
ناڵە حەسەن
١
هەرجارەی جگەرەیەک دەکێشم
ئەوە دەزانم ڕۆژێک لە تەمەنم کەم دەبێتەوە
کەچی هێشتا حەزدەکەم
جگەرە لەدوای جگەرە دابگیرسێنم ...!
٢
هەرجارەی پیاسەیەک بەنێو بێدەنگیمدا دەکەم
ئەوە دەزانم تاوەری تەنیاییم لەبەر چاوما
بەرز و بەرزتر دەبێتەوە
کەچی هێشتا حەزدەکەم
پیاسەکانم هەر درێژ و درێژتر ببنەوە ...!
٣
هەرکاتێک پەڕێک لە دەفتەری یادەوەرییەکانم دەسووتێنم
ئەوە دەزانم توونێڵە ڕەشەکەی نێو خەونەکانم
هەر تەسک و تەسکتر دەبنەوە
کەچی هێشتا حەزدەکەم
لەنێو بەستەڵەکی ئەم سەفەری ونبوونەم
بە پەڕاوی یادەوەرییەکانم خۆم گەرم بکەمەوە ...!
لەدواجاریش لەنێو سێگۆشەی ئەم خەیاڵە
سوور سوورە ڕەشۆکییەم
ژنێک بەلەنجەیەکی نەرمەوە بەلامدا ڕەتدەبێ و دەڵێت
دوای نیوەڕۆی مردنت باش / ئەی شاعیرە ڕۆژهەڵاتییەکە !
