كەریم دەشتی
1
ژیان ئەوەندەی وێران کردووین
وامان لێهات
هانا بۆ میهرەبانیی مەرگ ببەین
٢
هەمیشەو بۆ ئەبەد
لە چاوەڕوانی تۆدا وەستاوم
تۆش هەمیشەو بۆ ئەبەد
لەرێگا دوورەکانی
دوور دوور
٣
لە شوێنێکی دوور دوور ئەبارێت
دڵم لێرە شەڵاڵی ئاو بوو
٤
پێدەچێ ئەوینت ئاگر بێ
ئەگینا ئەو دڵەی من بۆ دایساوە؟
٥
لەهەر شوێنێ
کە بۆ سەرابی تۆ تاوم دابێ
ئەو دڵەم نوقمی ئاو بووە
٦
تۆ وەک با وای
هەمیشە بەسەر دڵما هەڵئەکەی
کەی بەرگی با فڕێ ئەدەی؟
٧
کەوتوومەتە داوی تۆ
داوداو تەمەنم بەسەر ئەچێ
٨
هەموو لەمپەرێکم شکاندووە
تۆش هەموو پەنجەرەکانی
دڵی من
٩
ناوە ناوە وا هەست ئەکەم
کەسێ لەدەرگا ئەدا
کە دەست بۆ سینەم ئەبەم
تمەز دڵمە بۆ تۆ لێئەدا
١٠
دەنگێکی زۆر دوور دێتە گوێم
دەنگی دڵمە کزکز لێئەدا
١١
ئەوەندە لە تۆم ڕوانیوە
زۆر جار ناتناسمەوە
ئەرێ تۆ کێی لەناو دڵم؟
١٢
تۆ زۆر دوور کەوتوویتەوە دوور
ئەی بۆ هێندە نزیکی لە دڵم؟
١٣
وەسوەسەیێ کەوتۆتە دڵم
ڕەنگە ئاگر بێت
ئەرێ بەراست تۆ ئاگری؟
١٤
جاران بەتەنها بووم
ئێستا دڵم پڕ بووە لە تۆ
تۆ یەکی یا لەشکرێکی ؟
١٥
جاران یەک شێوەت هەبوو
ئێستێش هەزاران شێوەی
تۆ خەیاڵی یا میتافۆر؟
١٦
کە تۆم بینی
دونیا لە دڵم هەڵسا بوو
کە ونبووی
پووشکەیێ لە دونیا نەمابوو
تۆ خۆتی یا هەموو دونیای؟
١٧
ئێستا دوای ئەم هەموو ئەوینە
هاتنت سەخت ترە لە ڕۆیشتنت
١٨
هەموو شتێکم لێ بۆتە تۆ
جەستەم خوێنی لەبەر دەڕوا
ئەوەندەی خۆم لەداوبەرد بدەم
وادەزانم تۆی
١٩
ئەوەندە شیرین بووی
هەست ئەکەم دڵم
بۆتە کێڵگەی قامیشە شەکر.
٢٠
تەواو چوویتە ناو باخی دڵمەوە
بۆیە سینەم سەنگین بووە
٢١
جاران لافی ئەوەم لێدەدا
کە دڵێکم هەیە
ئێستا بۆتە هی تۆ
٢٢
گوێم لە هاواری دڵم بوو
لەسەرخۆ ئەیگوت
بەری ئەو هەموو سووتانەت ناگرم
٢٣
گوێم لە دڵمە کز کز لێئەدا
هەست دەکەم ئیدی
بۆ هەڵمژینی زیاتری ئەوین
ڕێگەم پێنەدا
٢٤
ئایا تۆ هەست بە تەنهایی ناکەی
لە ژێر تاڤگەی خوێناوی ناو دڵم؟
٢٥
ئەوینی من سنوورەکانی بڕیوە
لە دڵەوە تەواوی ئاسمانی تەنیوە
٢٦
مەپرسە ئاگری گەردوون
لەکوێ دێت
سەیری دڵم بکە
بۆتە کوانووی ئەوین ؟
٢٧
زۆر جار دەمەوێ بێم بۆ لای تۆ بەڵام دڵ بەشی تۆ ناکات
هەموو لایەکان هەر تۆی
٢٨
من گرفتاری تۆم
ئەی چی لە گرفتاریی دڵی خۆم؟
٢٩
دڵم کوپەڵەئ ئەوین بوو
ئێستا لە هەزاران جێ شکاوە
ئەوینی تیا
بەسەر ڕئگاکاندا ڕژاوە
٣٠
تۆ ئەو دڵەم بۆ کوێ ئەبەی
ئاوا ڕێگاکان پڕ بووینە
لە شەوق و شەتاوی ئەوین؟
٣١
هێندە ئەدرەوشێیتەوە
ئەی ڕوونتر لە ئاو
دڵم پڕ بووە لە ڕووناکی
تۆ تریفەی یا خۆرەتاو؟
٣٢
ئەی دڵ ئەی دڵ
من چەند گوناهبارم
کەتۆم ئاوا
بە دەردی ئەوین بردووە؟
٣٣
تاکە شتێ لە تراژیکی ژیان ڕزگارمان دەکات مەرگە سەرچاوەی هەموو تراژیکەکانە
٣٤
ئەوە ڕەهێڵەی بەتاوی زستانە
ڕێگەی بەهارمان
بۆ تەخت ئەکات.
٣٥
ئەوەی لە دوورەوە
دەبریسکێتەوە، جەوهەری ڕاستیی نییە، وەهمی چاوە ڕاستییەکان جەوهەریی شاراوەی بوونن.
٣٦
هەموو ئەوانەی کە دڵیان بەر لە جەستەیان، رێگە دوورەکان دەبڕێ ، زووتر ئەگەنە جێ
٣٧
ئەوەندەی پێویستیمان بە هێمنییە، ئەوەندە پێویستیمان بە هاوار نییە، ئەوە نییە گیا چەند بەهێمنی سەوز دەبێت.
٣٨
کە ئاگر دادەگیرسێ، پرس بە سووتووی خۆی ناکات و گوڵاڵەش کە ڕەنگڕێژی خۆی دەکات ، پرس بە بەهار ناکات.
٣٩
بۆ ئەوەی سپییەتی ناخی خۆت ببینی، دەبێت دەست و زمانت لە خەنەی سپیی بگریت.
٤٠
هەموو ئەوانەی دەدرەوشێنەوە، دڵیان پڕ کردووە لە ڕووناکی و زمانیان لە ڕاستی گرتووەو سینەیان پڕە لە خۆشەویستی.
41
عەتری جێماوت
بەسەر گەردن و لاملم
شوێنی خۆی جێهێشتووە
بۆ سەر دڵم
42
تۆ وەک ریسە گیای
هەموو سەرەدەری پاییزان
لەمن زیندوو دەبیتەوە
43
شەوانێکی سەختم بەڕێکرد
زستانی تووشم تێپەڕاند،لوورەی زریانێکی زۆرم کپ کردەوە
گرەوم لەتۆ نەبردەوە
44
تەونێکم چنیوە لە گریان
تەونی چی، گیای فیراقە
لە دڵم شین بووە
45
ماندووم بەدوای وەهمی تۆ
کە رەنگە سەراب بێت
تۆ هەی ؟
یا خەونی، تۆ
46
هێند دووری لەو ناوە
توانای ئەندێشە کردنت
لەسەردا مەحاڵە
هەر نەماوە
47
ببوورە سەرمایەم خەیاڵە
خەیاڵیش ناگاتە وەهمی تۆ
تەنانەت ئەندێشەش
پەی نابا بە رەزم و بەزمی تۆ
48
دوور بڕۆ دوور
ئەوینم شەیدای دوورییەکانە
نزیکیی کەی چەمکی
بلێسەی ئاشقانە؟
49
چیرۆکم داستانی ئەبەدی شەوینمە
کۆتایی داستانم سەرەتای ئەوینمە
50
کە دوێنێ منت دی ڕمابووم
ڕما بووم، نەمابووم
بەڵام بە تەما بووم
دواجار من لە خاک جما بووم