نووسینی/ عامڕ ڕوستایی .

کاک (  دلشاد )  وەک شاعیر بەرهەمێکی شیعری بەر لە چاپ و بڵاوکردنەوەی  بە ناوی ( ڕۆژگارەکانی تەمەن ) دایە دەستم و ئەرکی پێشەکی پێسپاردم و بەخۆشحاڵیەوە داواکەم ڕەتنەکردەوە . ئەگەرچی ئەرکی پێشەکی و خوێندنەوەم بۆ شیعر زۆر لەوە گەرەترە کەمن وا بەسانایی ڕەزامەند بم ، بەڵام بەلەبەرچاوگرتن و هێشتنەوەی بەهای بەرزو شکۆی شیعر ، هەروەها بەخوێندنەوەی دێر بەدێری تەواوی شیعرەکانی و پشت بەستن بەهەموو ئەو سەرچاوانەی باس لەشیعر دەکەن و بەو ئەزمون و زانیاریانەی لەسەر شیعر هەمە ، ئەوسا  بەقەت کڵاو ڕۆژنەیەک ڕەنگە لەدەلاقەیەکەوە  تروسکایی بدەم بەو تێکستانەی نێو ئەم بەرهەمە کە سنوردارو ئەستەمە پێوانە بکرێ بەو روناکیە کەشیعر روناکی خۆی لەمن گەرەکە .   

تامەزرۆیانی شیعرو خوێنەرانی ئەو چەپکە گوڵە شیعرانەی نێو ئەم  بەرهەمە ،  لەدایک بووی ( ڕۆژگارەکانی تەمەن ) کە ناونیشانی ئەم بەرهەمەیە کە تۆی بەڕێز دەیخوێنیتەوە ،

دوای خوێندنەوەیەکی زەینی وردم لەم بەرهەمە ،  دەمەوێ لەوە دەست پێبکەم  ناونیشانی ئەم بەرهەمە بەشێکە لەڕۆژگارەکانی تەمەنی ،  تۆ ،  من  ، ئەو ، هەر هەموومان ، 

هەر ئەم ناونیشانەش پەلکێشمان دەکا بۆ خوێندنەوەی دەقە شیعرکانی ،  چونکە وادێتە بەرچاو  کەوا بەدەر نین و هەموومان خاوەن  ڕابردوێکین لە ڕۆژگاری تەمەن ، هەر لەم سۆنگەوەش چ تاڵ یان شیرین  بەدووری نازانین شیعرەکانی بۆمان ئامێز واڵاو و تامەزرۆی حەزی ڕابردووی خۆزگەی ڕۆگارەکانی تەمەنی ئێمەش بێت  ،  خۆ ئەگەر باس لە شیعر بکەم ئەوا هەست دەکەم زێدەڕۆیی دەکەم و هێشتا وەک قوتابی لەفێرگەی شیعر و شاعێر ناس هەر لەقوناغی سەرەتا دام ، بۆیە تێڕوانین لە شیعری چاک و هۆنەری چاک لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازەو هەر یەک لە دیدگای خۆیەوە خوێندنەوەو هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات ، بەڵام من پێم وایە  شیعری چاک ئاوێنەو دەرخەری شاعێری باشمان بۆ دەر دەخات ، شاعیر جگە لە پابەند بوون بە فۆرم و ئەو یاساو ڕێسایانەی شیعر ، بیرکردنەوە بۆ هۆڻینەوەی شیعر بەشێکی گرینگە لەشیعر ، بەڵام چ بیرکردنەوەیەک بیرکردنەوەیەکی ئاسایی  و سادەو ساکارو زمانی بازاری یان بیرکردنەوەیەکی جوانی فکری و زمانی شیعری وئەدەبی و هونەریانەی دروست ،  لەم نێوەندە خوێنەرو شەرەزایانی شیعر بەخوێندنەوەی ئەم شیعرانە بریاردانیان لا گەڵاڵە دەبێت ۰

ڕێبازی کلاسیک و ریالزمی و خەیاڵ و بیری هەمەجۆرو ڕۆمانتیک  لە نێو شیعرەکانیدا دەست لەملان و دەسکەنەیەکی جوانی گوڵی ڕەنگاو ڕەنگ لە باغی بەرهەمەکەیدا پڕ لە گوڵی هەمە جەشن و تەژی لە بۆن بەرامن،  کاک دلشاد وەک سوارچاک و  مەلەوانێکی بێ ئامێری هەناسە لەدەریای شیعڕو ، وشەدا  لە قوڵایی ژێرەوە بە ووشە کڕیساڵی و مرواریەکانی هاژە ، روبار ،  جۆگەلە ، نمە ، خوناو ،  باران ، هەور ، خۆشەویستی ، ڕۆژ ، مانگ ،  شنە ،  ئەستێرە ، مێرگ ، کانی ، چیا ، بەزیی ، وەفا ، خەم ، عشق ، بە بیری تیژی زەویەکی بەیارمان بۆ دەکێڵێ و باغێکی جوانی گوڵە شیعرمان بۆ دەڕوێنێت کە خوێنەر والێدەکات لەجیاتی جارێک چەند جارێک بخوێنێتەوە و گوڵچنینی شیعر لە باغەکەی  بکات،

  ئەو شیعرەی کە لەدایک دەبێت و  دەبێتە هۆی هەست بزوێنی خوێنەرو گوێگر ئەوا دەمێنێتەوە وابەست بوون بەو یاساو ڕێسایانەی کە شیعر لە شاعیر دەیەوێت دەرنەچونی شاعێر لەو بازنەیەی کە ووتم ، بێشک ئەو شیعرە  وەک پێکهاتەو مادەکانی  شەراب خوێنەر مەست دەکات ، شیعری جوانیش بەهەموو لق و پۆپ و گەڵاکانیەوە دەبێتە درختێکی بەردارو بە نسێ ،

کەوایە خوێنەر لەگەڵ ئەم جۆرە شیعرانە هەم چێژ دەبێنێ و هەم ئارەزووی خوێندنەوەی چەند جارێک دەکات و لەژێر دەختێکی بەردارو بە نسێ چێژو حەسانەوە وەردەگرێت ، لەگەڵ هەبونی هەر کەم و کوڕیەکیش کە شتێکی ئاساییە ، دواجار بەدرک پێکردن لە بەرهەمی داهاتوو  بێ هەناسە سواربون ڕێگای سەختی هەوراز دەبڕێت ، نغرۆبونی کاک دلشاد لە عەشق و سنور بەزێن لە خۆشەویستی بۆ دڵخوازەکەی وەک پۆشاکێکی جوان و بەهادارو دڵگر  کردویەتی بە ،  بەر شیعرو بە وێناکردنی خۆشەویستەکەی بە ئامێری هەناسەدان  بۆ  ڕزگازبونی لە هەناسەبڕی لە ئامێزیدا گیان ناسپێرێ ،

کەلەم کۆپڵە کە کۆپڵەیەکە لە نێو شیعرێکیدا کە چەندە جوان دەڵێت .

گەر نەپرسی لەو حاڵ و

ژینە سەختەی من بێ تۆ 

چاک بزانە هەر هێندە کافیە 

بێ هاتنی ( مەلیک الموت ) وا من دیلی

دەستی مەرگ و روو بەرەو گۆڕستانە بم  .

کاک دلشاد پێچەوانەی ناوەکەی خۆی ڕەنگدانەوەی حەسرەت و خەم و ئازارو ناخۆشی لە شیعرەکانیدا زێتر هەستی پێدەکرێت ، هیوادارم تەمەنی داهاتووی کاک دلشاد ببێتە تەمەنێکی پڕ لە دلشادی و  ڕۆژگارێکی تری بەرهەکەی لە کەلی بەرزی چیاوە خۆری  پڕشەنگدارتر بەرووی هەوادارانی شیعرو شاعیر و نوسەران هەڵبێنێ .

پیرۆزبایی ئەم بەرهەمە جوانەو دەم خۆشی و دەست ساغی و سەرکەوتنم بۆ  کاک دلشاد هەیە .

ئێوەی خوێنەر ماندوو نەبن ڕێزم بۆتان

 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا