
ناڵە حەسەن
ئێمە کاتمان لەسەر شەقامەکان جێهێشت
ئێستا بۆنی تەپوتۆزی یادەوەری لێدێ
ڕەنگیان وەک پایزێکی دێرین زەرد هەڵگەڕاوە
با ڕابردوو هەر لە ڕابردوو بمێنێتەوە
با نەیهێنینە نێو لاپەڕەکانی ئەو تێکستەی
کە دەیەوێ بە زمانی ڕووناکی قسە بکات و
تاریکی فەرامۆشکا
سەیرکە / ئەم بەیانییە پێویستی بە سەمفۆنیای نوێ و
وشە و ڕستەی نوێ و
پێویستی بە سەمایەکە بۆنی بارانی ئەمڕۆی لێبێ
نەک دووکەڵی نێو جەنگە کۆنەکان
ئەو کەسەی لەنێو ئاوێنەکە جێما
ئەوە من نیم / تەنها سێبەری ماندووی دوێنێمە
من ئەوەتام / لەناو جەنجاڵی حەشامات و
هاواری شەمەندەفەرە نەگەیشتووەکاندا
پەنجە لە گەرووی کات ڕادەکەم و دەڵێم / ئیتر بەسە
با مردووەکان لەنێو گۆڕەکانیان پشوو بدەن و
چیتر برینی پەپوولە غەمگینەکان نەکولێنینەوە
با ڕابردووش هەر لە ڕابردوو بمێنێتەوە ...!
