
پێکەوە هاتین منداڵیمان بەکۆڵەوە،
هەتاو برینەکانی تەقەڵ ئەداین
ئازارمان شاخ بە شاخ گێڕا
جار جار کانیاوەکان بزەیان دەخستینە سەر لێو...
کێ؟
من و دڵم.
زریان لێکی گرێداین،
من گوێم لە سەرمای ئەو ڕاگرتبوو
ئەو هەستی لە مردنی من
هەورێک تەقەی لێکردین کە پێکرا، کەوتم
هاوارم کردە ئاگر چڕە دووکەڵێک لە دوورەوە
بە دەنگمانەوە هات...
کێ؟
من و دڵم.
ڕۆژ دێت و ڕۆژ دەڕوات و
لە هەموو لایەکەوە دەیشکێنن
دەبێ پارچەکانی کۆ بکەمەوە
کە لێم هەڵدەگەڕێتەوە کە یاخی دەبێ
دەست ئەداتە بەرچیخێک،
کێشە دەکەوێتە نیوانمان
لێ ژیان ئاشتمان دەکاتەوە...
کێ؟
من و دڵم.
پێکەوە شۆڕشمان هەڵگیرساند
کە بەسەر کەمینی باراندا کەوتین
دوای شەهید بوون،
بە چەکی ئەوین هێرشمان کردە سەر سووپای خێڵ
لە ژواندا مانگ ڕووی لێ وەرگێڕاین...
کێ؟
من و دڵم.
پێکەوە هاتین دنیا بە کۆڵەوە،
من پیر بووم ئەو هێشتا لە تافی لاویدا...
کێ؟
ـ دڵم.
هەمزە گوڵانی
