
بەكر ئاڵەیی
چۆن بتوانم داگیرکردنی خۆم لە چوارچێوەی( با )دەرباز بکەم
کەمێک تاقەتی خۆناسینەوەم ماوە
لە ماڵێکدا خەریکی گۆرانی گوتنم
خەریکم بەتەنیا چۆپی دەگرم
بە زەرد بوونی گەڵای هەستەکانمدا هەڵدەدەم
ئاوێنەیەکم لە گیرفان دایە قسەی هەموو شارم بۆ دەگێڕێتەوە
گوێم لەو جنێوانەیە پیاوێک تۆمەتی خەیانەت بۆ ژنەکەی دروست دەکا
گوێم لەئاوێنەکە ڕاگرتووە ژنێک بەپێ دەچێتە سەرکتێبەکان
دڵێکی چکۆلە بەدەم مردنەوە دەچێتە مزگەوت
خەیاڵم تا دێت پەرتردەبێ
تادێت ڕەنگم بەدتردەبێ
دڵم پێمدەڵێ تۆ بەهەموو ڕەنگێک گۆرانی دەڵێی
بۆ هەموو کتێبەکان دەگری
لە قسەم دەرمەچۆ مەچۆ بەر ڕووناکی چرا
بە ڕاژاندنی (با) دەردی ئەو ڕووناکییە گرانتربووە
تیشکەکانی لە نەخۆشی دا خەریکە دەمرن
بە بێ تاقەتی دەڕۆنەوە ماڵی خودا
بە ڕێکەوتیش چیا نابینن
هێشتا کەمێک حاڵم لەسەرەخۆیە بافریای قوتاربوونی دڵم بکەوم
با گۆچانێک لە دەستی باران دروست بکەم تا چیرۆکی داگیرکردنم بهێنمەوە
بایەک هەڵیگرتووم بە تاریکییەکانی ئاسمانم دادەدا
دەنگی لێ داگیرکردووم
هەستی لە هەست کردووم
یەخەی خەونی گرتووم
دێت لە کراسەکەی منداڵیمدا دەخەوێ
لەگەڵ شەیتانیبوونمدا خەیانەت دەکا
ژەهرێکی فڕێداوەتەناو هۆشم ئەشکم بریندار دەکا
دەمەوێ خۆڕسکانە لەخۆمدا هەڵبم و کانییەک بمکوژێنێتەوە
لە خۆمدا ببم بەشیعر و گوڵێکی شەرمنی باخچەکەم لەبەرم کا
ئەگەر خۆم نەیخوێنمەوە کەس نەیبا
کەس ڕەتبوونی بریندارەکان نابینێ
(با) لە برینی چناردایە
لەسەر سێبەری دڵی من کەوتووە
پڕبەمن دەنگی بڵند دەکا بۆشێتی
بۆ ئاوس بوونی خەمێک لێناگەڕێ
(با) لە زەینی خۆم دەردەکەم
٣١/٧/٢٠٢٦
