
مودریک ژاڵی
1- مرۆڤ
رەنگە رۆژێ
ئەو دەنکە نۆکەی ناویان لێنا
تۆپی زەوی
لە بڕکەوە، هەڵکەندرێ!
بوونەوەریش:
بەدەست مرۆڤ
وەک دەسکە فەریکە نۆکێ
لە سەبەتەی شۆستەکانی
وڵاتی گەدەی بفرۆشرێ!
کەچی سەیرە کێدەتوانێ
رەگەکانی ناخی مرۆڤ
لە قوڵایی نهێنیدا
لە چەمی ئامرازی سەرسوڕمان
لە بن بێنێ؟!
2-ترسان
گەرچی لە نێو تەنکەئاوێ
تێدەخنکێم
بەڵام لە گشت شەپۆلەکان
نا، ناترسێم
لە دڕەندەی چەپۆک وەشێن
یا لە خشێن
نا، ناترسێم
گەرچی لەبەر سێبەرێکی
تارماییەکی زوو دەڕەوێم
بەڵام ئاخ، ترسی خۆم لە خۆم
چی نەماوە، لەبەر هەموو مرۆ هەڵێم!
3- دەمامک:
من دەزانم کیسەڵ بۆخۆی
نەدەچۆ نیو ئەم قەپێلکەی
گەر ستەمی سروشت نەبا
ئێی کیسەڵ گیان
منیش بەرگێ لەکوێ بێنم
وەکو تۆ
گیانی سڕم بگرێتەخۆ؟!