خوا لەکن ڕابیعەی عەدەوەییە و مەعرووفی کەرخی، خوایەکی تۆڵەسێن نەبوو، ڕەمزی جوانی و خۆشەویستی بوو، لە دڵی باوەڕداردا نیشتەجێ بوو. باوەڕدار لە خوا نەدەترسا، بەڵکوو ئەوەندەی خۆش دەویست، لە زەریای عیشقیدا فانی دەبوو، (فەنا)بوونێک کە (بەقا)ی بەدوادا دەهات. باوەڕدار بە بادەی ئەڤینی خوا سەرمەست دەبوو، مەستییەک، هۆشیاریی بەدوادا دەهات. باوەڕدار دەیزانی ویستی ڕاستەقینە، ویستی خوایە، بۆیە دەستی لە ویستی خۆی هەڵدەگرت و خۆی دەدایە دەست ویستی خوا.

سۆفی چونکە دڵی تژییە لە ئەڤین، ڕقی لە کەس نابێتەوە. ڕابیعەی عەدەوییە گوتوویەتی: دڵم پڕە لە خۆشەویستیی خوا، جێیەکی چۆڵی تێدا نەماوەتەوە، تا بۆ هەڵگرتنی ڕق لە کەس تەرخانی بکەم. کە سۆفی هاوزەمان خوا و پەیامهێنیشی خۆش دەوێت، لەوەوە هاتووە کە موحەممەد گوتوویەتی: ئەوی خوای خۆش بوێت، منیشی خۆش دەوێت، چونکە پەیامهێن خۆشەویستی خوایە، ناکرێت سۆفی بیت و پەیامهێنیشت خۆش نەوێت. عەتتار گوتوویەتی: ئەگەر کەسێک لە خەونیدا خوای دیتبێت، ئەوە بە کۆمەکی نووری پەیامهێن بووە. لە ڕۆژی حەشردا، ئەوە پەیامهێنە بۆ موسوڵمانان دەپاڕێتەوە، ئەوەیش پاساوێکی دیکەیە، بۆ ئەوەی موسوڵمانان، سۆفی بن یان نا، موحەممەدیان خۆش بوێت. ئەبوو عەبباسی قەسساب گوتوویەتی: (موحەممەد نەمردووە، ئەوەی مردووە توانای بینینە بە چاوی دڵ لە تۆدا، ئەگەرنا دەتبینی.)

سۆفی: کەسێکە نە هیچ موڵکێکی هەیە، نە موڵکی هیچ شتێکە، ڕووی لە خوایە و پشتی لە دنیا، وەکوو زەوی وایە، شتی ناشیرینیشی تێ فڕێ بدرێت، هەر شتی جوانی لێ دەڕوێت. سۆفی ڕۆژێکە، تیشکی خۆری لێ نابڕێت، شەوێکە، تریفەی مانگ و جریوەی ئەستێرەی لێ نابڕێت و عەدەمێکە، وجوودی لێ نابڕێت. سۆفی کەسێکە چی شک دەبات دەیبەخشێت، هیچی بۆ خۆی ناوێت.) دەشێت سۆفی لە (صفاء)ەوە هاتبێت و مەبەست لێی ئەو کەسانە بێت کە خوا دڵێکی ئەوەندە سافی پێ بەخشیون، جێی ڕق و گومانی تێدا نابێتەوە، بەڵام ئەوەیان زیاتر ڕێی تێ دەچێت، سۆفی لە (سەوف)ەوە هاتبێت، ئاخر پۆشاکی پەیامهێنان و (وەلی)یانیش لە خوری بووە.

بۆچی لە ناوی پەیامهێندا دوو میم هەیە؟ سەرهەندی دەڵێت: (چونکە محمد هاوزەمان دوو مەخلووقە، یەکێکی جەستەیی و یەکێکی ڕۆحی، چونکە هەم پەیامهێنە و هەم مەلائیکەتیشە. بە تێپەڕینی وەخت، میمی یەکەمی ناوەکەی، جێی بۆ ئەلفی حەرفی خودایی چۆڵ کردووە و بووە بە أحمد.) سەرهەندی کە خۆیشی ناوی أحمد بوو، دەیگوت: (دەستی من جێگرەوەی دەستی خوایە.) قوتب کە باڵاترین پلەیە لای سۆفییەکان، سەرهەندی پێی وابوو لە قوتبی تێپەڕاندووە، بە پلەی (قەییووم) گەیشتووە کە یەکێکە لە ناوە جوانەکانی خوا. قەییوم زاتێکە حەوجەی بە هیچ کەسێک نییە و ئاگاداری هەموو شتێکە.

موسوڵمان سۆفی بێت یان نا، ڕێزێکی زۆری بۆ موحەممەد هەیە و بە مەزنی دەزانێت، بەڵام سۆفی وێڕای ڕێزی زۆر، خۆشەویستییەکی زۆریشی بۆی هەیە، خۆشەویستییش لای سۆفی تا بزربوونی عاشق لەناو مەعشووقدا دەڕوات، بە تایبەتی خۆشویستنی موحەممەد کە هەڵگری نووری خوایە، نوورێک کە دوای خۆیشی لەم یان لەو وەلیدا دەردەکەوێتەوە و تا ڕۆژی حەشر درێژەی هەیە. جیاوازیی موحەممەد لەگەڵ پەیامهێنانی دیکەدا هەر ئەوە نییە کە دوا پەیامهێنە، ئەوەیشە خوا چی گەنجینەی نهێنییشی هەبووە، بەوی سپاردوون.

شیعە بڕوایان وایە، ئیمامی عەلی (عیلمی باتین)ی لە پەیامهێنەوە بۆ ماوەتەوە، بەگوێرەی ئەو (زانست)ەیش، کە وەک میرات بۆ شیعە ماوەتەوە، هەر گوتەیەکی قورئان بگرین، مانایەکی شاراوەی هەیە و لێکدانەوەیەک هەڵدەگرێت کە تەنیا عاریفانی شیعە پەی پێ دەبەن، ئەوەیش کاتێک بە وەجد دڵیان ڕۆشن دەبێتەوە. بەپێی ئەم تێزە، نەک هەر ناکۆکی لە نێوان، ئیسلام و سۆفیگەریدا نییە، بەڵکوو قورئان خۆی سەرچاوەی سۆفیگەرییە. بۆچی گەلێک ڕێبازی سۆفیگەری هەن؟ چونکە لێکدانەوەی جیاواز بۆ قورئان و فەرموودە کراون. جیاوازیی نێوان عیلمی باتین و عیلمی زاهیر ئەوەیە، دووەمیان لەڕێی خوێندن و خۆماندووکردنەوە فێری دەبین، بەڵام یەکەمیان بەهرەیەکە، خوا بە کەسانی تایبەت و دەگمەنی ڕەوا دەبینێت.

کرۆکی سۆفیگەری کە بریتییە لە یەکێتیی بوون لە قورئانیشدا هاتووە: سۆفییەکان (بۆ هەر کوێ بچن، بەرەو ڕووی خوا دەبنەوە. فأینما تولوا فثم وجە الـلە. بەقەرە ١٠٩) (فەناء و بەقاء)یش لە قورئاندا هەیە: (چی لەسەر زەوی هەیە لەبەین دەچێت، تەنیا خوا دەمێنێتەوە. کل من علیها - فان ویبقی - وجه ربک ذوالجلال و الإکرام. ئەلڕەحمان ٢٦ و ٢٧) یان: (هەموو شتێک دەفەوتێت، خوا نەبێت. کل شيء هالک إلا وجهە. القصص ٨٨) هۆمیرۆسی گەورەشاعیری گریک کە هەشت نۆ سەدەیەک پێش زایین ژیاوە، گوتوویەتی: (جیاوازیی نێوان خوا و ئینسان ئەوەیە، خوا ئەزەلییە، ئینسان تەمەنێکی دیاریکراوی هەیە.) زۆر لە سۆفییان لە ئەنجامی وەجدەوە دەرکیان بە یەکێتیی بوون کردووە، نەک بەهۆی لێکۆڵینەوەی فیکری یان فەلسەفییەوە. غەزالی دەیگوت: (عەبد عەبدە و خوا خوایە، کەسیان نابن بەوی تریان.)


جیاوازیی سەرەکی نێوان سەلەفیزم و سۆفیگەری ئەوەیە، ئەمیان بانگەشە بۆ توندڕۆیی دەکات و ئەویان بەگژیدا دەچێتەوە و پەیامی لێک دی بوردن و پێکەوە ژیان بڵاو دەکاتەوە. سەلەفییەکان لێکدانەوەیەکی وشک بۆ ئایین دەکەن، دیوی دەرەوەی گوتەکان دەبینن، هەر تێروانینی خۆیان بە دروست دەزانن و ئایین بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆیان وەگەڕ دەخەن. نواندنی زەبروزەنگ هەر لە کوشتوبڕدا چڕ نابێتەوە، کافراندنی نەیاریش کە سەلەفییەکان لەسەری ڕاهاتوون، دەکەوێتە خانەی توندوتیژییەوە. سەلەفیزم ستەم بڵاو دەکاتەوە، بەڵام زوهد کە وێستگەی یەکەمی سۆفیگەرییە، لە سەدەی یەکەمی کۆچیدا، لە دژی ستەمی دەسەڵاتداران سەری هەڵداوە. بە پێچەوانەی سەلەفیزمەوە کە سیاسەت دەیجووڵێنێت و بە هیوای سامان و هێزە، سۆفیگەری چاوی لە بەرژەوەندیی دنیایی نییە. سەلەفییەکان ڕقێکی ئەستووریان، لە موسیک و گۆرانی و سەمایە، بەڵام سۆفییەکان لەڕێی ئەو هونەرانەوە خۆشەویستی بڵاو دەکەنەوە. سەلەفی، کەسێکی ڕووگرژە، هەر باسی سزا و ئەشکەنجە و توندوتیژی دەکات، بەڵام سۆفی باسی خۆشەویستی نێوان تاک و خوا دەکات.

لای سۆفی، خۆشەویستی کلیلی ژیان و نهێنیی وجوودە، گەیشتن بە خوا کە هەم ئاشکرا و هەم نادیاریشە، ئامانجە. سەلەفی کە هیچی نوێی پێ نییە و ئیشی گوتنەوەی گوتراوەکانە، گاڵتەی بەوانە دێت کە پردی خۆشەویستی دەیانبەستێتەوە بە خواوە. لای ئیبن عەرەبی کە ڕێبەری هەرەگەورەی سۆفییەکانە، ئایین سەرچاوەی خۆشەویستییە، بەڵام لای ئیبن تەیمییە کە نموونەی باڵای سەلەفییەکانە، ئایین کارگەیەکە ڕق و تۆڵە بەرهەم دەهێنێت. لە کاتێکدا سۆفیگەری لە هەوڵی چەسپاندنی لێبوردەییی دینیدایە و دژی زۆرەملێیە لە ئاییندا، سەلەفیزم بە زمانی شمشێر دەپەیڤێت. لەکن سۆفیگەری جیاوازییەکان هەوێنی لە یەکدی نزیکبوونەوەن و فرەیی و یەکێتی، دوو باڵن بۆ هەمان فڕین، بەڵام سەلەفیزم ئەوانی دیکەی، مەگەر وەک کۆیلە و کەنیزەک قەبووڵ بێت.

 

سۆفی دەروێشێکی قژنی چڵکنی جلشڕ نییە، وەک عەوام بۆی دەچن، کەسێکی سەر بە بژاردەی خاوەنی ئەزموونی ڕۆحییە، دیوی دەرەوەی دەقی پیرۆزی بەجێ هێشتووە و بە ناخیدا شۆڕ بووەتەوە. سۆفیگەری بریتییە لە هەڵکشان بەرەو باڵایی، لەڕێی بەگژدا چوونەوەی نەفسی بەد و جڵەوکردنی ئارەزووە جەستەیییەکانەوە. سۆفیگەری هەم لە فیکر و فەلسەفەدا خۆی نمایش دەکات و هەم لە شیعر و گێڕانەوەدا. سۆفی لە هەوڵی کردنەوەی دەرگای لە یەک تێگەیشتنە لەنیوان دینەکاندا و هاوسۆزی بڵاو دەکاتەوە. سۆفی، کە لە ڕوانگەی سەلەفییەوە، زەندیقە، خۆشەویستی بە ئایین و باوەڕی خۆی دەزانێت و بڕوای بە کرانەوە بە ڕووی ئایینەکانی دیکەدا هەیە. ئەوەی گوایە سەلەفی هەقی بەسەر سیاسەتەوە نییە، بۆ فریودانی عەوامە، ئاخر خۆگرێدان بە دەقی دێرینەوە، بێدەنگبوون لە ئاستی ستەمی دەسەڵاتدار و کافراندنی نەیار، هەڵویستی سیاسیین.

 

لە ڕوانگەی سۆفیگەرییەوە، گوتاری ئایینی، وەک هی شیعر، پشتی بە میتافۆر قایمە، ئەمەیش وا دەکات، هەم دەق کراوە بێت و لێکدانەوەی جیاواز هەڵبگرێت، هەم سۆفی بۆ دەربڕینی هەستی خۆی هانا بۆ شیعر ببات. لێکدانەوەی دەق، ئیدی لە شیعردا بێت، یان لە شەرعدا، ئەوەیە: مانای دیوی دەرەوە و ئاشکرای گوتەکان فەرامۆش بکەین و بۆ مانای ناوەوە و شاراوەیان بگەڕێین. حەللاج و ئیبن عەرەبی و مەولانا، بەرلەوەی شاعیر بن، سۆفی بوون، جوبران خەلیل جوبران و سەلاح عەبدولسەببوور و ئەدونیس، لەڕێی شیعرەوە لە سۆفیگەری نزیک بوونەوە. ئەوەی لای سۆفی ئەزموونێکی ڕۆحییە، لای شاعیر دنیابینیی پێ دەڵێن، سۆفی و شاعیر لەوێدا یەک دەگرنەوە. لەوێشدا لە یەکدی دەچن، کە سۆفی شەیدای توانەوەیە لە خوادا، کە حەنینە بۆ سەروەختی بەر لە خەلق، شاعیریش نۆستالجیای بۆ ڕابردوو هەیە. مێ لە غەزەلی سۆفییانەدا، ئاماژەیە بۆ منداڵدانی گەردوون، کە ژیان لەوێوە دەستی پێ کردووە و لە کۆتاییشدا بۆ ئەوێ دەگەڕێتەوە.

 

هەرچەندە سۆفییەکان لە موسوڵمانانی دیکە ئینسانیترن، بەڵام هێشتا لە ئیسلامدا ڕێبازێکی مرۆڤدۆستانە سەری هەڵنەداوە کە ئینسان تێیدا وەک تاک بکەوێتە سەنتەرەوە. لە ئیسلامدا ئینسانی باڵا پەیامهێنە کە ئاوێنەیەکە بۆ نمایشکردنی تواناکانی خوا، نموونەیەک نییە لە توانای مرۆڤی ئاساییدا هەبێت، لاساییی بکاتەوە، یان خەون بەو مافانەوە ببینێت کە خوا بەوی ڕەوا بینیون. خوا لە فەرموودەیەکی قودسیدا گوتوویەتی: (بۆ من زەوی و ئاسمان کە خۆم خوڵقاندوومن، تەنگەبەرن، بەڵام جێم لە دڵی عەبدێکی باوەڕداردا دەبێتەوە.) کەواتە (عەبد)ی خوا، باڵاترین پلەیە کە ئینسانی ئاسایی لە ئیسلامدا پێی دەگات. لە ئایینی ئیسلامدا چەمکی (کەسایەتی) نییە، تازەکی لە کولتووری ئەورووپایییەوە بۆ وڵاتانی ئیسلامی پەڕیوەتەوە. یولیوس ڤێڵهاوزن (١٨٤٤ – ١٩١٨) پێی وابووە: ئەگەر ڕێز لە ئینسان نەگرین، ناتوانین ڕێز لە خوا بگرین.

*
 (١) رینولد نیکولسون، في التصوف الإسلامي وتأریخە، نقلها إلی العربیة وعلو علیها: أبو العلا العفیفي، منشورات الجمل ٢٠١٥ بغداد.

(٢) محمد بنیس، الشعر والتصوف الیوم.

(٣) د. سعید توفیق، التصوف لیس دروشة.

(٤) سعید بنکراد، التأویل الصوفي وتجربة الحقیقە.

 

 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا