
حهیدهر مهنتك
لە نێو جەنجاڵی و زۆریی بڵاوکراوەکاندا، کەمجار دەقێک دەبینین کە بتوانێت بەو پەڕی شارەزایی و ئەکادیمیانە، پردی پەیوەندی لە نێوان دنیای پاکی منداڵ و بەها باڵاکانی کۆمەڵگەدا دروست بکات. کتێبی (پرتەقاڵ)، کە بەرهەمی نوێی نووسەر و ئەکادیمیستێکی دیارە، تەنیا کۆمەڵە شیعرێکی منداڵان نییە، بەڵکو باخچەیەکی ڕەنگینە کە هەر لاپەڕەیەکی، پەنجەرەیەکە بەرەو ڕووی جیهانێکی پڕ لە جوانی، ڕەوشتبەرزی و زانست.
نووسەری ئەم بەرهەمە، کە ساڵانێکی زۆرە خۆی بۆ ئەدەبیاتی منداڵان و دەقە شانۆییەکان تەرخان کردووە، لەم کارە نوێیەیدا سەلماندوویەتی کە تەنیا وشە ناڕێژێت، بەڵکو بە سۆزێکی قووڵی باوکانە و دیدێکی وردی پەروەردەییانە، هەوڵی داوە نەوەیەکی هۆشیار و نیشتمانپەروەر پەروەردە بکات. ناونانی کتێبەکە بە (پرتەقاڵ) ئاماژەیەکی پڕ مانا بۆ شیرینی، وزە و ئەو ڕەنگە گەشەی کە پێویستە لە خەیاڵدانی منداڵەکانماندا بچێنرێت.
تەوەرەکانی ناو ئەم کتێبە، گەشتێکی هەمەلایەنەن بە ناو ژیانی منداڵدا. کاتێک باس لە (دایک و باوک) دەکات، تەنیا شیعر نییە، بەڵکو فێرکارییەکە بۆ وەفا و خۆشەویستی. کاتێک دەچێتە سەر بابەتی (مامۆستا، قوتابخانە و پەرتووک)، منداڵ لە گرنگی زانست و ڕێزی ناوەندە فێرکارییەکان تێدەگەیەنێت. لایەنی هەرە جوانی ئەم بەرهەمە ئەوەیە کە تەنیا لە چوارچێوەی مرۆڤدا نەمێنێتەوە، بەڵکو بە زمانێکی سادە و شیعری، منداڵ ئاشت دەکاتەوە لەگەڵ (ژینگە، ئاڵا و نیشتمان).
لەلایەکی ترەوە، نووسەر بە وردبینییەکی زۆرەوە ئاوڕی لە وردەکارییەکانی دەوروبەری منداڵ داوەتەوە؛ لە (پەپوولە و پشیلە)وە تا دەگاتە بۆق و گیانەوەرانی دیکە، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی منداڵ هەستی بەزەیی و پاراستنی ژینگەی تێدا بچەسپێت. هەروەها باسکردنی کەرەستەکانی وەک (قەڵەم و دەفتەر)، گیانێکی زیندوو بە کەلوپەلەکان دەبەخشێت و وایان لێدەکات ببنە هاوڕێی نزیکی منداڵ.
ئەوەی پهرتووكی (پرتەقاڵ) لە کارە ئاساییەکان جیادەکاتەوە، ئەو ڕوحیەتە ئەکادیمی و پەروەردەییە ناوازهیه کە لە پشت هەر دێرێکییەوە وەستاوە. نووسەر توانیویەتی کێش و سەروا و مۆسیقای شیعر بخاتە خزمەت ڕاستگۆیی و پاکوخاوێنی، بە جۆرێک کە منداڵ بێ ئەوەی هەست بە ئامۆژگاری ڕاستەوخۆ بکات، وانە گەورەکانی ژیان فێرببێت.
دەستخۆشی لەم پێنووسە بڕشتە و ئەم هەستە نایابە دەکەین. بێگومان ئەم پەرتووکە دەبێتە تابلۆیەکی ناوازە لە کتێبخانەی کوردی و سەرچاوەیەکی دەوڵەمەند بۆ باخچەکانی منداڵان و خێزانەکان.
كتێبی پرتەقاڵ لە نووسینی برای زێدە ئازیزم مامۆستا (کاروان عەلی) ه، بە قەبارەیەکی جوان، بە تیراژی 1000دانە ، پێکهاتووە لە 190لاپەڕە.
بابەتەکانی ئەم پەرتووکە ناوازەو قەشەنگە، هۆنراوەی جیاوازن لە ژێر ناوی ( پرتەقاڵ) بەڵام هەر هۆنراوەیەک خوێندنەوەی بۆ منداڵان دڵنیام هەریەکەیان تامی سێو، هەرمی، مانگۆ، مۆز، هەنجیر، ترێ، هەنار، فرەوڵە، چەندان میوەی تر، دەدات.
دەستبردن بۆ نووسینی هۆنراوەی منداڵان کارێکی وا ئاسان و هەکازایی نییە، ئەم شێوازەی مامۆستا کاروان بەهرەو سەلیقەو حەزو ویستێکی تایبەتمەندو جیاوازە.
دەستنیشانکردن و ئاماژەی مانشێتەکان، لە کارو و بەکارهێنان و یاری و خوێندن لە قوتابخانە، دەرخەری خۆشەویستی هۆنراوەکانە بۆ منداڵان. کەواتە نووسەر تەنها بۆ خۆدەرخستن و ناو ناوبانگ کاری نەکردووە، بۆمان دەردەکەوێ، لە ڕووی پەروەردەیی، هەنگاوێکی گەورەیە، لە ڕووی فێرکردنەوە بایەخدانێکی ناوازەو ئیبرازکردنی هەست و خۆشەویستییە بۆ منداڵان لە دیدو بۆچوونی میوەوە، منداڵان هاندەدات خۆشەویستیان بۆ ڤیتامینات هەبێ، لە ڕوانگەی میوەشەوە حەزو ئارەزوویان بۆ هۆنراوەو شانۆ و چیرۆک و ڕۆمان هەبێ، بەڕای من ئەمەیە بابەتی پەروەردەو فێرکردن.
ئەم پەرتووکە جوانە پر لە وێنە ڕەنگاو ڕەنگە زۆر زیاتر هەڵدەگرێ لەسەری بنووسی، بەڵام نەوەی ئێستا دەڵێن باوی درێژدادری نەماوە، هیوای بەردەوامی و گهیشتن به لوتکەی بهرزتر بۆ ئەم نووسەرە بە ئەزموونە دەخوازم کە هەمیشە بە کارە ناوازەکانی، كتێبخانهی كوردی دهوڵهمهند كردووه.
