حەمەسەعید حەسەن
پۆڵ ڤالێری، بیست ساڵێک وازی لە نووسینی شیعر هێنا، ئەو ماوەیە خەریکی ئەوەبوو، خۆی فێری نووسینی شیعرێک بکات، خاڵیی لە خڵتە. دەیویست شیعرێکی ڕوون بنووسێت، هەر لەو شووشە ڕوونە بچێت کە لە خۆڵەوە، دوای گەرمکردنێکی زۆر، دەبێت بە شووشەیەکی ڕوونی بێ گرێوگۆڵ. شیعری ساف و ڕوون، هەر لە خۆشەویستیی پاکژی ڕاستەقینە دەچێت کە غەیری خۆشەویستی، هیچ مەبەستێکی دیکەی لە دواوە نییە، خۆشەویستییەک کە هیچ لەگەڵ خامۆشکردنەوەی ئاڵۆش، ڕک یان بەدگومانیدا کۆی ناکاتەوە، خۆشەویستییەک لەوەی قەیس دەچێت، کە دەگەییشتە لەیلا، ئاگری تامەزرۆیی لە دڵیدا دەکوژایەوە و کە لێی دوور دەکەوتەوە، ئاگری تامەزرۆیی بۆ دیدار، لە دڵیدا کڵپەی دەسەندەوە.
شیعر دژی پەخشان نییە، ئەوە نییە لە پەخشانیشدا شیعر هەیە؟ ئەوەی کە دژی شیعرە و لەگەڵ شیعردا هەمیشە ناکۆکە، پەخشان نییە، دژەشیعرە. دژەشیعر ئەوەیە، شیعر نییە و بانگاشە بۆ شیعربوونی خۆی دەکات، وەک چۆن گورگ دەچێتە پێستی مەڕەوە و مەڕ نییە، دژەشیعریش دەچێتە پێستی شیعرەوە و شیعر نییە. دژەشیعر خۆی وەک شیعر پیشان دەدات، خۆی وەک شیعر دەناسینێت و شیعر نییە، نەزمە و هیچی تر. لە بەشیکی زۆر لە شیعری دێریندا، ئەوە کێش و سەروا و تاقە مەبەستێکی دیاریکراو بوون، ناسنامەیان دەدا بە شیعر، بەڵام شیعر بە پەخشان، بە تایبەتی هایکوو، ئەو سنوور و مەرجانە ناناسێت و دەشێت لە ڕێی دڵۆپاندنی باخێک لە وشەوە، تاقە وێنەیەکمان پیشان بدات کە هێندەی ژمارەی خوێنەرانی، مەبەستی لە هەناویدا هەڵگرتبێت و هەر خوێنەرەی جۆرە لێکدانەوەیەکی هەبێت بۆی.
ئەوە نە ڕەخنەیە، نە هەڵسەنگاندن، نە خوێندنەوەیە و نە لێکۆڵینەوە، بێین ڕۆمانێک کورت بکەینەوە و هیچی تر، یان بێین بە هەمان ئەو وشانەی شیعرەکەیان پێک هێناوە، شیعرێک لێک بدەینەوە، ئاخر ڕەخنە لاورگە ئاسا بەسەر زمانی دەقەوە ناژی، زمانی خۆی لە دەق قەرز ناکات، دێت بە زمانێکی دیکە دەق شی دەکاتەوە، بە ناخیدا ڕۆ دەچێت و دەیداتە بەر تیشکی لێکدانەوە. ئەوە ڕەخنە نییە، بڵێین، فڵان شاعیرێکی گەورەیە و فیسار شاعیڕیکی بچووکە، خۆ شاعیر بۆکسانێ ناکات، تا کێشی قورس و سووکی هەبێت. شیعر، چاک و خراپ، یان جوان و ناشیرینی نییە، یان شیعرە، یان دژەشیعر. هەمووان دەتوانن بۆنی خۆش لە بۆگەن جیا بکەینەوە، بەڵام هەمووان لە توانایاندا نییە، شیعر لە دژەشیعر جیا بکەنەوە، بۆیە پێویستیی هەبوونی ڕەخنەگری ڕاستگۆی ڕاشکاو، شتێک نییە نکووڵیی لێ بکرێت.
چونکە هەر وشەیەک لە شیعر، هەڵگری شتێکە لە تایبەتمەندییەکانی شاعیر، بۆیە تەنیا شاعیر لە توانایدا هەیە، شیعر تەرجەمە بکات، ئاخر شاعیر لە سەروەختی نووسینی شیعردا (تا)یەکی لێ دێت، ئەگەر وەرگێر شاعیر بێت، ئەو تایە دەپەڕێتەوە بۆ ئەویش، ئەو ئاگرەی شاعیری یەکەمی داخ کردووە، شاعیری وەرگێڕیش داخ دەکات، بۆیە دەتوانێت شیعرەکە لە کولتوورێکەوە بۆ کولتوورێکی دی، لە ئاسۆیەکەوە بۆ ئاسۆیەکی دی ، لە رۆحێکەوە بۆ ڕۆحێکی دی و لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی دی بگوێزیتەوە، یان ڕاستتر سەرلەنوێ شیعرەکە بنووسێتەوە.
وەرگێڕان هەرگیز بە پلەی باڵا ناگات، ئاخر لای کەم لە زمانی ئامانجدا، مەحاڵە وشەی گونجاو بۆ هەموو وشەکانی زمانی ئۆرگیناڵ پەیدا بکەین. وەرگێڕان هەرگیز نابێتە جێگرەوەی ڕاستەقینەی بێ هیچ جیاوازییەکی ئۆرگیناڵ، چونکە دووبارە نووسینەوەی ئۆرگیناڵ بە زمانێکی دیکە، تەواو وەک خۆی، وەهمە و هەمیشە وەرگێڕان کۆپییەکی ساختەی ئۆرگینالە، با وەرگێڕ ئەوپەڕی لێزان و دەستپاکیش بێت، کۆپییەکە لە چەشنی ئەو تابلۆیەی، بەدەم سەیرکردنی تابلۆیەکی ئۆرگیناڵەوە دەکێشرێت. وەرگێڕان گوناهێکی جوانە، ڕێی ئاشنابوون بە نادیارمان پیشان دەدات، ئاخر بە کولتووری بێگانە ئاشنامان دەکات، بەڵام کە شیعرێک وەردەگێڕین، پێویستە لە ئۆرگیناڵ بچێت، نەک لە شیعرێکی بێگانەی وەرگێڕدراو.
وەرگێرانی شیعر زادەی هاوڕێیەتیی دوو شاعیرە، هاوڕێیەتیەکی سۆفییانەی پشتبەستوو بە خۆشەویستی و هونەر. وەک چۆن سۆفییەک بە زەحمەت وشەی دەست دەکەوێت پەسنی خودای پێ بدات، وەرگێڕی شیعریش بە دەست پەیداکردنی وشەی گونجاوەوە بەرەو ڕووی زەحمەتێکی زۆر دەبێتەوە. هاوڕێیەتی دوو شاعیرەکە، بەبێ بەگەڕخستنی هونەری وەرگێڕان و بەبێ خۆشویستنی کارەکە درێژەی نابێت. شاعیری وەرگێڕ دزێکی ئاشکرایە، بەڵام نابێت شاعیری دەقی ئۆرگیناڵ بکوژێت، کە هەستی کرد شاعیرەکەی کوشتووە، دەبێت ددان بە ڕاستییەکاندا بنێت. مەبەست لە شاعیرکوشتن ئەوەیە، وەک دەخوازین شیعرەکە تەرجەمە بکەین، نەک وەک هەیە. نابێت وەک ئەو سترانبێژانە بکەین، بەبێ هیچ ئاماژە پێ دان و ڕوونکردنەوەیەک، ئاوازی بێگانە بە دەستکارییەوە، بە زمانی خۆیان دەڵێنەوە.
زمانی شیعر زمانێکی سەخت و ئاڵۆز نییە، زمانێکی چڕە، هەر ئەو چڕبوونەیشە لە پەیڤین جودای دەکاتەوە. لای عەزرا پاوەند، لە شیعردا سێ لایەنی گرنگ هەن: موزیک و خەیاڵ و سەمای ئاوەز لە نێوان وشەکاندا. لەبەر ڕۆشنایی ئەو بۆچوونەدا، دەتوانین لەوە دڵنیابین، هەندێک لایەنی شیعر هەن، نابینرێن و ڕەنگە هەستیان پێ نەکرێت، ئەوە بۆیە، گوێزانەوەی شیعر لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی دیکە، کارێکە لە مەحاڵەوە نزیکە. جۆن دیلۆن کە شیعرەکانی دیوانی گوڵەکانی خراپە بۆ ئینگلیزی وەردەگێڕێت، هەمان شێوە و هەمان ئەو کێشەی بۆدلێر پێڕەوی کردووە، ڕەچاو دەکات و وەرگێڕانەکەی تەواو لە دەنگدانەوەی شیعرەکانی بۆدلێر دەچێت، بەڵام بە زمانێکی دیکە.
وەرگێڕان لە بواری ئەدەبدا، سەختترە لە وەرگێڕان لە بوارەکانی دیکەدا، لە بواری ئەدەبیشدا وەرگێڕانی شیعر هێندە لە وەرگێڕانی گێڕانەوە (سەرد) دژوارترە، هەن بە ناپاکیی لە قەڵەم دەدەن، ئاخر ئەستەمە دەستپاکیی تەواوی تێدا ڕەچاو بکرێت. بورخێس گوتەیەکی سەرنجڕاکێشی لەو بارەیەوە هەیە: (ئەوە ئۆرگیناڵە ناپاکیی لە وەرگێڕان دەکات.) مەبەستی ئەوەیە، خۆی نادات بە دەست دەستپاکترین وەرگێڕیشەوە. لای ئیمبێرتۆ ئێکۆ، (وەرگێڕان هونەری شکستخواردنە،) ئاخر پێی وایە، کەس لەو بوارەدا سەرکەوتوو نابێت. لای ڕۆبێرت فرۆست، (لە وەرگێڕاندا، شیعر زایە دەبێت،) چونکە با زمانزانی بلیمەتیش بین، هەر ناتوانین سۆز بگوێزینەوە، ناتوانین ئەو پەیامە نهێنییە بگوێزینەوە کە لە دووتوێی دێڕەکاندا خۆی حەشار داوە، ناتوانین بۆن و بەرامەی وشەکان و پەنجەمۆری شێوازی شاعیر بگوێزینەوە، ئیللا مەگەر هێندە لێزان و سیحرباز بین، بچینە نێو پێستی شاعیری ئۆرگیناڵەوە و تەواو وەکوو ئەو هەست بە شتەکان بکەین.
ئەوەی شیعر بە پەخشان لە نووسینی دیکە جیا دەکاتەوە، چڕییەکەی یان کورتبڕییەکەیەتی، ئەگەر نا لای فەرەنسییەکان هەر لە سەردەمی نووسینی شیعری ڕۆمانتیکەوە، ڕێساکانی شیعری کلاسیک و دەربڕینە دێرینە حازربەدەستەکان کە شیعریان لە قاڵب دابوو، فەرامۆش کراون. شیعر چۆن نوێ دەکرێتەوە؟ تودۆرۆڤ دەڵێت: (بە پشتبەستن بە ژانرە ئەدەبییەکانی دیکە، بە پێوەندیی لەگەڵ شیعری دێرین و بە تێپەراندن لێی.) ئەوە بۆیە مێژووی ئەدەب، بریتییە لە سەرکوتکردنی تازەگەری کە ئەدەبی دێرین دەشڵەژێنێت، بەڵام ململانێیەکە هەمیشە بە ئاوابوونی خۆری لایەنی شڵەژاو کۆتایی پێ دێت. جاران کێش و سەروا مەرجی هەبوونی شیعر بوون، وەلێ لەمێژە زێدەڕۆییکردن بە خۆبەستنەوە بەو دوو ڕەگەزەوە، دەبێتە هەوێنی بەرهەمهێنانی شیعری قۆشمە.
بۆدلێر دەیگوت: (شیعر بە پەخشان، شێوازی سەرەکیی شیعرنووسینی سەدەی بیست دەبێت.) شیعری بە کێش و سەروا، بە زمانێکی گران بۆ چینی باڵا دەنووسرا، شیعری ستوونی بۆ لای شا هەڵدەکشا، شیعری ئاسۆیی کە بە پەخشان دەنووسرێت بۆ خەڵکە، ئاخر دیموکراتی قسەی ئاسایی دەخوازێت. زمانی شیعری ڕۆبێرت بلای (کە یەکێکە لەو شاعیرە بە پەخشان نووسانەی ئەمریکا کە قسەی زۆر لەبارەیەوە دەکرێت و کاریگەرییەتییەکی زۆری هەیە،) وەک ئەفسانە، هەڵگری زیاتر لە مانایەکە، پشت بە وێنە و دەربڕینی کڵپەسەندوو دەبەستێت. بلای شیعرێک دەنووسێت، شتەهۆنراوەی پێ دەڵێن، کە شیعرێکە ڕوون و خۆڕسک، لە چاوی کامێراوە، بێلایەنانە باسی پێوەندیی نێوان چاودێر و چاودێریکراو دەکات و بۆ ئەوەی نەبینراوی شیعری ببینین، دەبێت بە قوڵاییی بینراوی شیعریدا ڕۆ بچین. بلای لە شتەهۆنراوەدا بۆ لایەنی هاوبەشی نێوان شت و ئینسان دەگەڕێت، لە هەوڵی وەک ئینسان نیشاندانی شتەکان دایە و جارێک سروشت و گیاندار بە ئینسان و جارێکی تر ئینسان بە سروشت و گیاندار دەچوێنێت و لای ئەو مەرج نییە ئینسان لە گیاندارانی دیکە شکۆمەندتر بێت.
١
(هێلانەی مەلێک کە لە ڕەگ و ڕیشاڵی قامیش چێ کراوە
سپییە وەک زەریا
ئەو وەختەی خۆی بە گاشەبەردەکاندا دەدات
ئاڵۆزە وەک قژی پەرستارێکی ماندوو
دەنووکی مەلەکە
لە خەمی پیرەمێردێکی جوو دەچێت
کچەکەی شووی بە وەرزشەوانێک کردبێت.)
٢
(بزەی سەر لێوی پاکیزە
لە کێڵگەیەک دەچێت
دوای درەو ئاوی تێدا کۆ بووبێتەوە
بڕوام بە زیندووبوونەوە هەیە
ئەوە نییە توێکڵی پرتەقاڵ دوو ناوکی هەیە
یەکێکیان نیشانەیە بۆ لەدایکبوونی ئەم دونیای و
ئەوەی تریان هی ئەو دونیای!)
٣
(بە قژێکی ڕەشی بریقەدارەوە
بە سەرسامییەکەوە سەرنج دەدات
هەر لە سەرسامیی قەلەڕەشکە دەچێت
دەنگیشی وەک هی قەلەڕەش
بزوێنی درێژی تێدا نییە
لەوەی لە لوورەی گورگدا هەیە.)
بلای دەڵێت: (یەکێک لەو هۆکارانەی وایان کرد، نەتوانم لە هەڕەتی لاویمدا وەک ئێستا هونەرمەندانە شیعر بنووسم، ئەوەبوو ئەوسا هەستم بە دڵنیایی نەدەکرد. لایەنی هەرە گەشی شیعر بە پەخشان ئەوەیە، هێشتا سنوور و مەرجی بۆ دانەنراوە، بۆیە ئینسان وەختی نووسین هەست بە دڵنیایی دەکات، هەنگاو بۆ پێشەوە دەنێت و بە کۆمەکی ئەو دڵنیایییە، بە ئاسانی بۆ سەردەمی منداڵییش دەگەڕێتەوە.) بلای کە پێی وایە (دەربازکردنی مێتافۆر لەژێرچەپۆکی قامووسی شیعری کلاسیکدا، وەک ڕزگارکردنی ئینسانێکە لە خانوویەکی گڕگرتوودا،) دەڵێت: نووسینی شیعر بە پەخشان، بۆیە ئاسانترە بۆ لاوان، چونکە نە ترسی کێش و سەروایان هەیە، نە نەریتێک هەیە سانسۆر بێت بە سەریانەوە و نە باوکێک کە لە ناچارییەوە گوێڕایەڵی بن، یان هەوڵی کوشتنی بدەن.
بلای کە یەکەمین کتێبی بە سی و شەش ساڵی بڵاو کردووەتەوە، زۆر بە دەست نووسینی شیعرەوە ماندوو دەبێت و گەلێک ئەستەمە وەرگێڕێک پەیدا ببێت، بزانێت ئەو سەروەختی نووسین، بیر و خەیاڵی چەند هەواریان بەسەر کردووەتەوە. ئەویش شیعری خۆڕسکانە و لەناکاوی بۆ دێت، بەڵام ئیلهام هەر چوار پێنج دێڕێک بە هانایەوە دێت، ئیدی بە دەیان جار کار لەسەر کردن و پێداچوونەوە، ئەوسا لە نووسینی شیعرێک دەبێتەوە.
*
(١) في الشعر وترجمتە، إعداد وترجمة وتقدیم: خالدة حامد، منشورات الجمل ٢٠١٤ بیروت.