ناڵە حەسەن

 

شانۆگەری وشەی ( نا ) لەلایەن شانۆی سات بە هاوکاری دەزگای ڕۆشنبیری زانکۆکانی جیهان ، لە هۆلی چاڵاکی قوتابخانەکان لە شاری هەولێر پێشکەش کرا ، ئەم شانۆگەرییە لە دەرهێنانی سدیق حوسێن و ئەکتەرەکان ( ئاواز ئەحمەد ، زیاد کەریم ، ڕیشوان ئەحمەد ، کارمەند خدر ، بڵند کاوە ) ، سەرپەرشتیاری گشتیش ئەندازیار بورهان سابیر بوو .

من هەوڵدەدەم خوێندنەوەیەک بۆ گرینگی ئەم شانۆگەرییە لەم کات و سەردەمەدا و هاوکات  خوێندنەوەیەک بۆ ناوەڕۆک و دەقی شانۆگەریەکە بکەم . من پێموایە ئەم شانۆگەرییە لەو کات و سەردەمەدا گرینگییەکی ئێجگار پێویست و نایابی هەیە . سەردەمێک کە شکۆی مرۆڤ خالی و  بەتاڵبۆتەوە لە هەموو بەها پیرۆزی و جوانییەکان . مرۆڤ بۆتە کائینێکی کۆیلە و بێدەنگ . گوتنی نا وەک دەنگی مرۆڤ یاخی ، کە لە پشتییەوە هۆشمەندی و مەعریفەیەک سەرچاوەی گرتبێ بە بڕوای من زۆر گرینگ و پێویستە. چونکە هەروەک ( ئەلبێرت کامۆ ) لە کتێبی مرۆڤی یاخی باسی دەکات کە سادەترین مانای یاخیبوون گوتنی ( نا ) یە ، واتە ڕەتکردنەوەی هەموو ئەم کردە و کارانەی دەبنە هۆکاری ناشیرینکردنی ژیان و داشۆرینی شکۆی مرۆڤبوون لە هەموو بەها و پیرۆزییەکان . دیارە خۆیشم وەک شاعیرێک قەسیدەیەکم نووسیوە بە ناوی ( نا ) ، بەهەمان ناوەڕۆک و ماناوە ، لەم قەسیدەیەی منیش وشەی نا ئەوە بەرجەستە دەکات کە وەک دەنگی مرۆڤێکی یاخی ، لەوێدا دەڵێم ( گوڵەکەم ، شیرینترین ڕۆژ ، ئەو ڕۆژە بوو کە زمانم هاتە گۆ و فێربووم بڵێم نا .. نا بۆ من نان و ئاو بوو ، نا بۆ من عەشق و ژیان بوو ...! ) ، خۆی ژیان ململانێیەکە لەپێناو مانەوەدا ، بۆ مانەوەی مرۆڤ بە ناوەڕۆکێکی پڕ شکۆ بەهاوە ، مرۆڤ پێویستی بە وشەی ( نا )یە ، وشەی نا هاوتەریبە لەگەڵ بوون و شکۆمەندی مرۆڤ ، بێگومان لە سیستەمی سەرمایەداریدا کە موڵکدارێتی تایبەت جێگای موڵکدارێتی گشتی گرتۆتەوە و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان بە دەستی کەسانی خواپێداوەکانن بۆیە ، چەوساندنەوەی مرۆڤ و لێدان لە شکۆی مرۆڤ و زەلیل و کۆیلەکردنی مرۆڤ گەیشتووە بە ئەوپەڕی . زانست و تەکنەلۆژیا لەنێو هاوکێشەی کار و سەرمایە مرۆڤی کردووە بە ڕۆبۆت .. کائینێکی بێ ڕۆح و دەنگ . وا خەریکە زانستی دەستکرد و دیزایینکردنی مرۆڤ ژیان بە ئەوپەڕی کۆیلەبوون دەگەیەنێت ، مرۆڤ و تواناکانییان بەو شێوەیە دیزایین دەکەنەوە وەک ئەوەی کە خۆیان دەیانەوێت . هەموو شتێک بەتاڵ و بێناوەڕۆک دەکات، مێژوو ، هونەر و شانۆ ، ... هەموو شتێک لە بەهای پیرۆزی و جوانییەکان بەتاڵ دەکاتەوە. ( کارل مارکس ) لە دەورانێک گوتی ( ئێمە نابێت تەنها واقیع بخوێنینەوە دەبێ هەوڵی گۆڕینیشی بۆ بدەین ..! ) ، بەڵام بە پێچەوانەی ئەم وتەیەی مارکس ، ئەمرۆ بیرمەندان و فەیلەسوفان و شاعیران و شانۆکاران و هەموو تاکەکانیتریش ، لە هەوڵی گۆڕانی واقیع و ژیان دا نین بەڵکو ، لەنێو بێدەنگی و ملکەچییەکی گەورەدانلەبەرانبەر ئەو واقیعە نابەرابەر و ناڕێکەی دژ بە شکۆ و بەهای مرۆڤایەتی ، یان وەک بنەما فەلسەفییەکەی ( فرێدریک نێچە ) کەوا مرۆڤ نابێت زەلیل و ملکەچ و لاواز بێت ، دەبێت مرۆڤێکی بەهێز و سوپەرمانی بێت ، شەق لە کلتوور و باوەڕە دواکەوتووەکان و هەموو چەمکە میتافیزیکە چەقبەستووەکان هەڵبدات و بیانگۆڕێت ، بە مانایەک پێویستە مرۆڤەکان خاوەن ئیرادەیەکی بەهێز بن و هەر لە ڕێگەی هێزەوە بە ژیان پەیوەست بن ، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ مرۆڤەکان بەدوای هێزدا دەگەڕێن نەک بۆ گوتنی نا یان نەک بۆ گۆڕینی ژیان بەڵکو ، بۆ دوورکەوتنەوە لە ژیان و مانەوە لە دەرەوەی ژیان ، ئێمە ئەمڕۆ نەک لە هەوڵی گۆڕینی ژیان دا نین بەڵکو، لە هەوڵی ڕاکردن و دوورکەوتنەوە لە ژیانین . ئەمڕۆ ژیان لەگەڵ کارەساتێکی گەورەدا ڕووبەڕووە ، ژیان وەک تابلۆیەکی ڕەش و تاریک وایە ، خالییە لە بەهای جوانییەکان و بەهای شکۆ و پیرۆزی مرۆڤ ، ئەمڕۆ ژیان جگە لە مردنێکی هێواش هیچ مۆتیڤ و جووڵە و مانایەکیتری لە پشت نییە ، ئەمڕۆ مرۆڤەکان وشەی ( نا ) یان بیرچۆتەوە ، گرینگی ئەم شانۆگەرییە لەوەدایە لەم خەوە خۆ ونکردنە بە ئاگامان دەهێنێتەوە و زمانمان دەهێنێتەوە گۆ و وشەی ( نا )مان بیردەهێنێتەوە ، پێمان دەڵێت ( مرۆڤ لەدوای خوداوە دێت ! ئەبێت شکۆمەندی پارێزراوبێت ..! ) یان ( کاتێک مرۆڤ پارێزراو بێت واتە ژیانی پرێزراو دەبێت ..! ) ، ڕاستییەکەی نەک تەنها ژیانی بەڵکو بوون و بەها و شکۆشی پارێزراو دەبێت ، مرۆڤ پیرۆزترین بوونەوەرە لەنێو بووندا ، لەدوای خوداوەیە یان لەدوای ئەو هێزە گەردوونیەیە کە ژیان و گەردوونی هێناوەتە بوون ، بۆیە دەبێت مرۆڤ خودان هێز و ئیرادەیەک بێت کە ڕیگە نەدا بەهیچ هۆکارێک شکۆ بەها پیرۆزییەکانی لەکەدار و بێناوەڕک بکەن ، پێویستە زانست و ئەدەب و تەکنەلەجیا و هونەر و هەموو شتێک لە بەرژەوەندی پیرۆزی و شکۆی مرۆڤ و مرۆڤایەتی بێت .ئەم شانۆگەرییە وەبیرمان دەهێنێتەوە و پێمان دەڵێت ( مرۆڤ کە دەشکێت ، شانۆ پارچەکانی کۆدەکاتەوە و ئەیداتەوە دەست خۆی و پێی دەڵێت : سەرت هەڵبڕە ببەوە بە خۆت وەک مرۆڤ ببینە ئەمە دوا پێناسەی منە بۆ شانۆ و بینەری شانۆ تۆ ئەداتەوە دەست خۆت ... ! ) ، چەند گرینگە لە ژیان لە ڕێگەی مومارەسەکردنی حەزوئارەزووەکانت و بەدیهێنانی خەونەکانتدا جووڵەکانت لەژێر کاریگەری و ئیرادەی خۆتەوە بن ، واتە خۆت بیت و مومارەسەی هێز و تواناکانی خۆت بکەیت ، کەسێکی کۆیلە و لاسایی کەرەوە نەبیت ، چونکە گەر کۆیلە ی نامۆ بیت بەومانایەی ، بە عەقلی کەسانی دیکە بیر دەکەیتەوە بە هێزی کەسانی دیکە جووڵەکانت ئاراستە وەردەگرن ، بە مانایەک ناتوانی خۆت بیت . یان کەسێکی ئازاد و خاوەن هێزێکی سوپەرمانی بیت ، ئەوەی ( نێچە ) خوازیاری بوو و هەوڵی بۆی دەدا . یان هەر لەنێو ئەم شانۆگەرییەدا هاتووە ( لەوەتەی مرۆڤ هەیە دەگەڕێ بەدوای خۆراکدا ، لەدواییدا خۆراک و ئاگر و زانستی دۆزییەوە ... بەڵام ڕۆژ دوای ڕۆژ ژیان بێماناتر و مرۆڤ دڕەندەتر دەبێت ، چیتر لەمە زێتر قەبووڵ ناکرێت ، ڕۆژ دوای ڕۆژ مرۆڤ بەتاڵتر ببێ ، نیوەڕۆ و سبەی بەتاڵ ..هەموو شتێک بەتاڵ .. یاسا و دادگا بەتاڵ ..کێ هەیە ئەم هەموو بەتاڵییە قەبووڵ بکات ، چ سەردەمێکی پڕوپووچە ئەی خودا ..!؟ چیتان بەم سەردەمە کردووە مرۆڤ خاڵی بووە لە مانا ..! یەکێک لە پێکهاتەی هەموو داهێنانێک چ فەلسەفی بێت یان ئەدەبی و هونەری داهێنانی پرسیارە ، چونکە هەموو پرسیارێکی گەورە گومانێکی گەورەی لە پشتە و هەموو گومانێکی گەورەش مەعریفەیەکی قووڵی لە پشتە ، یەکێک لە قووڵترین پرسیاری ئەم دەقە شانۆییەش ئەوەیە کە دەڵێت ( کێ هەیە ئەم هەموو بەتاڵییە قەبووڵ بکات ..؟ لێرەدا ئەم پرسیارە لە پەیوەندییەکی تۆندوتۆڵ دایە لە گەڵ ناوەڕۆک و تایتلی دەقەکە ، لە ناوەڕۆکی ئەم پرسیارە زێتر گرینگی وشەی ( نا ) مان بۆ دەردەکەوێت لە هەمانکات گرینگی پرسیارەکەش . وا لە بینەر دەکات ڕابمێنێ و بیربکاتەوە ، دوای بیرکدنەوەکی قووڵ بینەر خۆی بەوە دەگات ( ئێمە کۆمەڵگایەکی دەمارگیر و بێدەسەڵاتمان هەیە ..! ئەمە چ جۆرە ژیانێکە ؟  هیچ شتێک ئاسایی نییە ! ) یان لەنێو بیرکردنەوەکانی بەوە دەگات ( بێگومان گوتن و نەگوتن وەک یەک نین ، مرۆڤ پەیوەندی بە هۆش و زمانییەوە هەیە ! ) ، لێرەدا دەق و شانۆگەرییەکە ئامانجی خۆی دەپێکێت . لە هەندێک گوتە و حیواری تری نێو دەقەکە کە پێویستە هەڵوێستەی لەبارەوە بکەین و خوێندنەوەی بۆ بکەین کە دەڵێ ( لە شکانی شکۆی مرۆڤەوە دەست پێدەکەین ، ئەبێ کەی فێربین بڵێین نەخێر !؟ کەسێک بەدوای کاردا دەگەڕێ و کەسێکیش بۆ ژەمێ نان دەچێتە دەرەوەی وڵات ، یان کەسێک بۆ پەیداکردنی کارێک دەبێ وەک سەگ بوەڕێ ، دواجار لەم شانۆگەرییەوە فیری ئەوە دەبین کە  دەنگمان یەکبخەین و بڵێین ( نا بۆ شکاندنی شکۆی مرۆڤ و بەتاڵبوونەوەی لە هەموو بەهای جوانییەکان ..! ) ، ئەمە کورتەیەک لە قسەکانم بوون لەبارەی ئەم شانۆگەرییە ، لەگەڵ بوونی هەندێک وردە تێبینی بەڵام ، هیچ وردە تێبینییەک ناتوانێ لە بەها و جوانی و داهێنانەکانی ئەم شانۆگەرییە کەم بکاتەوە ، زۆر دڵخۆش بووم کە شانسی بینینی ئەم شانۆگەرییەم پێبڕا ، لە سەرەتاوە تا کۆتایی هەستم دەکرد لەگەڵ ئەکتەرەکانم و لەگەڵیاندا ڕۆڵ دەبینم ، من ئەم شانۆگەرییە بە شاکارێکی گەورە ناودەبەم ، سڵاو لە داهێنا و بەهیوای کاری گەورەتر و نایابتر .

 

                                                                   ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا