بەكر ئاڵەیی
لەدۆزینەوەی خۆمدا زۆر حیكایەتم بیرچوو بۆ ڕابردوو باس بكەم ئەو درختەی تەمەنی لە سەرووی تەمەنی باوكم بوو گلەیێ كرد
ئەو ژنەی بەدەستی خێڵ دەم و لووتی بڕدرا گلەیی كرد
جارێكیان مردم لە دەرماڵەكەی خۆمان گۆڕیام بۆ هەڵكەندم شەو درەنگانێ فڕێێدامەوە سەر ڕێگاكە
كۆترەكانی سەربان پێمپێكەنین
دایكم نەیوێرا تەماشای كفنەكەم بكا
باوكم خەریكی نوێژەكانی خۆی بوو
كاتێك خۆم دۆزیەوە ئاوێنە شكاوەكەی ماڵەوەمان نەیهێشت خۆمی تێدا ببینم
ویستم بەقاپە فافۆنەكە ئاو بخۆمەوە دەنگێك لە غەیبەوە گوتی: هێشتا هەر تینووی
هێشتا هەڕ بەدوای ئاودادەگەڕێی
هێشتا داوای بارینی باران دەكەی
هێشتا گومان لە بوونی ئیلاهی دەكەی
هێشتا دەتەوێ خۆت شەڕاب دروست بكەیت و لەگەڵ شەو پێك هەڵبدەی
لەبیرمە لە دێر زەمانەوە خولیای ڕەنگ و شەیدای دەنگ و سووتاوی فڕین و تامەزرۆی كەشئكی هێمن بووم
وەختێك ئاوێنە ناهێڵێ تخوونی بكەوم بە كوڵ دەگریم
دەستە كۆنەكانم دەشكێنم
چاوەكۆنەكانم دەدەمە نەرسووژن
دڵە كۆنەكەم لەسەر تاتەیەكی كانی ژنان هەپروون بە هەپروون دەكەم
ڕوحە كۆنەكەم دەدەمە دەست ڕەشەبا با سەگ بیخوا
جەستەی خۆم و كولتووری نەتەوە دەخەمە ناو دەریا
دەپاڕێمەوە ئاوێنە بمگرێتەخۆی
ئاوێنە دەرم نەكا
ئەو ڕۆژەی خۆمم دۆزییەوە تاریكەسەلات بوو
جەنگی مەغڵووبە بوو
سەگ ساحێبی خۆی نە دەناسی
بە ڕۆیشتنی هەورەكان سەرم سوڕما دەیانگوت ئێمە دەڕۆین نایەنەوە
درەنگ هاتی بۆ بینینی شكۆی باران
درەنگ لە دڵی ئێمە حاڵی بووێ
درەنگ بارانت ناسی
وڵاتی خۆم نامۆیە پێم پێمگوت: دەتوانم تێر بە هەستەكانی ئێستام سڵاوبنێرم بۆ شكۆت
دەتوانم بێمەوە باوەشت
دەتوانم لە ژێر نسێی حەزەكانی تۆ ەحەسێم
گوتی: نا بڕۆ خەونی ئاوێنە بدوێنە دواتر بە ناو ڕۆحی ماندووی مندا پیاسە بكە
بڕۆ چراكان خاوێن بكەوە ئەوجار بەناو چاوەكانمدا بفڕە
بچۆ جۆماڵی جۆگاكانی گوند بكە ئەوجار بە هەاسەانا وەرەو پشوبدە
پێیگوتم: دەزانی جاران چۆن بوو
جاران
جاران شیعر دڵی نیشتیمانی دەدایەوە، ئێستا شیعر بەر شەق دەدرێ، جەنگ بەربینگی بە شەرەفی نیشتیمان گرتووە.
جاران دایك ئیلهانی گۆرانی بوو، ئێستا دایك لەگەڵ برینی كوڕەكەی سەرچۆپی مەرگی گرتووە
دۆش دامام
(برینم كەوتنە بەدەنێ)
سەرم بوو بەتەپەی ژەهرێكی كووشندە
دڵم لەرزی
چی خەونم هەبوو فڕی
تەنیاوتەنیا مامەوە
ئەو ڕۆژەی خۆم دۆزیەوە بزربووم!!!
٢٧/٨/٢٠٢٥