
شێخ سدیق
پیاڵەیەک چایی لەسەر مێزەکەم دانرابوو،
نەمدەزانی کێ بۆی داناوم .
بڕوام نەدەکرد ئەوە پیاڵە بێت.
ترسام بیخۆمەوە،
چونکە نەمدەزانی ئایا ئەوە پیاڵەیە
یان پەرداخێکە لە شەراب.
بە دوودڵی و ترسێکی زۆرەوە
هەر سەیری پیاڵەکەم دەکرد،
وەک ئەوە وابوو یەکەم جارم بێت پیاڵە ببینم.
سەیری ناو بازاڕەکەم کرد،
هیچ شتێک لەلام ئاسایی نەبوو.
سەیر بوو، زۆر سەیر بوو.
لە ڕاستیدا هیچ شتێک سەیر نەبوو.
تەنها پیاڵەیەک بوو.
هەستم کرد...
نازانم بۆ هەستم کرد.
خەو بوو؟ بڕوا ناکەم خەو بێت.
تێناگەم ئەم پیاڵەیە بۆچی بۆ من بووەتە کێشەیەکی گەورە.
لە ناوەڕاستی بازاڕەکەدا
پیاوێک لەسەر دەستەکانی دەڕۆیشت.
نازانم بۆ ئەم درۆیانە دەکەم.
ئایا بۆ ئەوەیە ئێوە بڕوام پێبکەن؟
بڕوا ناکەم درۆ بێت.
ئەوەتا سەدان درۆ لەناو بازاڕەکەدا وەک باڵدار دەفڕن.
ساڵانە فێستیڤاڵی گەورە بۆ پێشبڕکێ درۆ دەکرێت.
من هەرگیز بڕوا ناکەم کاری وا کرابێت.
سەرم لەناو پیاڵەکەدا نوقم بووە.
لە بری ئەوەی من چایەکە بخۆمەوە،
کەچی پیاڵەکە لەناو خۆیدا دەمی دەشاردەوە.
نازانم چۆن بە دەستی ئەم پیاڵە چایەوە گیرم خواردووە.
لە کۆڵانەکەی پشتی بازاڕەکەوە
پشیلەیەک عەرەبانەیەکی ڕای دەکێشا.
ئایا ئەمە ڕاستە؟
من هەرگیز بڕوا بە شتی وا ناکەم.
سەیرم لە خۆم دێت،
تۆ بڵێیت تایەکەم بەرز نەبێت.
ئەوەتا لەناو ئەم سەرما ترسناکەدا خەریکە دەسووتێم.
نا، بڕوا ناکەم.
ئەو پیاڵە چایە نەعلەتییە بۆ من بووەتە دەردێکی گەورە.
هەرچەند سەیری دەکەم، ئەمڕۆ تووشی بەڵایەکم دەکات.
من نازانم بۆ ئەم پیاڵە چایەم کردووە بە کێشەیەکی گەورە،
وەک ئەوەی یەکەم جارم بێت پیاڵە چایەک ببینم.
دوکانێک لە ناوەڕاستی بازاڕەکەدا هاواری دەکرد:
"پیاڵەیەک مەرگەموش!
بۆ کوشتنی پیاوێک بە یەک دینار!"
سەدان کەس بە دوای یەکدا وەستابوون بۆ کڕینی مەرگەموش،
بۆ ئەوەی ئێوارە یەک لە سووچێکی شەقامەدا بیخۆنەوە.
وابزانم ئەم پیاڵەی بەردەم منیش مەرگەموشی تێدایە.
ئای خوایە، نەمزانی ئەوە کێ بوو ئەم پیاڵەی بۆ من دانا.
خۆم هێنام؟
نەخێر، پیاوێک بۆی هێنام؟
نەخێر، من هەرگیز کاری وا لەگەڵ خۆمدا ناکەم.
چایچیەک لە مەسینەی ئاودەستا چای دەفرۆشت.
کەوتمە گومانەوە:
ئەو پیاوە چایەکەی بۆ من داناوە؟
ئایا خۆم بانگم کرد چایەکم بۆ بێنێ؟
بڕوا ناکەم، من چای مەسینە ناخۆمەوە.
بیرم هاتەوە:
کەس بۆی نەهێنام.
کە من هاتم، هەر خۆی پێشتر لێرە دانرابوو.
ڕەنگە کەسێک پێش من پڕی کردبێت لە مەرگەموش
بۆ ئەوەی ئێوارە نەڕواتەوە بۆ ماڵەوە.
نەخێر، ڕەنگە دینار لە گیرفانیدا نەبووبێت،
یان خاوەن خانووەکەی داوای کرێکەی لێکردبێت،
لە تاوا، خۆی کوشتبێت.
پیاڵە چایەک بۆ من بەڵایەک بوو.
بۆ من گەورەترین ترسناکی بوو.
دەستم بۆ دەبرد،
دەبوو بە بەرمیلێک لە باروت.
وەک ئەوەی ئێستا یان ساتێکی تر بتەقێتەوە
و هەموو بازاڕەکە بکات بە خۆڵەمێش.
نەمدەویست دەستی بۆ بەرم.
لە ناوەڕاستی پیاڵەکەدا دەبووم بە تابووتێک.
بڕوام بە چاوەکانی خۆم نەدەکرد.
هەندێک جار سەیری پیاڵەکەم دەکرد:
پیاڵەیەکی ئاسایی بوو، هیچ نەبوو.
نازانم بۆ بوو ،بوو بە شتێکی سەیر.
پیاڵەم لێ بوو بوو بە دێوو،
بە هیستر، بە کەر،
بوو بوو بە شتێکی ترسناک.
جار جار لەناو پیاڵەکەدا دانیشتبووم،
وەک ئەوەی من نەبم، ئەویش پیاڵە نەبێت.
کەچی من هەر خۆم بووم، ئەویش هەر پیاڵە.
بۆ دواین جار دەستم بۆ پیاڵەکە برد.
وەک ئەوەی تەزووی کارەبایەک بمگرێت.
بە توندی ڕایوەشاندم.
دوای ئەوە هێواش هێواش هەستم دەکرد
تاریکی چاوم داگیر دەکات.
بڕوام نەکرد ئەمە ڕاستییە یان خەونێکە.
لەناویدا بوومەتە تەرمێک.
نەم دەزانی ئەمە چییە ڕودەدا.
قاچەکانم بە بێدەنگی لە جەستەم جیا دەبوونەوە،
بەرەو ناوەڕاستی شەقامەکە دەڕۆیشتن.
هەر قاچێکم بە دوای پیاڵەکەدا ڕای دەکرد.
کەسێک بانگی کردم:
"قاچەکانت بەجێیان هێشتی!"
من هیچم نەوت،
چونکە نەمدەزانی ئەوەی ڕودەدا چییە.
لەناکاو وەک ئەوەی کۆترە دارێکی بەتەمەن ببڕێتەوە،
دەستەکانم بەجێیان هێشتم و جیابوونەوە.
هەریەکەیان بە دوای پیاڵەیەکدا ڕای دەکرد.
ژنێک لەو سەری بازاڕەکەوە بانگی لێکردم:
"دەستەکانت بەجێیاهێشتی!"
هیچم نەگوت،
چونکە نەمدەزانی ئەوەی ڕودەدا چییە.
خەریک بوو بڕوایەک بۆ خۆم دروست بکەم
کە من ئێستا لە خەوێکی قووڵدام.
لەناکاو پیاڵەکەم پێگوتم:
"ئەمە ڕاستییە.
ڕەنگە ئەمڕۆ تۆ لەناو مندا بمریت."
دڵم وەک ئەوەی کۆترێک لە دەستی منداڵێکی چەتوون ڕابکات،
لە جەستەم هاتە دەرەوە،
بەسەر مناڕەی مزگەوتێکەوە هەڵنیشت.
سنگم بوو بە قەفەسێکی بەتاڵ.
لاشەم وەک کۆترە دارێک لەسەر مێزەکە کەوت.
بووم بە پەیکەرێک لە ناوەڕاستی بازاڕەکەدا.
لەو ڕۆژە، هەموو ڕۆژێک
سەدان پیاوکوژ دێن بۆ سەیرکردنم.
پێم پێدەکەنن