من ژنە سوورەکەم

بانگم کردی 

خۆم داوەتە بەر شەوایەی عەشقت

لەگەڵ تریفەی پێکەنینێکت

باڵا دەکەم و 

 خەمەکانم لە دەریای فەنابوون

هەڵدەڕێژم

دەستەکانت توندتر دەگرم

لێوەکانم بە ماچەکانت سوور دەکەم

لەسەر هەموو ڕێگاوبانێکا

گوڵە نێرگزێ دەڕوێنم

بۆ ساباتی ئەوینمان

من یەقینم تۆش یەقین بە،

یەکەم ژوان و دواژوانم

هەر لە باوەشی تۆ دەبێ

بۆیە

لە نووسینەوەی هەر دێڕە شیعرێک

باس لە گەڵای دارێک دەکەم

بەیادی سنۆبەرە باڵابەزەکەی

کە گەڵاکانی بۆ کردینە سێبەری جێ ژوان

من لەوێ پەتی خەیاڵم پچراند

نغرۆ بووم لە ڕەنگی ڕاستەقینەی ڕەشوسپیی چاوەکانت،

 تۆش وەک هەڵچوونی پێکێکی ڕژاو

پڕ بووی لە هەناسە و بۆنی ژنێک،

ئیتر باسی مێژوو ناکەم

دوای واژۆکردنی پەیماننامەی عەشقت

یەکەم ترپە و دواترپەی دڵم 

دەبەخشم بە هەناسەکانت

کە لە کۆتایی هەر ڕۆژێک ئەزانم

دڵم زۆر لەوە زیاتر بەرگە دەگرێ

کە تۆی خۆشدەوێت،

دوێنێ بە شەقامی بیرەوەرییەکان گوزەرێکم کرد

تەنیا لەبەر دەرگای خۆشەویستیت نوچێکم دا،

بۆ تۆخکردنەوەی ڕەنگەکانی عەشقت

لەسەر دەست و پێ و مەچەک و لێوەکانم

حەزێکی شێت لە ناخمایە

دەخەمە پایی پیرۆزت

ئیتر دڵنیابە

لار و لەنجەی گوڵی

سەر فیستانەکەم هەر نازی خۆشەویستییە،

ئەی یار؛

چ سیحرێکت

لە ڕوخسارت حەشارداوە

کە دەتبینم خورپەکانی دڵم

بەسەر هەموو دەنگێکا زاڵ دەبێت،

وەرە دانیشە با پێت بڵێم

ئێمە پێویستمان بە شۆڕشێکە

خەونی دزراوی چاوی هەموو ئەویندارەکان بدۆزێتەوە

لە هەموو سوچێکا تابلۆیەک هەڵدەواسین

لەسەری دەنووسین:

لێگەرێن، با عاشقەکان بەئازادی بژین

لە شەقامەکانی شار جاڕ دەدەین

ئیتر کەزی و پرچی زینەکان بە خوێن سوور مەکەن، 

ئەم نیشتیمانە پێویستی بە ژیان و ئەوینە

من و تۆ ڕابەرایەتیی ئەم شۆڕشە دەکەین و

ناوی دەنێین "شۆڕشی عەشق".

هاڤان محەمەد

٢٠٢٤/٨/٢٠


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە