
ستار ئەحمەد
دەقی بابەتەکە دەڵێت:
یەکێک لە چاکەکانی ئایین ئەوەیە، کە بجەنگیت دژی بێباوەڕان، بەڵام ژنەکانیان نەکوژیت، بەڵکوو دەستیان بەسەردا بگریت و مافی ئەوەت هەبێت پەیوەندی سێکسییان لەگەڵدا ببەستیت وەک ئەوەی هاوسەرت بن، بەڵام بێئەوەی هاوسەرت بن، هەروەها مافی ئەوەت هەبێت بیانفڕۆشیت." ئەم نووسینە تەنیا رستەیەک نییە بۆ گێڕانەوەی مێژوو، بەڵکو پەنجەرەیەکی گەورەیە بۆ ناو قووڵایی ئەو کێشە هزرییانەی، کە مرۆڤی هاوچەرخ لەگەڵ ڕابردووی خۆیدا هەیەتی. کاتێک دەقێک دەخوێنێتەوە ،کە تێیدا مرۆڤ دەکرێت بە کاڵا و جەستەی ژن دەکرێت بە بەشێک لە دەستکەوتی جەنگ، ئێمە لێرەدا لەبەردەم پێکدادانی دوو جیهانبینی جیاوازداین، کە یەکێکیان هی بیابان و شمشێر و دەسکەوتە، ئەوی تریان هی زانست و مافی مرۆڤ و ئازادییە.
ئەگەر لە لایەنی ژینگەیی و کات و شوێنەوە دەست پێبکەین، دەبینین ئەم جۆرە دەقانە بە تەواوی لە ناو خۆڵ و تۆزی بیابانی سەدەکانی ناوەڕاستدا چەقیوون، چونکە هەموو ئەو وشانەی تێیدا بەکار هاتوون وەک وشتر و ئەسپ و دەستکەوت و کەنیزەک، ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی ئەو ژینگە ئابووری و کۆمەڵایەتییەن، کە جەنگ تێیدا سەرچاوەی بژێوی بووە. ئەگەر ئەم پەیامانە لە لایەن هێزێکی گەردوونییەوە بنێردرانایە، کە چاودێری ملیۆنان گەلەئەستێرە دەکات، بێگومان نەدەبوو پەیامەکەی هێندە ناوچەیی بێت، کە تەنیا باس لە چۆنیەتی دابەشکردنی جەستەی ژنانی دیل بکات، چونکە دروستکەری گەردوون، دەبێت پەیامەکەی سەرووی کات بێت و باس لە بەهاگەلێک بکات، کە وەک ڕەوشتێکی باڵا بمێننەوە، نەک ڕێگە بە شتێک بدات، کە دوای چەند سەدەیەک مرۆڤەکان وەک دڕندەیی سەیری بکەن.
لەلایەکی ترەوە، کاتێک لە ڕوانگەی ژیریی و مەنتیقەوە سەیری پەیوەندی نێوان دروستکەر و دروستکراو دەکەین، دەبینین دژایەتییەکی گەورە لە نێوان وێنای خودایەکی گەورە و ئەو دەقانەدا هەیە. زۆر ئەستەمە بڕوا بەوە بهێندرێت کە هێزێک کونی ڕەش و تیشکی ئەستێرەکانی دروست کردبێت، کەچی هەموو خەمی ئەوە بێت، کە جەنگاوەرێکی ناو بیابان بۆی هەیە لەگەڵ چەند ژنی دیل بخەوێت. ئەم واقیعە پێمان دەڵێت: کە ئەم یاسایانە دەستووری دەوڵەتێکی نوێبوون، لە لایەن سەرکردەیەکی زۆر ژیر و بلیمەتەوە داڕێژراون بۆ ئەوەی بتوانێت کۆمەڵگەیەکی پەرتەوازە لە دەوری یەک کۆبکاتەوە. ئەو سەرکردەیە تێگەیشتووە، بۆ ئەوەی جەنگاوەرەکان بەردەوام بن، دەبێت مافی خاوەندارێتییان پێبدات بەسەر سامان و مرۆڤەکانی تریشدا، ئەمەش ستراتیژییەکی رامیاریی و سەربازیی بووە، بەڵام هیچ پەیوەندییەکی بە ڕەوشتی ڕەهای گەردوونییەوە نییە.
لە ڕوانگەی مێژووی بەراوردکارییەوە، ئەم دەقانە درێژکراوەی یاسا کۆنەکانی وەک حاموڕابی و یاساکانی یۆنان و ڕۆمانن. لە هەموو ئەو شارستانییەتانەدا، دیل وەک مردوویەکی کاتی سەیر دەکرا و دەبوو ببێتە کۆیلە. دەقی ئایینی لەو سەردەمەدا تەنیا هات و ئەم نەریتە جیهانییەی وەرگرت و ڕەنگێکی یاسایی پێدا. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە دەقەکە: پاشکۆی واقیعی سەردەمەکەی بووە.
لە ڕووی ئابوورییەوە، کۆیلە و کەنیزەک وەک زێڕی زیندوو بوون و هێزی بازووی ئەوان تاقە بزوێنەری ئابووری بوو. کاتێک دەقەکە ڕێگە دەدات بە فرۆشتنی دیلەکان، دەیەوێت سیستەمێکی دارایی بۆ جەنگاوەرەکان دابین بکات و مرۆڤ دەبێتە دراوێکی زیندوو. ئەمە نیشانەی ئەوەیە" کە یاساکان بۆ ڕێکخستنی بازاڕێکی سەرەتایی بوون نەک بۆ بەرزکردنەوەی بەها ڕۆحییەکان.
لە ڕووی دەروونناسییەوە، ئەم دەقانە کار لەسەر غەریزە نزمەکان دەکەن. پێدانی مافی دەستبەسەرداگرتنی ژنان، تێرکردنی غەریزەی سێکسی و هەستی زاڵبوونی پیاوە. ئەمە شێوازێک بووە بۆ کەمکردنەوەی فشارەکانی جەنگ، بەڵام لەسەر حسابی وێرانکردنی دەروونیی ژنێکی دیل. ئەم جۆرە مامەڵەیە نیشاندەری عەقڵییەتێکی نێرینەخوازە، کە جیهان تەنیا لە دیدی پیاوی سەرکەوتووەوە دەبینێت. لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە، ئەم دەقانە بونیادێکی چینایەتی توند دروست دەکەن و کۆمەڵگە دابەش دەکەن بۆ ئازاد و کۆیلە. ئەمە وای کردووە، کە بەشێکی زۆری مرۆڤایەتی هەمیشە لە ژێر ڕکێفی کەمینەیەکی چەکداردا بن. ئەو ژنەی وەک هاوسەر بەکاردێت بەبێئەوەی هاوسەر بێت، تووشی بێمافیی یاسایی دەبێت و هیچ مافێکی میرات و پاراستنی شکۆی نییە.
کاریگەریی پەروەردەیی ئەم دەقانە مەترسیدارە، چونکە کاتێک نەوەی نوێ فێری ئەم دڕندەییە دەکرێت، تووشی دووفاقی ڕەوشتی دەبێت. ئەمە هەستی هاوسۆزی بۆ ئەوانی تر لاواز دەکات و وای لێدەکات هەمیشە وەک نێچیر سەیری نەیارەکانی بکات. ئەم جۆرە تێڕوانینە کۆمەڵایەتییە لە ناو خێزان و شەقامەکانیشدا ڕەنگ دەداتەوە و دەبێتە هۆی توندو تیژی دژی ژنان، چونکە ڕەوایی بە خاوەندارێتی پیاو دراوە. هەروەها دیلکردنی ژنان وەک چەکێکی سیاسی بۆ شکاندنی شکۆی دوژمن بەکار هاتووە، کە سیاسەتێکی زۆر بێبەزەییانە بووە بۆ سڕینەوەی ناسنامەی لایەنی بەرامبەر.
ئێمەی ئەمڕۆ وەک مرۆڤ، خاوەنی کۆمەڵە ڕەوشتێکی زۆر بەرزتر و دادپەروەرترین لەوەی لەناو ئەو دەقە کۆنانەدا هەیە. ئێمە کۆیلایەتی و سووکایەتیکردن بە ژنان ڕەتدەکەینەوە. ئەگەر ڕەوشتی مرۆیی ئێمە پێش ڕەوشتی دەقەکە کەوتبێت، ئەمە بەڵگەیە کە دەقەکە لە ڕابردوودا ماوەتەوە. پیرۆزکردنی ئەو دەقانە لەمڕۆدا، وەک ئەوە وایە بمانەوێت مێشکمان لە ناو قەفەسێکی ژەنگاویدا زیندانی بکەین. چارەسەری ئەم کێشەیە تەنیا لەوەدایە، کە سەیری ئەو دەقانە بکەین، وەکوو مێژوویەکی بەسەرچوو،یاخود ئەزموونێکی سیاسی سەردەمێکی دوور. دەبێت واز لەوە بهێنین، کە قسەی نەگۆڕی هێزێکی گەردوونین.
ئەو کاتە، ئەو شۆکە نامێنێت و تێدەگەین کە ئەوە تەنیا ڕەنگدانەوەی ڕەوشتی ئەو سەردەمە بووە. جیهان گۆڕاوە و مرۆڤی ئەمڕۆ چیتر پێویستی بەو یاسایانە نییە، کە ئابڕووی مرۆڤ دەبەن، چونکە ڕووناکیی ویژدانمان زۆر لەوە بەهێزترە، ڕێگە بدات ئەو تاریکییە دووبارە بێتەوە.