
شیعری داستان بەرزان
پێویستم بە وردە شتانێکە
بۆ بەسەربردنی ژیانێک
جووتێ زار بۆ هەڵدانی بەردەوام و
بێهودەبوون لە دوو شەش.
سڵاو لە (حەسەن زیرەک)
ڕیزێک پوولی دۆمینە
بۆ دوو شەشی تۆپیوو
ناخۆشی دوو شەش ئەوەیە کە دێت
بەڵام لە کاتێکی خراپدا.
سڵاو لە (داستان بەرزان)
پێوسیتم بە ڕستێک کاغەزی یارییە بۆ بیست و یەک
ئەگەرچی دەزانم: چوارەم کاغەز
جۆ- کەر بە بارێک جۆوە خۆی دەکات بە چقڵی چاومدا
لەوێدا خوازیارم جۆکەی بڕێژم و
سواری کەرەکەی بم
بە دەم جوینی خەونەوە بڕۆم
تاکو دەتەقم لە تاو جۆی کەر
ببورن من سووتام.
سڵاو لە (دۆستیۆڤسکی)
پێویستم بە ڕێژەیەک زەنگیانەیە
بۆ هۆنینەوەیان لەبەر تاریکی شەودا
دەنک.. دەنک.. دەنک..دەنک
تاکو دوایین دەنک
بەر لە گرێدانی بەنی بێبەن
ترازانی بەندی سووخمە نا
ترازانی بەن
بمکات بە شوێنکەوتەی بەنگ.
سڵاو لە (نالی)
پێویستم بە پەڕەی سپییە
بۆ نووسینی هەندێک نامە
کە دەزانم هەرگیز ناگەن
چێژی نووسین لە دروستکردنی بۆشاییدایە
بۆشاییەکی بەرین
درزێک هیچ جێیەک نییە
کەواتە: سڵاو ئەی بۆشایی بەرینی ناو ئەم شیعرە.
پێویستم بە سەدانیکردنی دکتۆرە
بۆ سەرقاڵی
بۆ گێڕانەوەی بەسەرهات
بۆ ئەوەی
گوایە ئاگام لە حاڵی خۆمە
ئەو نەخۆشییەکانی من و
من نەخۆشییەکانی ئەو
بێزارمان دەکەن!
دەنا چارەی دەردی من لە کوێیە؟
چ شتێک نییە
جگە لە درێژکردنەوەی گەمەیەک
جگە لە تەماشاکردنی درزێک.
پێویستم بە ژیانێکە
چا بێ/ چا نەبێ
هەر دەبێ
سڵاو لە (پیرەمێرد)
جا بیبیێ
یان
نەیبیێ
هەر دەمەوێ
من بە دڵ یادی بکەم.
سڵاو لە (مەحوی)
بۆ هەرچی چوویت
لە قووڵاییەوە دەستی پێبکە
تەنکایی زێدی خۆشباوەڕەکانە
مرۆڤی قووڵایی یەکجار تەفرتوونا
یان
بۆ هەمیشە ڕزگاری دەبێت لە زنجیرەکان
دەیشکێنێ کۆتەکان
تف دەکاتە مەرزەکان
دەیبڕێت سنوورەکان.
بۆ هەر کوێ چوویت
بەرەو نەزانراو پێهەڵگرە
مەودا زانراوەکان ماڵی بچووکەکانن
مرۆڤ لە نەزانراودا یەکجار دەبڕێتەوە
یان
دەچێتە سەروو مرۆڤ
جێیدەهێڵێت بتەکان
پشت دەکاتە سەرۆکەکان
لە گۆڕیان دەنێت باوکەکان.
مرۆڤی تەنکاییەکان
دەستی بە کڵاوێکی شڕەوەیە
-با- بۆ هیچ کوێ نەیفڕێنێ!
مرۆڤ لە قووڵاییدا تووڕی دەدات
کڵاوێک نازانێت کێ ناویەتەسەری؟
کڵاوەکەت لێگەڕێ
کڵاوت بۆ چییە
بەڕەکەت با بدڕێ
بەڕەت بۆ چییە؟
سەرت با بفڕێ
با بفڕێ سەرت
بفڕێ با سەرت.
شتێک بکە وەکو مرۆڤ
نەک شتێک بە باوەڕی بچووکی ئەوان بکات
ئەوان کە دەڵێن: ئەوەی بووە هەر دەبێت ببێت!
بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی بووە
تۆ مەهێڵە ببێت
بیگۆڕە بەوەی دەتەوێت
با ئاستەم بێت
چەند ئاستەم بێت؟
ئاخۆ چی دەبێت/ ئەگەر بێت
جێگاگۆڕکێی شەو بە ڕۆژ بێت!
مەزنەکان لە قووڵاییدان و
ناخنکێن
مەزنەکان لە تەنکاییدا
دەتووێنەوە!
هەرچی ڕوویکردە نادیار
ماوەتەوە بە بڵندی!
هەرچی خزایە تەنکایی
زیاتر چییە لە تۆپەڵێک
پەڵاشی قووڕاوویی؟
من پێویستم بە هەندێک شتی ورد
هەندێک شتی زۆر پەراوێز
زۆر کەنارگیر و
دوور..دوور
تاکو لەم پەراوێزدا بە وردی بژیم
لە کەناردا خەون
لە دوورە ڕامان.
ژیان شتێکە چەندی وردی بکەیتەوە
تێدەگەیت تاکو کوێ وردە!
وردە…وردە
(ئەمەم لەگەڵ خۆمە)
تۆ پێویستت بە هەندێک شتی گەورەیە
هەندێک شتی زۆر لەبەرچاو
تاکو لەبەرچاواندا بە گەورەیی بژیت.
ژیان شتێکە چەندی تەماشابکەیت
تێدەگەیت تاکو کوێ گەورەیە!
گەورە…گەورە
(ئەمەم لەگەڵ تۆیە)
پێویستم بە هێڵەکانی ناو لەپی دەستم هەیە
بڕوانم و
هەرجارەی بە جۆرێک
خۆم لێکبدەمەوە.
من شێوەیەکم
من ناوەڕۆکێک
دەیەوێت شیبکرێتەوە
نەک تەنیا بخوێندرێتەوە
ئەوەتا دەزانم
زۆر تێناپەڕێت
دەچمە شێوەی ترەوە
دەچمە مانای ترەوە
دەچمە ژیانی ترەوە
شادی دەخۆمەوە
من شادانە دەژییم.
خۆم پەرش
لە دنیادا وێنەیەکی بزێوم
ئاسان ڕوون ناکرێمەوە
من کانییەکم لە سەرچاوەیەکی بێگەرد
شادومانی لێهەڵدەقووڵێت
دێنە سەر ڕێگام
مرۆڤی گزگل
مرۆڤی شڕۆڵە
مرۆڤی سکراب
مرۆڤی بەکارهاتوو
مرۆڤی فرۆشراو
مرۆڤی بەسەرچوو
وشەکانیان وەکو بەرد
لیخنم دەکەن و
لە بیرەوەریی زەوییدا دەمسڕنەوە
من ناسڕدرێمەوە
ناکوژێمە
شادتر دێمەوە.
من پێویستم بە مانای نوێ هەیە
پەی پێنەبراو/ سەخت
من پێویستم بە مانا دیکە هەیە
سەرهەڵگرتوو/ دوورەدەست
من مانایەکی دیکەی ژیانم دەوێت
هێڵیکی دیکە
نیگایەکی دیکە.
من دەڕۆم بۆ ڕووبەرەکانی تری گەردوون
یەکجار دوور.. دوور لەم گەردوونەوە!
من دەڕۆم بۆ ناو کاتەکانی بزربوون
خەونێک دەبم خۆم نەتوانم بیگێڕمەوە
من دەڕۆم و دەڕۆم و ژەڕۆم
بۆ ناو گەردوونەکانی دیکە.
مێژوویەکی ناڕوون دەبم
بەسەرهاتێک لە یادگەی دەریادا
قارەمانێک خۆی کوشتبێت
هەڵۆیەک باڵی خۆی کردبێت
من دەڕۆم و دەڕۆم و دەڕۆم.
پێویستم بە تاریکایی بێسنوورە
بۆ گەشتێکی بێچارەنووس
بۆ بەرگەگرتنی درێژی تاڵیی کابووس
بۆ نەبڕانەوەی خەونی قەترانی.
من دەبێت دیارنەمێنم
هەرچی زووە واوە بڕۆم
درەنگە یەکجار درەنگە
دەبێت ببمە تۆز
دەبێت بڕۆم
ماڵئاوا
ماڵ
ما
نەما
.
