
۱- نۆزل
کاتێک پلاک
چەخماخەی دەدا
نۆزل بەنزینی پێدادەکرد
بۆ ئەوەی ئاگرەکە خۆش بکات .
٢- بۆربەرین
بۆربەرینێکیان شکاند
کۆمەڵێک هێلکەی
لە زگ بوو
لێنەگەڕان هیچیان ببنە فەرخە
بە بیانووی ئەوەی باوکیان دیار نیە .
۳- چەکوش
ئیشی ڕاستکردنەوەی ئەو ئاسنانە بوو
کە خوار ببوونەوە
لەلای گرینگ نەبوو بریندار دەبن یان نا
دەشکێن، یان شێوەیەکی تر وەردەگرن
لەلای گرینگ ئەوە بوو
( هەموو شتێک دەبێ ڕاست بێ) .
٤- پلایس
لە هەموو کەل و پەلەکانی
ناو سناعە مهرەبانتربوو
هیچ وایەرێکی ڕووت نەدەکرد
لەگەڵ تێلەکان دۆست بوو
پێش ئەوەی بکەوێتە دەستی مرۆڤ.
ئێستا بۆتە چەتە و بکوژێک
ئەو کۆترانەی وەستا بە تێلی ناو وایەر
بە کەیف درووستی کردوون
زەندەقیان لێچووە
بۆیە ڕۆژ تا ئێوارە
لە ترسان
نە لە شوێنەکەی خۆیان دەجوڵێنەوە و
نەدەندوکیش بۆ دان دەبەن.
٥- پاتری
هیچ ئۆتۆمبێلێک بەبێ پاتری
ئیشی نەدەکرد
هیچ گڵۆپێک دانەدەگیرسا
تەنانەت هیچ جیهازێکی فەحس و
هیچ پانکەیەکی شەعن نەدەجوڵایەوە
کەچی کاتێک مرد، لایتێکیش لە پرسەکەی ئامادەنەبوو.
٦- دەعامی
لەیەک لە بەریەککەوتنەکان
ڕۆژگار برینێکی ئەوەندە قوڵی
لە جەستەی دروست کردبوو
بە هیچ باغەچیەک نەدەدورایەوە.
٧- ئەقڵ
ئۆتۆمبێلەکە
چونکە ئەقڵی تەواو نەبوو
کەس نەیدەزانی چۆن ڕەفتار دەکات.
فڵچەش
بە پەنجە باریکەکانی
وەک پەنجەی دەستی
خوشکێکی دڵسۆز
فرمێسکەکانی دەسڕیەوە
کە دەیبینی دەگریێ.
٨- جام
لەدوکانی جامچی
جامێک شکابوو
شوێن شکانەکەی
دەبریسکایەوە
دەتگوت ئەستێرەیەکە
شەوی لێ وون بووە و
بە نوێژی نیوەڕۆ هەڵاتووە.
٩- دەبل
هەموو ئەندامەکانی ئۆتۆمبێل
ئەوەندە گوشاریان خستبووە سەر
وەک ئەو باوکەی
بەپیریش بۆ دەدوازدە سەرخێزان
هێشتا کرێکاری دەکات، پشتی چەمابۆوە
کەچی پێیان حەیف بوو
لەژێر ئەو بارە دەریبێنن، بۆئەوەی هەر نا، پێش ئەوەی بمرێ
بە نیەتی حەسانەوە، کەمێک لاق ڕاکێشێ.
١٠- کۆسەرە
کە ئەو دیمەنانەی بینی
یاخی بوو
چیتر بەرگەی نەگرت
خۆی بە سەروچاوی وەستاکەدا تەقاندەوەو
ئەو پەنجەیەی قرتاند
ڕۆژانە دوگمەی پێکردنەکەی
دادەگرت .
ئێستا نە دەنگی کۆسەرە دێ
نە ناڵە و نرکەی ئاسنەکانیش
سناعە وەک ئەو مەیدانەی
شەڕێکی کوشندە تێیدا کۆتایی هاتبێ وایە
ئەوەی بە جێماوە
تەنیا سەری پەڕیوی بوڕغیە
زگی شەق بووی پلێتە
گرایم شەفتی شکاوە
لەگەڵ کەلەشی کۆمەڵێک ئۆتۆمبێلی کۆن.
هەڵۆی سامی
مانگی ۲۰۲٤/٧