بەهرە هەولێری
هەواڵی هاتنت شادی هێنە
وەک چۆن لەبەهاردا
نێرگز لەدایک دەبێتەوە
منیش
لەوەرزی دیدارت
لەدایک دەبمەوە
*
کە دێیەوە، لەدەرگا مەدە
دڵ و ڕۆح و ماڵەکەشم
بە تاسەوە لە چاوەڕوانی تۆ دایە...
کانیاوی هۆنراوە و شیعرم
وەک هەنگاوە نەرم و لەسەرخۆکانت
هێدی هێدی
دەڕژێنە نێو شکۆی یادەکانت
*
لەگەڵ سروەی پاییزی تەمەن هاتی و
پەپوولە ئاسا
بۆ چنینەوەی هەڵاڵەی ڕۆحی سپیت
چاوەکانم هەڵفڕین
دەهۆڵی دڵ
بۆ ئاوازی شادومانی
دونیای هەژاند
گوێچکەکانیشم
بۆ نەغمە و سۆزی ئەفسوناوی و
ئاوازی ژیانەوە
بوونە هاودەمی ساز و نەی
*
هۆ ئازیزی ڕۆحی ماندووم
تۆ
هەم خوێش و هەم بێگانە
هەم نزیک و هەم دوور
هەم ئارامی و هەم نیگەرانی..
هەم خانەخوێی لەدڵمدا و
هەم میوانی..
هەر بۆیە
وەک جگەرەیەکی داگیرساو
هەمیشە بەسەر لێوتەوە
بمهێڵەوەو
مەهێلە خامۆش بم
با ماڵی ئەوین
نەبێتە وێرانە و
ئاسمانێکی سارد و چۆڵ..
چیتر گڕی دڵی پڕ لە هەستم
کوانووی تەزیوی
ئەم پاییزە سامناکەی
پێ جۆشنادرێ.
12/10/2025