
هەمزە گوڵانی
لە گەڕاندا هێڵە سوورەکانم بەزاندن،
نیگام خستە ئاگرەوە بینینم داغبوو.
دۆزینەوە داوای دوا قرچەی سووتانم لێدەکا !
هەستم لە هەوا ڕاگرت؛
بیستنم بە ناو سروشت و جوانیدا گێڕا
لە بادا ، لە باراندا، لە مێرگی سەوزو
لە هەتاوی تەڕی ئێوراندا بۆتۆ لەخۆمدا گەڕام.
ئەستێرە نەما پیری نەکەم،
لە پشکنینی ئاسماندا فریشته نەما نەچمە ژوانی..
مانگ لە تەماشامدا کچێنی چوو
ڕوناکیم خاو کردەوە.
درەخت بەدرەخت لە خۆمدا دەگەڕێم،
دارستانەکان لە پرسیارم هەڵگەڕانەوە.
باخچەنەما بێزاری نەکەم لە پێناو تۆدا سەرگەردانی خۆم.
بەڕەنگی جیاواز بەفڕینی جیاوازو
دەنگ و ئاوازیی جیاواز،
باڵندەکان بۆ تۆ لە خۆمدا دەگەڕێم.
بە خوێنی گوڵاڵە سوورە تۆمەتبار،
لە دادگا سکاڵای بەیبونم لەسەرە !
هەنارم بەدەم گوڵکردنەوە گەیاندە پایز.
هەرمێ مێیینەیەکی خۆشباوەڕە،
زۆری لێ نزیک بوومەوە.
لە پێناو تۆ..
گەڕان شەڵاڵی ئارەق و تینی هاوینەو
لە زستاندا هەڵدەلەرزێ،
شەختەی دۆزینەوەت گیانی تەزاندم.
لە بەفردا برسیارەکانم سپین؛
لوتکەیەکی بڵند کەتەم دایپۆشیوە
دەڵێ:
وەرە لەمندا دەیبینی بە دەنگ و ڕەنگەوە.
کە بەئاودا دەڕۆم،
برسیارەکانم شینێکی ئاسمانین
دەریا لەقوڵاییدا هاواردەکا: خۆت زرێپۆشکە بە غیرەت و
ئۆکسجینی باوەڕ هەڵگرە...
دڵم حەز ناکا خۆم بە هەڵەبەرم،
خودا ترپ ترپ لەمندایە.
هۆش و گۆشم گینگڵ ئەدەن؛
خۆت گرفتاری سۆزی دووری مەکە.
چاوەکانم دادەخەم دەرو ژوور بەخۆمدا دەڕوانم؛
لە هەستمدای
لە نەستمدای
لە دڵمدا
لە بینینمدای
لەتێگەشتنمدا وەڵامی پێویست نادەیەوە!
بە خوێندنەوە جەنجاڵیان کردم؛
کتێبێک گوتی : لە توێی لاپەڕەکانمدا زیندووە.
کتێبک گوتی: لە ناوبەندی وشەکاندا هەڵمگرتووە
کتێبێکی تر هات هەمان قسەی کردەوە.
دەکرێت پرسیار لە کیسەڵێکی بەساڵدا چوو
لە ژیژکێکی تووڕەی ناو چرپ و چاڵ بکەم
لە سیخوڕێکی پەڕ هاوێژ یان لە کوڕەبەشێ
لە پیرە هەڵۆیەکی بەرز نشین
کە خەریکە فڕین ئاسمانێکیتری پێ تاقی بکاتەوە
بۆ دۆزینەوەی تۆ لەخۆمدا؛
باوەڕ بە هاوشێوە کانم، لە دەنگ و ڕەنگ و ڕەگەز ناکەم..
مافم لە دۆزینەوەی تۆدایە...
بەڵام خۆمن تا دواهەناسە بەردەوامم.
* پێشتر ناونیشانی شیعرەکە:
"درەنگە بۆ دۆزینەوە خودا"
