گوشاد حەمەسەعید
دەبێ لە پێناسە کردنی شیعر هەڵوەستەیەک بکەین بۆئەوەی فۆرمێکی وای بۆ بدۆزرێتەوە کە خودی شیعر وەک خوڵاسەیەکی دەربڕینی هەستەکان،یان هەنارێک دەنکەکانی دانەی مرواری بن،چونکە پێناسە وەسفێک یان گوزارەیەکی زۆر کورت و قوڵە کە ناخی خاسیەتەمانی وەسفکراو دەردەبڕێ.
لەبەرئەوەی لەسەردەمێک بۆ سەردەمێکی دیکە زۆرێک لەو خاسیەتانە لەژێر کاریگەری ژیان و زەمەندا گۆڕانکاریان بەسەردادێ،بەتایبەتیش فۆرمی نووسینی شیعر وجۆری دەربڕینی،بۆیە ئەگەر لەسەردەمێکدا پێناسەیەک بەڕاست زانرابێ ئەوا لەسەردەمێکی دیکەدا گۆڕانکاری یان زیدەکاری دەخرێتە سەر ئەو پێناسەیەی پێشووی،دیارە کە شیعریش وەک هەموو شێوەو بابەتەکانی دیکەی ئەدەب لەژێر هەژموونی میزاجی ئەو سەردەمەی باری دەروونی و توانای هونەری زمانی شیعری شاعیراندا باڵانسەکەی لە بەرزبوونەوەو نزم بوونەوەدادەبێ،کەبێ گومان هەردوو لایەن دەگرێتەوە،بەتایبەتیش فۆرمی شیعر.
بۆ ئەوەیش سەیری ئەو فۆرمانە بکە کەلە ماوەی ئەو پەنجا ساڵەی دواییدا شیعری کوردی پێ نووسراوە،من وای دەبینم کە ئەو فۆرمانە ئەوەندەی لەژێر کاریگەری گۆڕانکارییەکانی ژیاندابووە کە ڕاستەوخۆ کاری کردۆتە سەر زەرورەتی ئەم خواستە لەلایەن خودی شاعیرەوە،نەوە موجەڕەد خواستی شاعیر.،ئەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێ کە ژیان و گۆڕانکارییەکان خۆیان خوڵقێنەری هەموو پێداوویستییە مادی و مەعنەویەکانن..
ئەوەی کەلێرە بەکورتی باسی دەکەم ئەوەیە،دەڵێم (خوێنەری شیعرم دەوێ کە لەمانای شیعر بگات،خوێنەریشم دەوێ بەقووڵی لانی کەم هەست بەومانا ناڕاڤە کراوە)نەکاو جۆرێک لە تێگەیشتن یان جووڵانی لەلا درووست نەکا.،دەکرێ بڵێم وەک بۆن وبەرامەی گوڵێک کە چاک دەزانی لەگوڵێکەوەیە هەرئەوهاش دەزانی ئەو هەستە نازەنینە لە شاعیرەکەوەیە.ئینجا چاک لەوەدەگەی کەشاعیرەکە فیکەیەکی نەکێشاوە بەڵکە شتێکی گوتوە کە لەتاڤگەیەک ڕستەی کۆلەکە زێڕینە ئاسادەچێ وابەسەر سەرتەوە ڕەنگ وماناو شیرینیەکانی دەبارێنێ کە عاتیفە بزوێنن،بانگەوازی عاتیفەش بانگەوازی عەقلیەتێک ..یان ناکامڵ یان زۆر کامڵە.
لەبیرم نەچێ بڵێم عەقلیش لەنێو هەموو عاتیفەکانداپاڵنەرێکی گەورەیەو چەرخەلەدەداو دادەڕژێتە نێو جیهانی خوێنەر یان گوێگرەکەی.
سەرنج بدە بەدواداچوون و خوێندنەوەکانت،فەیلەسوف زۆرن کەشاعیر بوون،هەروەها شاعیریش زۆرن کە بە فەیلەسوف ناودەبردرێن،ئەمە وا لێکدەدەمەوە کە عەقڵت چەندەی دەتهێنێتەوە هۆش ئەوا ئەوەندەش فرمێسکت پێهەڵدەڕێژێ،یان بەپێچەوانەوە،تکایە ئەوەبزانی لەهۆش و فرمێسک مەبەستم عەقڵ و سۆزی دەروونە.
بۆیە لەخۆم ڕادەبینم بڵێم کە ،گریان چەند لە سۆزەوەیە ئەوەندەش لە بێدەستەڵاتی عەقڵ،پێکەنینیش چەندە لە ختووکەی عەقڵەوەیە ئەوەندەش لە بێ دەستەڵاتی سۆز.
ئەی شاعیر قوڕبپێوەوی و ڕوولەخودا پەرستی بکەو چاو لەڕووداوەکان بنوقێنە،ئەوجارە ڕوولە ڕووداوەکان بکەو چاولە خودا بنوقێنەو شیعربڵێ،ورتە ورتی خۆت بکەو بووکەڵەی زمانی خۆت بڕازێنەوە،بەسەرهاتەکانی ژیانی خۆت،گێژاوەکانی ناخی دەروونت بگێڕەوە،چی دەڵێی بیڵێ دڵنیابە ناتوانم گوێت لێنەگرم نەتخوێنمەوە،بە پێکەنینت پێدەکەنم،،بەسووتان و گریانت دەسووتێم و دەگریەم،بەڵام بەڕاستی ئەم کارە هی کەسە بەئاگاو هۆشیارەکانە کە بەقووڵی دە نۆڕنە ژیان و هەرگیز ناتوانن پێنە کەنن و نەگریەن.