
ئای گەلۆ..
دیسان گەلۆ...
نیشتمانێک جۆگەیەک خوێنی لەپێناو درا.
نیشتمانێک باڵا بەرز
چاو کراوەو دونیا دیدە
خۆشەویست و بێ ئەندازەو ناوازە
نیشتمان....
کەچی، ئاوارە بووم، لە پێناوت
بیناییم کزبوو، پاژ پانییەکان ، ئاشنا بوون بە ئێسکە نەرمە
سوێند بەخوا...
قەندیل، شنروێ، کۆزینە، هەیبەت سولتان، باواجی، هەڵەموند، دێدەوان، کۆیە، تەق تەق.... شایەدیم بۆ دەدەن ئەی نیشتمان
نیشتمان...
هەرچی جوانی و ئەوین هەبوو لەپێناوت
بوون بەسێبەر، بوون بە چەتر
لەپێناوت بووم بەقەلغان، بووم بەساتر
دەزانی ئەوینت هانی دام، نەسرەوم تا بسرەوم
وەلێ تەمەن هەڵکشاو نەگەیشتم بە باڵات، بە نازو خۆشەویستیت...
ئازیزم نیشتمان، زویر مەبە، وەلێ دەمەوێ بزانی
نە درەنگ هاتووم، نەکەمم کردووە....
ئەی نیشتمان، بەس بزانە ئەوانەی لە پڕێکدا (باز) نیشتۆتەوە سەر شانیان!!
نەپێشمەرگەو نە ئاوارەو نە گیانفیداو نە تێکۆشەر
کەچی زمان لووس، جوانیکیلەو بێ ئەفکاربوون
ئەزیزم نیشتمان، تۆ هەر ماوی ....
بەس بزانە ئەوانەی پێش من و کوڕانی تێکۆشەر کەوتوون
دڵنیابە!!
دڵنیابە!!
دڵنیابە!!
بە( ئۆفساید) پێشمان کەوتوون....
حەیدەر مەنتک
4-11-2026
چوارشەم - کاتژمێر دوو و، بیست دەقیقەی پاشنیوەڕۆ
