵەیەکی حوکمڕانی نەگلاند، بەڵکوو بنەماڵەیەکی تریشی هێنایە سەر حوکم کە بنەماڵەی خۆی بوو.

(خەڵکی ئێرە شتێکیان دەوێت، بیپەرستن، خودا بە تەنیا بەشیان ناکات. ل٨٩ خەڵکی لە سیاسەتدا بۆ خودا دەگەڕێن، ئەو خودا دوورەدەستە بێدەنگە نا، کە لە ئاسمانە، خودایەک بیبینن و بیبیستن و بیپەرستن. ل٢١٥ پێنج جار سوژدەبردنی ڕۆژانە بۆ خودا، ئینسانێکی دروست کردووە، بەبێ سوژدەبردن ناژی. سوژدەبردن بەشێکی گرنگی سیاسەتە، ئێمە ناتوانین بیسڕینەوە. شۆڕش دروستکردنەوەی پێوەندییە لە نێوان ئیمان و ئینساندا. هەر کەسێک لە سیاسەتدا ئیش بکات، ئیشی بەوە دەبێت دین و سیاسەت تێکەڵ بکات. ل١٣٠ و ل١٣٤) بۆیە نەوشێروان مستەفا بەدەم ئایەتی یازدەی سوورەتی ڕەعدەوە، جاڕی لەدایکبوونی (گۆڕان)ی دا: إن الله لا یغیر ما بقوم حتى یغیروا ما بأنفسهم.

*

(١) بەختیار عەلی، دەریاس و لاشەکان، چاپخانەی کارۆ ٢٠١٩ سلێمانی
(٢) أحمد برقاوی، الوهم والخیال) لطفیه‌ الدلیمی، الثورات الفکریه‌ وصناعه‌ العقل الروائی الحدیث.
 (*) هیکتۆر سەرلەشکری سوپای تەروادە بوو.

(**) نزیکەی هەر ڕستەیەکم لە ڕۆمانەکەیەوە هێنابێت، بۆم ڕاست کردووەتەوە.

 

 

 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا