
بەكر ئاڵەیی
ئەو شەڕی گریانی منی لە پێشە
شەڕی ئەو فرمێسکانە دەکا دایکێک بۆ ڕۆڵەکەی ڕشتوونی
بیر دەکاتەوە بۆچی دەبێ باران لە وەختی خۆیدا نەبارێ
هەڵپەی ئەوەیەتی بۆچی کچەکان ناگەن بە مراد
داڵغەی ئەوەیەتی بۆچی پێشمەرگە خۆشەویست نییە
خەریکە دەبێ بە قەرەبرووت لەداخی بیژووەکانی وڵات
هەر لەببری هاتنەوەی خۆردایە
دەنگی تێکەڵی سەڵاکردووە
بەدیار شکانی چنارەکانەوە دۆش داماوە
خەریکە لە حەژمەتی وشک بوونی کانی گیانی دەرچێ
بەدەم ئازاری خۆیەوە
شیعردەخوێنێتەوە بۆ چیا
ئازاری خۆی خستۆتەوە ناو دڵی
بە ڕووناکی خەونێک هەڵدەشاخێ
نبشتیمان بکوژە
دڵی هەموومانی داگیرکردووە
ناهێڵێ دایکم خەوی لێبکەوێ
ڕێگە نادا شەهیدەکان خەمباربن و خۆی لە خەمی ئەواندا تواندۆتەوە
هەموو ڕۆژێ داوای مێژووی خوێنمان لێ دەکا
ناهێڵێ سۆزی ئەومان لەدڵ دەربچێ
ناهێڵێ بێ ئازار سەرمان بخەینە سەر سەرین
نیشتیمان بکوژی سەرەکییە
نیشتیمان خەیاڵی ئێمەی لای خۆی داناوە ناهێڵێ زڕبێ
برینی خۆی کردووە بەچیرۆک و ناهێڵێ بەربێتەوە و ڕاقەنێ
دەنگی خۆی بڵند ڕاگرتووە ناهێڵێ بکەوێتە ناو تاریکی
نبشتیمان
کەوسەرێکی پەناداوە کێ حەزی لێبێ دەیباتە بەهەشت
کێ خوێنی خۆی پێ ببەخشێ نزیکی دەکاتەوە لە خودا
نیشتیمان لە ئەوینیدا دەمانکوژێ.
