حەمەسەعید حەسەن
(١)
ده‌توانین گاڵته‌ئامێزانه، خه‌م و ناسۆره‌کانمان ده‌رببڕین، ئاخر دیوارێک نییه، کۆمیدیا له تراژیدیا جیا بکاته‌وه. ده‌شێت له هه‌موو ده‌قێکی گاڵته‌جاڕیدا، شتێک له تراژیدیایش هه‌بێت. له‌و به‌رهه‌مانه‌یشدا که له خانه‌ی تراژیدیادا پۆلێن ده‌کرێن، که‌م و زۆر کۆمیدیا هه‌یه. ده‌شێت به کاریکاتێر که ده‌که‌وێته بواری کۆمیدیاوه، خه‌مه‌کانمان نمایش بکه‌ین و به بایاندا بده‌ین. کۆمیدیایش وه‌ک تراژیدیا هه‌ر له شانۆدا قه‌تیس نابێت، ده‌په‌ڕێته‌وه بۆ ناو سینه‌ما، ڕۆمان و شیعریش.
کۆمیدیا به سوود وه‌رگرتن له قۆشمه، توێکاری بۆ دیارده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌کات، به‌ڵام قۆشمه ته‌نیا له پێناوی قۆشمه‌دا، نا، به‌ڵکوو قۆشمه‌یه‌ک که ئامانجدار و هه‌ڵگری مانای قووڵ بێت، ئاخر ئه‌گه‌ر کۆمیدیا داکۆکی له به‌هایه‌کی جوان نه‌کات، یان به گژ ڕه‌وشێکی دزێودا نه‌چێته‌وه، ده‌بێته جۆرێک له سووکایه‌تی به خه‌ڵک و به خۆ کردن. کۆمیدیا که هانا بۆ جۆکیش ده‌بات، به مه‌به‌ستی ورووژاندنی پێکه‌نین نییه و به‌س، به‌ڵکوو بۆ ڕه‌خنه‌گرتنه له ڕه‌وتاری چینێک یان توێژێکی کۆمه‌ڵ و ده‌شێت ڕه‌خنه‌گرتنه‌که توند یان هێمن بێت، وه‌لێ له هه‌ر دوو باره‌که‌دا، پێویسته هونه‌ری بێت.
کۆمیدیا ئه‌گه‌ر له سه‌نگه‌ری هه‌ژاران و پشتگوێخراواندا نه‌بێت، ئامانج ناپێکێت. ئه‌گه‌ر به گژ ده‌سه‌ڵاتداری سته‌مکار و ئه‌وانه‌دا نه‌چێته‌وه که ئینسانبوونی خۆیان له ده‌ست داوه، ده‌بێته گه‌مه‌کردن به ئاوه‌زی خه‌ڵک. (تیری کۆمیدیا ڕووی له سینگی، نه‌فسنزمان، دووڕووان، بیرته‌سکان و بیر به به‌ردبووانه، ئه‌وانه‌ی وه‌ک ئینسان شێواون و کار له‌سه‌ر شێواندنی کۆمه‌ڵ ده‌که‌ن.)(١) نووسه‌ری کۆمیدیا هه‌میشه داکۆکی له تاک و توێژ و چینه سته‌ملێکراوه‌کان ده‌کات و هه‌رگیز ژن، که‌مینه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی یان ئایینی ناداته به‌ر پلار.
نووسه‌ری کۆمیدیا، پشتیگیری له واقیعی باو ناکات، خه‌ون به واقعێکی گه‌شتره‌وه ده‌بینێت، ئاخر سه‌ر به ئاینده‌یه، نه‌ک ڕابردوو، بۆیه ئه‌گه‌ر وه‌ک جێپێی چینایه‌تی و خانه‌واده، سه‌ر به خانه‌دانه‌کانیش بێت، هه‌ر له خزمه‌تی خه‌ڵکه ده‌ستکورته ساده‌که‌دا ده‌بێت و له‌بری ئه‌وه‌ی به دوای به‌رژه‌وندیی خۆیدا وێڵ بێت، بۆ ئه‌وانه له بۆسه‌دا ده‌بێت، ته‌نیا بیر له قازانجی خۆیان ده‌که‌نه‌وه و به‌رانبه‌ر به سه‌رده‌مه‌که‌ی و ئه‌و نه‌خۆشییانه‌ی کۆمه‌ڵ به ده‌ستیانه‌وه ده‌ناڵێنیت، خۆی به به‌رپرس ده‌زانێت.
ئه‌وه کۆمیدیا نییه، به زمانێکی زبری جنێوئامێز په‌لاماری که‌سایه‌تییه‌ک بدرێت، یان که‌موکووڕییه جه‌سته‌یییه‌کان و لایه‌نه ته‌واو تایبه‌تییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارێک، بکرێنه که‌ره‌سه‌ی پێکه‌نین. ئه‌وی له بواری کۆمیدیادا ده‌نووسێت، ناچێت خۆی بکاته لێبۆکێک که ئامانجی ته‌نیا وه‌پێکه‌نینهێنانی وه‌رگر بێت، پێکه‌نینێک به‌رهه‌م ده‌هێنێت، سوودی بۆ خه‌ڵک و زیانی بۆ ده‌سه‌ڵاتداری سته‌مکار پێیه و که به (ته‌وس)یشه‌وه ده‌نووسێت، ڕێساکانی گه‌مه‌که ڕه‌چاو ده‌کات و له سه‌نگه‌ری دژایه‌تیکردنێکی ئەم یان ئەو کەسایەتییە‌وه ناپه‌یڤێت.
(٢)
وه‌ک چۆن وه‌رزش، له‌ش له چه‌وری قوتار ده‌کات، (قۆشمه)یش ئینسان له بێزاری ده‌پارێزێت. ئه‌گه‌ر بۆ میتۆلۆژیای یۆنان بگه‌ڕێینه‌وه، ده‌بینین بوارێکی زۆری بۆ قۆشمه ڕه‌خساندووه. قۆشمه، که ئه‌رستۆ گوته‌نی: (به‌ردی بناغه‌ی کۆمیدیایه،) یه‌کێکه له دوژمنه هه‌ره سه‌رسه‌خته‌کانی ده‌سه‌ڵاتداری سته‌مکار و ئه‌و لایه‌نانه‌ی ژیانی که‌سی به‌ئامانجکراو ده‌داته به‌ر ڕووناکی که پێکه‌نین ده‌ورووژێنن. ئه‌رستۆ هێنده به‌ڕێزه‌وه، له قۆشمه‌ی ده‌ڕوانی، به (لوتکه‌ی جوانی و هونه‌ر)ی نێوزه‌د ده‌کرد. له کۆمیدیادا، (جۆک)یش بایه‌خێکی زۆری هه‌یه، به تایبه‌تی کاتێک سوود له قوتبوونه‌وه‌ی له‌ناکاوی هه‌ندێک وشه و ده‌ربڕینی چاوه‌ڕێنه‌کراو وه‌رده‌گیرێت.
له سه‌ده تاریکه‌کانی ناڤین‌دا، که‌نیسه جیاوازییه‌کانی نێوان شانۆ، سێرک و گه‌مه‌ی نه‌ده‌بینی و وه‌ک یه‌ک به گژ هه‌موویاندا ده‌چووه‌وه، ته‌نانه‌ت که باس ده‌هاته سه‌ر ڤێنووسی خوداوه‌ندی جوانی و باخۆسی خوداوه‌ندی مه‌ی، ئه‌میانی به سێکسفرۆش و ئه‌ویانی به سه‌رخۆش له قه‌ڵه‌م ده‌دا. چونکه کۆمیدیا بایه‌خی به خۆشییه‌کانی ئه‌م دنیا ده‌دا، ئه‌شکه‌نجه و سزای ئه‌و دنیای فه‌رامۆش ده‌کرد، گاڵته‌ی به دابونه‌ریته سه‌رده‌مبه‌سه‌رچووه‌کان و مۆچیارییه له‌که‌ڵککه‌وتووه‌کانی که‌نیسه ده‌هات، زوو زوو بۆ تیری غه‌زه‌بی پیاوانی ئایین ده‌بووه نیشانه، به‌ڵام ململانێی نێوان کۆمیدیا و که‌نیسه، به سه‌رکه‌وتنی یه‌که‌میان دوایی هات و قۆشمه و جۆک و گه‌مه گه‌یشتنه نێو که‌نیسه‌یش، به‌تایبه‌تی له‌و ڕۆژه‌دا که (جه‌ژنی شێته‌کان)ی پێ ده‌گوترا.
قۆشمه زاده‌ی ئه‌و سه‌رکوتکردنه‌یه، ئینسان گیری به ده‌ستییه‌وه خواردووه. فرۆید پێی وابوو، قۆشمه به‌رهه‌می(له‌بیدۆ: وزه‌ی سه‌رکوتکراوی سێکسییه) و ئینسان هه‌م وه‌ک چه‌کێک به‌رانبه‌ر ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی ده‌وروبه‌ر که هه‌ڕه‌شه له (خود)ی ده‌که‌ن، ده‌یخاته گه‌ڕ و هه‌م چێژیشی لێ وه‌رده‌گرێت. فرۆید به‌بایه‌خه‌وه باسی جۆکی کردووه و وای بۆ چووه، ئه‌وی خاوه‌نی خه‌یاڵێکی به‌پیت و فراوان نه‌بێت، نه توانای دروستکردنی نوکته‌ی هه‌یه و نه چێژیشی لێ وه‌رده‌گرێت. هه‌نری بێرگسۆن ده‌یگوت: قۆشمه پێوه‌ندیی به ئینسانیبوونی مرۆڤه‌وه هەیە، له کاتێکدا سۆزی بزره و عه‌قڵی حازره. لای بێرگسۆن قۆشمه، بۆ ڕاستکردنه‌وه‌ی چه‌وتییه‌کان، ڕۆڵێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی کاریگه‌ر ده‌بینێت و به گژ ئه‌و ده‌ستڕۆییشتووه دووره‌په‌رێزانه‌دا ده‌چێته‌وه، لووتیان له هه‌ور ده‌خشێت.
ده‌ڵێن پێکه‌نینی جوو، به مه‌به‌ستی خۆ پاراستنه له گریان و جوو بۆ داکۆکی له خۆ کردن، هانای بۆ قۆشمه بردووه. ده‌ڵێن که نووسراوی دێرینی جوو له قۆشمه خاڵییه، له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌وه‌یه، گه‌لێکی سته‌ملێکراو بوون، به‌ڵام ڕاستییه‌که‌ی زۆر جار قۆشمه، زاده‌ی هه‌لومه‌رجی دژواره و غه‌یری ده‌سه‌ڵاتی ئایین، هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی دیکه نه‌یتوانیوه به‌ری پێ بگرێت. گه‌لێک جار پیاوانی ئایین، به‌چاوپۆشین له‌وه‌ی بانگه‌شه‌یان بۆ کام ئۆل کردووه، به پاساوی ڕه‌وشتپارێزی، ئه‌وانه‌یان وه‌به‌ر ڕێژنه‌ی پلار داوه، که له بواره‌یلی قۆشمه، گاڵته، جۆک و شۆخیدا چالاک بوون.(٢)
(٣)
بۆ به گژدا چوونه‌وه‌ی دیکتاتۆر، قۆشمه یه‌کێکه له چه‌که هه‌ره کاریگه‌ره‌کان، ئاخر لای دیکتاتۆر، هیچ شتێک له‌وه ناخۆشتر نییه، له ڕه‌وشێکی وه‌هادا خۆی ببینێته‌وه، که بووە به هه‌وێنی پێکه‌نینی خه‌ڵک. ئه‌وه به‌لای سته‌مکاره‌وه وه‌ک ئاسایی وایه، به‌ره‌و ڕووی مه‌ترسی ببێته‌وه، یان خه‌ڵک ڕکیان لێی بێت، به‌ڵام وه‌ختێک گه‌یشته ئه‌وه‌ی، ببێته مایه‌ی پێکه‌نینی میلله‌ت، ئیدی ناتوانێت درێژه به سته‌م بدات و هێنده‌ی پێ ناچێت، وه‌ک سته‌مکار کۆتایی پێ دێت.(٣)
له چواری ته‌ممووزی ٢٠١٢دا، دوو رۆژنامه‌نووسی سویدی، به مه‌به‌ستی گاڵته‌کردن به ئالێکسانده‌ر لوکه‌شینکۆی دیکتاتۆری ڕووسیای سپی، له فڕۆکه‌یه‌کی تایبه‌تییه‌وه، له به‌رزایییه‌کی که‌مه‌وه، هه‌شت سه‌د به‌چکه‌ورچی په‌ڕۆینه‌یان، به په‌ڕه‌شووت، به‌سه‌ر ته‌لاری ئه‌و دیکتاتۆره‌دا، به‌ر دایه‌وه. په‌ڕه‌شووته‌کان لێیان نووسرابوو، به‌ڵێ بۆ ئازادیی بیروڕا ده‌ربڕین. ئایا ئه‌وه، لوتکه‌ی گاڵته پێ کردن نییه، دیکتاتۆرێک به‌چکه‌ورچ باران بکرێت؟
گه‌لێک ڕۆمان نووسراون، ده‌که‌ونه خانه‌ی کۆمیدیاوه، به‌ڵام هیچیان هێنده‌ی (ناوی گوڵەباخ)ی ئێمبێرتۆ ئێکۆ، بایه‌خیان به قۆشمه نه‌داوه. ئه‌و کاره‌ی ئێکۆ، هه‌م لوتکه‌ی داهێنانه له بواری ڕۆماننووسیندا و هه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی زانستیشه، له‌باره‌ی قۆشمه‌وه. ڕووداوه‌کانی ڕۆمانه‌که له (که‌نیسه)یه‌کدا ڕوو ده‌ده‌ن، که تێیدا (قه‌شه)یه‌ک، ده‌ستنووسێکی به‌ناوبانگی لایه، بریتییه له به‌شی دووه‌می کتێبی (هونه‌ری شیعر)ی ئه‌رستۆ که تایبه‌ته به کۆمیدیا.
چونکه وا بڵاو بووه‌ته‌وه، ئه‌وی ئه‌و ده‌ستنووسه دانسقه‌یه بخوێنێته‌وه، به جۆرێک دڵ و ده‌روونی ده‌گه‌شێته‌وه، ئیدی هەرگیز بێزار و خه‌مناک نابێت و بۆ جیهانێک هه‌ڵده‌کشێت، نه خه‌می تێدایه و نه بێزاری، بۆیه که‌سانێکی زۆر، به مه‌به‌ستی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستنووسه، ڕوو له‌و په‌رستگه‌یه ده‌که‌ن. قه‌شه‌ی به خاوێن ناوبانگ ڕۆییشتوو، ده‌ست به ڕووی که‌سه‌وه نانێت، هه‌ر که‌س بخوازێت، ده‌ستنووسه‌ی ده‌خاته به‌ر ده‌ست، وه‌لێ ئه‌وی ڕێی بکه‌وێته ئه‌و ژووره‌ی ده‌ستنووسه‌که‌ی لێیه، ئه‌وه‌نده‌ی پێ ناچێت، ده‌مرێت!
تومه‌س مه‌که، قه‌شه ده‌ستنووسه‌که‌ی په‌ڕه په‌ڕه ژاراوی کردووه، چونکه ئه‌ویشی خه‌ریکی خوێندنه‌وه‌ی ده‌بێت، ناچاره بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی په‌ڕه‌کان، په‌نجه‌ی به زمانی ته‌ڕ بکات، ئیدی زۆری پێ ناچێت، گیان له ده‌ست ده‌دات. قه‌شه بۆیه ئه‌و کاره‌ی کردووه، چونکه پێی وابووه، نووسینه‌کانی ئه‌رستۆ، دژی کریستیانیزمن و ڕه‌نگه کتێبی (کۆمیدیا)یه‌که‌ی، ئه‌وه‌یشی که له ئایینی مه‌سیح ماوه، تێکوپێکی بدات. بۆیه خواستوویه‌تی له‌و ڕێگه‌یه‌وه، پێکه‌نین لەنێو ببات که به دوژمنی سه‌ره‌کیی ئایینی زانیوه.
کولتووری کریستیانیزم، ترسێکی زۆری له قۆشمه هه‌بوو، ئه‌وه‌ی پێ خراپ بوو، خه‌ڵک به به‌زم و پێکه‌نین، ژیان به‌سه‌ر ببه‌ن و چێژ له قۆشمه وه‌ربگرن، کولتوورێک بوو، وه‌ک به‌دگۆڕان و به‌دڕه‌وشتی، سه‌رنجی پێکه‌نینی ده‌دا و به دوژمنی سروشتی ئینسانی ده‌زانی. ئه‌وسا قه‌شه‌کان پێیان وابوو، پێکه‌نین ده‌بێته چه‌کێک به ده‌ستی خه‌ڵکه‌وه، ئیدی هه‌موو شتێک به قۆشمه تێده‌گه‌ن و نه سه‌ر بۆ سوڵتان نه‌وی ده‌که‌ن، نه بۆ یه‌زدان. ئێمبێرتۆ ئێکۆ ده‌ڵێت: (پێکه‌نین توانای گۆڕینی مێژووی هه‌یه، ئاخر عه‌وام فێری ئه‌وه ده‌کات، نه له سته‌مکار بترسن، نه له شه‌یتان، ئاخر به هۆی پێکه‌نینه‌وه، خه‌ڵک هه‌ست به ئازادی ده‌که‌ن و خۆیان ده‌بن به سه‌روه‌ری خۆیان.)
(٤)
کولتووری عه‌ره‌بیی ئیسلامی، بایه‌خێکی زۆری به قۆشمه داوه و سه‌رنجی هه‌ر بوارێکی ئه‌و کولتووره بده‌ین، ئیدی شیعر بێت، په‌خشان بێت، یان مه‌قامه، له قۆشمه خاڵی نییه و تووشی هێنده حه‌کایه‌تی سه‌رنجڕاکێش ده‌بین، که بۆ خۆشی و پێکه‌نین، له باره‌ی که‌سانی گێل و چاوچنۆکه‌وه هۆنراونه‌ته‌وه، که نایه‌نه هه‌ژمار و گاڵته‌یه‌کی زۆریش به‌وانه کراوه که خۆیان پێ زانای دوازده زانست بووه و له ڕاستیدا جاهیلێک بوون له‌و گۆڕه.
وه‌ک چۆن ئه‌ده‌بی قۆشمه هه‌وادارێکی زۆری هه‌بووه، که‌سانێکی زۆریش هه‌بوون به گژی‌دا چوونه‌ته‌وه. له کاتێکدا هه‌وادارانی، وه‌ک ئه‌ده‌بێکی باڵا سه‌رنجیان داوه، نه‌یارانی نه‌فره‌تیان لێ کردووه. له دیوه‌خانی گه‌له‌ک له پیاوانی ده‌ستڕۆییشتووی عه‌ره‌بدا، هه‌میشه قۆشمه‌چییه‌ک یان نوکته‌بازێک هه‌بووه و به گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی سه‌یر و نوکته‌ی خۆش، دڵی (میر) و میوانه‌کانی شاد کردووه.
(وأنه هو أضحک وأبکی وأنه هو أمات وأحیا. نه‌جم ٤٣ و ٤٤) (پێکه‌نین و گریان به ده‌ست خۆیه‌تی، مردن و ژیانیش.) خودا پێکه‌نینی له ئاستی ژیان و گریانی له ئاستی مردن‌دا داناوه، ڕه‌نگه ئه‌مه به دڵی ئه‌وانه نه‌بێت، که ڕێز له ئه‌ده‌بی گاڵته‌جاڕی ناگرن. له‌و دوو ئایه‌ته‌دا، له‌فف و نه‌شر هه‌یه که یه‌کێکه له ته‌کنیکه‌کانی ئه‌ده‌بی دێرین. له‌فف و نه‌شر، ئه‌وه‌یه، بۆ نموونه له پێشدا باسی پێکه‌نین و گریان ده‌که‌ین و دواتر باسی ژیان و مردن، پێکه‌نینه‌که پێوه‌ندیی به ژیانه‌وه هه‌یه و گریانیش به مردنه‌وه. ئه‌گه‌ر ڕیزبه‌ندیی وشه‌کانی دوایی، وه‌ک هی پێشوو وابوو، له‌فف و نه‌شره‌که، موره‌تته‌به، ئه‌گه‌ر به هه‌مان ڕیزبه‌ندی نه‌بوو، ئه‌وا له‌فف و نه‌شره‌که، موشه‌ووه‌شه، وه‌ک له‌و دوو ئایه‌ته‌دا هه‌یه.
قۆشمه لای جاحیز، ژانرێکی ئه‌ده‌بییه و یه‌کێکه له پێویستییه‌کانی ژیان که خۆشی و چێژ به ئینسان ده‌به‌خشێت. ئه‌بوو حه‌ییانی ته‌وحیدی، به قۆشمه به‌ره‌نگاری ناخۆشی و دژوارییه‌کانی ژیان ده‌بووەوە و گاڵته‌ی به واقیعی تاڵ و سه‌خت ده‌هات. ڕژدبوون و قۆشمه‌کردن، وه‌ک خێر و شه‌ڕ، ناکۆک و دژ به یه‌ک نین، به‌ڵکوو قۆشمه به‌و مه‌به‌سته ده‌خرێته گه‌ڕ، تا ڕژدبوون ئه‌رکی خۆی جێبه‌جێ بکات. قۆشمه، شه‌ڕ نییه، وه‌لێ ئه‌گه‌ر له شێوه‌ی شه‌ڕیشدا پیشان بدرێت، بۆ ئه‌وه ده‌خرێته گه‌ڕ، خێر هه‌ر به‌رده‌وام بێت و جوانتر خۆی نمایش بکات. لای جاحیز و لای (ته‌وحیدی)یش، قۆشمه بۆ ئه‌وه‌بوو، دوای ڕژدبوونێکی زۆر، ده‌روونمان بحه‌وێنێته‌وه و وزه‌ی نوێمان بۆ ئیشی باش، پێ ببه‌خشێت، به‌ڵام (حوسه‌ری) پێی وابوو، له‌گه‌ڵ هاتنی قۆشمه‌دا، ئایین بزر ده‌بێت.
(غه‌زالی)یش که ده‌رگه‌ی به ڕووی قۆشمه‌دا کڵۆم دابوو، ده‌یگوت: (له‌گه‌ڵ که‌سی مه‌زندا شۆخی مه‌که، ڕقت لێ هه‌ڵده‌گرێت، له‌گه‌ڵ که‌سی هیچوپووچیشدا مه‌یکه، بێڕێزیت پێ ده‌کات.) ئه‌و دوژمنی پێکه‌نینیش بوو، به به‌ڵایه‌کی گه‌وره‌ی ده‌زانی و ته‌نیا بزه‌یه‌کی به لاوه په‌سه‌ند که ددانی تێدا ده‌رنه‌که‌وێت. لای ئه‌و قۆشمه، بریتی‌بوو له پیشاندانی خه‌وشی که‌سێک، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته مایه‌ی پێکه‌نین، بۆیه به حه‌رامی له قه‌ڵه‌م ده‌دا. ده‌ڵێن په‌یامبه‌ر له‌ناو یاوه‌رانیدا، له هه‌مووان ڕووخۆشتر و ده‌مبه‌پێکه‌نینتر بووه، بۆیه هه‌ندێک وای بۆ ده‌چن، نه‌ده‌بوو غه‌زالی، شتێک که په‌یامبه‌ر ڕێی پێ داوه، حه‌رام بکات.
(٥)
که ئاسمان ده‌گری، زه‌وی پێده‌که‌نێت، له‌وێدا گریان، بارانه و پێکه‌نین، گوڵ و گژوگیا. که لای هۆمیرۆس، خوداوه‌نده‌کانیش، وه‌ک به‌شه‌ر پێده‌که‌نن و گه‌مه و قۆشمه ده‌که‌ن، پلاتۆن ئه‌وه‌ی بۆ به هه‌ڵه له قه‌ڵه‌م ده‌دات و ده‌ڵێت: ئه‌و ڕه‌وتارانه، له‌گه‌ڵ پله‌ی خوداوه‌نده‌کاندا، که سه‌رقاڵی به‌ڕێوه‌بردنی گه‌ردوون و بڵاوکردنه‌وه‌ی دادپه‌روه‌رین، ناگونجێن. لای پلاتۆن، خوداوه‌ند ئه‌گه‌ر جڵه‌وی هه‌ست له ده‌ست بدات، توانای ئیشی چاکی نامێنێت و خراپه‌کاری بڵاو ده‌بێته‌وه.
وه‌ک چۆن موزیک، خۆراکی گیانه، پێکه‌نینیش خۆراکی ده‌روونه، ئه‌وه بۆیه ئیبن ئه‌لجووزی (١١١٦ - ١٢٠٠) وای بۆ ده‌چوو، قۆشمه ده‌روون ده‌حه‌وێنێته‌وه و ده‌یگوت: (پێکه‌نین و جۆک، ده‌روون چوست و چالاک ده‌که‌ن، هانی ده‌ده‌ن، به خۆشییه‌وه به‌ره‌و ڕووی سه‌ختییه‌کانی ژیان ببێته‌وه.) ئه‌و پێی وابوو، ئه‌گه‌ر زانایان بایه‌خ به قۆشمه نه‌ده‌ن، ناتوانن وه‌ک پێویست چالاک بن و ئه‌وانه‌ی خۆیان له قۆشمه به‌دوور ده‌گرن، ئاره‌زوویان بۆ ڕاپه‌ڕاندنی ئیشی سه‌خت که‌متر ده‌بێته‌وه.
ڕه‌نگه ئه‌حمه‌د ئه‌لتیفاشی (١١٨٤ - ١٢٥٣) له دنیای ئیسلامدا بێوێنه بێت، ئاخر له بواری گێڕانه‌وه‌ی قسه‌ی خۆش و نوکته و هه‌واڵی سێکسیدا، سنووری نه‌ده‌ناسی و ڕووهه‌ڵماڵروانه، به‌سه‌رهاتی ده‌ویت و سۆزانی و هاوڕه‌گه‌زبازانی ده‌نووسییه‌وه و به‌وپه‌ڕی ورده‌کارییه‌وه، باسی تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ده‌کردن. ئه‌و ده‌یگوت: به هۆی قسه‌ی خۆشه‌وه، عه‌قڵ به‌ره‌و به‌رزایی هه‌ڵده‌کشێت، ژه‌نگ به دڵه‌وه نامێنێت و ئه‌وی هۆگری قۆشمه نه‌بێت، ئه‌نگوستی په‌شیمانی ده‌گه‌زێت.
تیفاشی ده‌ڵێت: من کتێبی (نزهة الألباب فیما لا یوجد فی کتاب)م بۆ که‌سانی ده‌سته‌بژێر نووسیوه، بۆ ئه‌و توێژه لێزانه‌ی له قۆشمه تێده‌گه‌ن و شیاوی ئه‌وه‌ن قسه‌ی خۆشیان بۆ بکه‌یت، نه‌ک بۆ عه‌وام که له هیچ حاڵی نابن. هه‌روه‌ها ده‌یگوت: کردنه‌وه‌ی دڵی خۆت، یه‌کێکه له خه‌وشه‌کانت، بۆیه ته‌نیا بۆ که‌سانی جێی متمانه و شیاوی بکه‌وه، خۆت له‌وانه بپارێزه، ئامانجی قۆشمه، ته‌نیا له پێکه‌نیندا، چڕ ده‌که‌نه‌وه. چارلی چاپلنیش، ئه‌و گرفته‌ی هه‌بوو، عه‌وام له په‌یامی تێنه‌ده‌گه‌یشتن و هه‌ر پێی پێده‌که‌نین.
په‌یامبه‌ری ئیسلام له‌گه‌ڵ ژن و که‌سوکاری خۆی و له‌گه‌ڵ یاوه‌رانی و له‌ته‌ک بێگانه‌یشدا قسه‌ی خۆش و قۆشمه‌ی کردووه. جارێک که خاتوو عائیشه‌ی ژنی لێی ده‌پرسێت: ئه‌گه‌ر له دۆڵێکدا، دوو دره‌خت هه‌بن، یه‌کێکیان لێی خورابێت و یه‌کێکیان نا، له سایه‌ی کامیاندا، حوشتره‌که‌ت تاقه‌ت ده‌که‌یت؟ ده‌بێژێت: له سایه‌ی ئه‌وه‌یاندا که لێی نه‌خوراوه. لێره‌دا دره‌خت، ئافره‌ته، ئه‌وه‌ی لێی خوراوه، ژنه و ئه‌وی تر کچێکی پاکیزه. عائیشه مه‌به‌ستی ئه‌وه بووه، خۆی تاقه ژنی په‌یامبه‌ر بووه که به کچێنی چووه‌ته کنی.
په‌یامبه‌ر پێی وابووه، قۆشمه وره به‌رز ڕاده‌گرێت و ده‌روون له پۆخڵی، خاوێن ده‌کاته‌وه، بۆیه که له‌سه‌ره‌مه‌رگیشدا بووه، له قۆشمه‌کردن نه‌که‌وتووه و به فاتیمه‌ی گوتووه: کچم مه‌گری، تۆ یه‌که‌م که‌سی من ده‌بێت، ده‌گه‌یته لام، به‌و شۆخییه، فاتیمه‌ی وه‌پێکه‌نین هێناوه. جارێک ژنێکی به‌ساڵداچوو، داوا له په‌یامبه‌ر ده‌کات، نزای بۆ بکات تا به به‌هه‌شت شاد ببێت. په‌یامبه‌ر سه‌ره‌تا پێی ده‌بێژێت: پیرێژن ناچێته به‌هه‌شته‌وه، دواتر مه‌به‌ستی خۆی بۆ ڕوون ده‌کاته‌وه که ژنان له هه‌ر ته‌مه‌نێکدا بمرن، به کچێنی ده‌چنه به‌هه‌شت.
(٦)
له نێوان ئه‌و گه‌لانه‌دا که بڕوایان به زیندووبوونه‌وه هه‌یه، ئه‌وه سه‌یر نییه، ئه‌وی له سه‌ره‌مه‌رگدایه، به ڕوویه‌کی خۆشه‌وه، پێشوازی له مردن بکات و که‌سوکاریشی بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی باری گرانی مه‌رگ، ئاهه‌نگ بگێڕن. په‌یامبه‌ر گوتوویه‌تی: (ئه‌وی خۆشی بخاته دڵی موسڵمانانه‌وه، خودا به به‌هه‌شت پاداشتی ده‌داته‌وه) و بڕوای به‌وه هه‌بووه، خۆشییه‌کانی دنیا، تێکه‌ڵ به سرووته پیرۆزه ئایینییه‌کانیش بکرێن، ئه‌وه بۆیه قۆشمه له گوته‌کانیدا ئاماده‌یه و ئه‌وه‌ی به‌لاوه باش بووه، بۆ بانگه‌شه‌کردن بۆ ئایینی ئیسلام، سوود له قۆشمه وه‌ربگیرێت و هه‌وڵی داوه، به ده‌م گه‌مه و قۆشمه‌وه، منداڵان فێری کاروباری دین و دنیا بکات. زۆر جاریش به کۆتری قۆشمه‌دا، ڕژدترین په‌یامی ناردووه، به‌ڵام له‌وپه‌ڕی قۆشمه‌کردنیشدا، سه‌نگینیی خۆی پاراستووه.
وه‌ک قه‌زوینی ده‌یگێرێته‌وه: جارێکیان په‌پووه‌سلێمانه، سلێمان په‌یامبه‌ر و له‌شکره‌که‌ی بۆ دوورگه‌یه‌ک داوه‌ت ده‌کات. په‌پووه‌سلێمانه کولڵه‌یەک ده‌کوژێت و فڕێی ده‌داته زه‌ریاوه و پێیان ده‌ڵێت: فه‌رموون بخۆن! ئه‌وی گۆشتی به‌رنه‌که‌وت، با به گۆشتاو خۆی تێر بکات. که‌واته گرێدانی ئایین به قۆشمه‌وه، له سه‌رده‌می په‌یامبه‌ری ئیسلامه‌وه ده‌ست پێ ناکات، زووتریش به پێوه‌ند له‌گه‌ڵ ئاییندا هه‌بووه و ئه‌وه هه‌ڵه‌یه، ئه‌گه‌ر پێمان وابێت، شتی هاوبه‌ش له نێوان ئایین و قۆشمه‌دا نییه و دوو دنیای دژبه‌یه‌کن.
ئه‌ده‌بی گاڵته‌جاڕی، ئاوێنه‌یه‌کی ڕاستگۆیه، خه‌وشه‌کانی کۆمه‌ڵ پیشان ده‌دات، داکۆکی له به‌ها بڵنده ئینسانییه‌کان ده‌کات، ئاستی هۆشیاری خه‌ڵک به‌رز ده‌کاته‌وه، گه‌نده‌ڵی به دیار ده‌خات، چه‌کێکی خه‌باتی کۆمه‌ڵایه‌تییه و به گژ سته‌مدا ده‌چێته‌وه. کۆمیدیا، تێکه‌ڵه‌یه‌که له شیرینی و تاڵی، شیرینییه‌که‌ی پێکه‌نین ده‌ورووژێنێت و تاڵییه‌که‌ی ڕه‌خنه‌یه‌کی زبره و ڕه‌نگه ئامانجی، له ڕۆشنکردنه‌وه‌ی به‌رچاوی زۆربه‌ی خه‌ڵکدا، چڕ ببێته‌وه. ئه‌وه ئه‌ده‌بی گاڵته‌جاڕییه که قسه‌ی دڵی زۆربه‌ی بێده‌نگ ده‌کات و له چڕترین پێناسه‌یدا، گریانه له ڕێی پێکه‌نینه‌وه و پێکه‌نینه به هۆی گریانه‌وه، به ده‌ربڕینێکی دیکه، (قوڵپی پێکه‌نین) و (زه‌رده‌خه‌نه‌ی هه‌نسکه.)*
قۆشمه که هه‌وێنی پێکه‌نینه، ده‌نگدانه‌وه‌ی خه‌م و خه‌فه‌ته، ئاخر ئه‌گه‌ر قۆشمه نه‌بووایه، ئه‌و خه‌ڵکه به چی خه‌میان به با دابا؟ قۆشمه هه‌ڵاتن نییه له واقعێکی تاڵ، به‌گژداچوونه‌وه‌ی واقیعێکی تاڵه. ئه‌وه‌ی که قۆشمه بایه‌خێکی زۆر به سێکس بدات، زاده‌ی چه‌پاندن و برسییه‌تییه بۆ ئه‌و پێویستییه و له پێناوی چێژ لێ وه‌رگرتندایه. له کۆمه‌ڵگه‌ی بابسالاردا، قۆشمه‌ی نێو پیاوان که پێوه‌ندیی به سێکسه‌وه هه‌بێت، ڕووی مه‌جلیسێکی نییه، ژنی تێدا بێت.
ئاخۆ که‌س، توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه، ژیان له دنیایه‌کدا به‌سه‌ر ببات، قۆشمه‌ی تێدا نه‌بێت؟ ڕه‌نگه که‌س به‌رگه‌ی ژیان له دنیایه‌کی مڕومووچدا نه‌گرێت، ئاخر ئه‌گه‌ر پێکه‌نین نه‌بێت، ئینسان نه دڵی به دنیا خۆش ده‌بێت و نه هیوایه‌کی ده‌بێت له پێناویدا بژی. چونکه ئینسان زینده‌وه‌رێکی ده‌مبه‌خه‌نده‌یه، ته‌نانه‌ت ته‌وحیدی که به فه‌یله‌سووفێکی ڕه‌شبینه، بایه‌خێکی زۆری به قۆشمه ده‌دا و قۆشمه‌ی وه‌ک چه‌کێک بۆ داکۆکی له خۆ کردن، له به‌رانبه‌ر سه‌ختییه‌کانی ژیاندا به‌کار ده‌هێنا.(٤)
(پێم بڵێ هاوڕێکانت کێن؟ پێت ده‌ڵێم تۆ کێیت.) ده‌توانین، ئه‌م گوته‌یه وا لێ بکه‌ین: (پێم بڵێ به چی پێده‌که‌نیت، پێت ده‌ڵێم تۆ کێیت.) که‌واته وه‌ک چۆن ده‌ڵێن: شاعیر، شێوازه، ڕه‌نگه بوێرین بڵێین: ئینسان، پێکه‌نینه، ئاخر هیچ شتێک هێنده‌ی پێکه‌نین، ڕاستگۆیانه خودی ئینسان بەرجەستە ناکات. ئه‌گه‌ر پێکه‌نین نه‌بووایه، ئینسان له به‌رده‌م دژوارییه‌کانی ژیاندا، هه‌ره‌سی ده‌هێنا.
*
(١) لیلی العبیدي، الفکه في الإسلام. دار الساقي ٢٠١٠ لندن.
(٢) عمر شبانة، السخریة بهارات السرد الإماراتي ٢٥/ ٦/ ٢٠١٢ الإتحاد الثقافي.
(3) Elisabeth Marmorstein, Målet är att människor skrattar åt diktatorn. Aftonbladet 04.07.2012 Stockholm.
(٤) مهدی عابدي و نصرالله شاملي، الفکاهة والهزل في أثار أبی حیان التوحیدي.
(*) (قوڵپی پێکه‌نین) و (زه‌رده‌خه‌نه‌ی هه‌نسک) ناونیشانی دوو کتێبی نووسه‌ری ئه‌م باسه‌ن.