
شوێن گریا؛
کاتێک شوێنەوارەکانیان دزی و
بە پارەیەکی نەقد
بە ناشوێن فرۆشرا
خاک؛
بە سەری خۆیدا کێشا
گوتی: تۆ بڵێی ئەوانە لەمن دروستکرا بن
ئاگر
ئاو
هەمانشتیان دوو بارە کردەوە!
کات،
دەستە پاچەیە...
چۆنیان دەرفەت لێ وەرگرتووە،
دادگایەک نییە سکاڵا تۆمار بکات.
ڕۆژ؛
شەو بە گوناهبار دەزانێت،
تاریکی ڕێنمایی کردوون.
شەو؛
هاوڕێی بێ وچانم
هەمیشە ئەوکارە بە نوێژی نیوەڕۆ دەکرێ
لە خۆتەوە تۆمەتبارم مەکە،
ئەوانە ئەزموونیان هەیە.
زمان دوای شوێنەوار
من لە زاراوەکانم دەترسم
بیان دزن و بیانخەنە زیندانی هەتا هەتایی.
ژینگە،
هەر باسی خۆتان مەکەن
ئێوە نابیین هێرشی گەورە لە سەرمنە،
مشار زمانی پژاوە؟
لە شارە زوور؛
نالی چاو بۆ دەست نووسەکان دەگێڕێ...
مەحوی قوڕ دەپێوێ،
حاجی لەکۆیە هەرا دەنێتەوە...
جزیری و خانی و جگەر خوێن،
لە ناو بەستەڵەکی باکوردا
بە کوردییەکی پەتی ئەدوێن.
دینمان و
ئاینمان،
هەر نیشتمان!
شەڕەف بگەڕێوە،
نامووس ڕووی خۆت سپی بکەوە...
تا نەمگووتووە:
ئۆغرتان خێر.
هەمزە گوڵانی
