هاوارێک لە گەرووەوە
وەختە ناخ هەڵدەتەکێنێت
گۆچانی مانەوە دێنێتە لەرزە
ئەوی ڕۆژێ چڵە گەنمێکمان
دەکردە پردی پەڕینەوە
ئێوارەیە و لە چاوەڕوانیی (تـۆ)دا
بە تەنێ کرۆشکە دەکەم
هەناسە مەست بە دووکەڵی سیگارە
لەم جەنجاڵییەدا
کەس دەنگی کەس نابیستێ
(ئۆخەی ئۆخەی، هەر کەس بۆ خۆی)
شایلۆغانی ونبوونە لە نێو چنگێ لم دا
ئەستێرە مەرگی ونبوونی
 یاداشت دەکات
(تۆ)ی تێر و پڕ
بێمنەت لەگەڵ شەپۆلەکاندا سەما دەکەی
پاسارییەکان لە لانەکانیان ئۆقرە ناگرن
ویستیان ڕەوێکی ئەبەدییە
تخووبەکان تێکبشکێنن
وانەی فڕین ئەزبەر دەکەن
ئەم هەوارە بێنازە
بۆنی وشکەساڵی ڕۆحی لێ بڕیوە
کراسەکەی بە دەستی ناموبارەکی خۆی
لە هەڕاجخانەدا هەرزانفڕۆش کردووە
بە خۆی نازانێت چ تەونێکی چنیوە
پێم ناڵێی پاسارییەکان چۆن بحەوێنەوە؟
هەراسانی وەرزەکانە و
پاییز هەواری هەڵداوە
داوای تەمەن درێژیی خۆی دەکات
پاسارییەکان لە ونبووندا
سیپەیەک بەدی ناکەن
بە نزان بۆ کەمێک ئاو
ناخوازن جارێکی تر بکەونەوە داو
نیوەڕۆیە و لەم ســارایە
قرچەی گەرمای پڕۆکێنەر
گیرۆدەی ریتمی سترانی
(گیانە بەسێتی) عەلی مەردانم دەکات
بێباکە وەرزەکان
لە نێو گێژاوەی خۆیاندا
سەگ ڕەتینم دەکەن بۆ لەتێ نانەڕەق
خوازیارە بە سانایی
لەوە زیاتر هەنجن هەنجنم بکات
درێغیت نەکرد لە دزینی شنە و ئاسۆ
چیت پێ هێشتم؟
لە دڵڕەقی و فڕێدان بەولاوە
وا دەمبەخشیتە ســـووتان و
حەسرەت بە ماچێکی نامۆ
ئەمێستا
پاسارییە ونبووەکان
لە هێلانەیان بێزار، تۆراون
خەیاڵدان، سرووشی کۆچ دەکات
فڕینێک بێ گەڕانەوە
بۆ ئەودیوی حەزەکانی سەر کانی جاران
لێیان مەگـــرن، شاری بە تەواوی گۆڕاوە
ڕەنگی خۆی ونکردووە
وەرزەکان لە سەمایەکی بێ واتادا
خنکان نمایش دەکەن
لوورەی گورگ، حەپەحەپی سەگە بەرەڵاکان تخووبەکانی هیوای تەڵبەند کردووە
گەمارۆیەکی بێبەزەییانە
مەل توانای دەربازبوونی مەحاڵە
بزەی ئاشقانەی جوانەمەرگ
لە دڵ بردووە
پاسارییە ونبووەکان
لە سارای (داوێ)ی سووتماک
بەرزاییەکانی گوندی (قەڵا)ی زوهدی داودییەوە
رۆمانی (درێژترین ساڵ)
دیسانەوە پەڕە پەڕە هەڵدەدەنەوە
ئەمێستا (هەنجیرە)کێ لانەی لە سەر کردووە
شوێنپێی بازەکان دەسڕدرێنەوە
شێتبوون گەرای خۆی لەم بنارەدا داناوە
هێور نابنەوە، دەفڕن
بۆ سەر گڵکۆی غەریبی (محمەد ئەمین)
چیرۆکی تاسە لەبننەهاتووەکان بنووسنەوە
 حەکیمەکەی بێداری پەڕانگەندە
بە ئازار و دوورە دەست
بنۆڕ.. بنۆڕ (ئاوەسپـــی)
چەند کەساس و لێو بەقەتماغە
چوون لە کەلاوەیەکی داڕماودا
تیشکی خۆر نایگاتێ
بە تەنێ کرۆشکەی کــــردووە
ڕەشەباو زریان هۆشی لە بەر بردووە
بەڵێ لێرەدا
کێلە بەردەکانیش هاتوونەتە ســـەما
لە سەرما پێكەوە هەڵدەلەرزێن
وەرزەکان دێن و دەڕۆن، نایەیتەوە
سەرێک لەم هەوارە بدەیتەوە؟
ئەستێرەکان شەرم دایاندەگرێت
کوا باوی درەوشانەوە
 جێگا بگرێت؟
نێرگز شکۆفە ناکات
(لاس) بارگەی ئیشقی دەپێچێتەوە
(خەزڵ) ناخوازێت بگەڕێتەوە .
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،، 
ـــ رەوانشاد زوهدی داودی : نووسەری رۆمانی درێژترین ســـاڵ
 ــ رەوانشاد محمەد ئەمین: چیرۆکنووسێکی بە ئەزموون ودێرینی شاری خورماتوو
 ــ حەکیم: حەکیم نەدیم داوودیی ئەدیب و هونەرمەندی ناسراوی شاری خورماتوو(تاراوگەنشین)
 ــ لاس و خەزاڵ: داستانێکی ئاشقانەی کوردەواری

 

 شیعری: عەباس داوودی
 ٣ / ٨ / ٢٠٢٦ ـ کەرکووک


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا