
سرووتەکانی شاخەوانیم - گەشتی کلیمانجارۆ؛
سێیەمین ئەزموونی نووسراوی بواری کەژەوانی
نووسینی: عومەر خدر کاکیل
18\1\2026
خوێندنەوە و نووسین لەسەر بابەتێک کە لە ئەدەبیاتی کوردیدا بە دەگمەن ئاوڕی لێدرابێتەوە، کارێکی ئاسان نییە. وەرزشی کەژەوانی (شاخڕەوی) بە هەموو لقەکانیەوە، لەلای ئێمە وەرزشێکی نوێیە و زۆر کەم كاری بەڵگەنامەیی بۆ کراوە و لەسەری نووسراوە.
گرنگیدانی زیاتر بەم وەرزشە و نووسینەوەی ئەزموونەکان، بەتایبەتی لەلایەن خودی وەرزشوانانی ئەو بوارەوە، هەنگاوێکی ستراتیژی دەبێت بۆ پەرەپێدانی کەژەوانی؛ ئەو وەرزشەی لە زۆربەی وڵاتانی جیهان و تەنانەت وڵاتە دراوسێکانیشمان مێژوویەکی دێرینی هەیە و بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتی گەشتیاری. خۆشبەختانە هەڵکەوتەی جوگرافی و چیا سەرکەشەکانی هەرێمی کوردستان و کەشوهەوا لەبارەکەی، زەمینەیەکی زێڕین بۆ گەشەسەندنی ئەم وەرزشە دەڕەخسێنێت.
لەم چوارچێوەیەدا، هەوڵەکانی (محەمەد باوەکر)ی شاعیر و نووسەر و کەژەوان جێگەی پێزانین و دەستخۆشیە، کە تا ئێستا سێ بەرگی بەناوی (سرووتەکانی شاخەوانیم) وەک یادەوەریی گەشتەکانی بۆ زۆربەی شاخەکانی کوردستان و چیا بەناوبانگەکانی جیهان بڵاوکردووەتەوە. نوێترین بەرهەمی کاك باوەكر بەرگی سێیەمی كتێبەكەیەتی، تایبەتە بە گەشتی شاخڕەوی بۆ چیای (کلیمانجارۆ) لە وڵاتی تانزانیا لە کیشوەری ئەفریقا.
نووسەر لەم کتێبەدا سەرەتا باسێکی کورتی تانزانیا و کلیمانجارۆ و شارۆچکەی (مۆشی) دەکات. لەوێوە لەڕێگەی کۆمپانیایەکی تایبەتمەندەوە، لەگەڵ چوار کۆڵکێش و چێشتلێنەرێک و ڕێبەرێک، ڕوو لە لوتکەکانی کلیمانجارۆ (ئۆهۆرۆ ٥٨٩٥م، ستیلا ٥٧٥٦م، پۆینتە ٥٦٨١م) دەکات. گەشتەکە پێنج ڕۆژ دەخایەنێت و کورترین و سەختترین ڕێگادا دەگرنە بەر.
لە دەستپێکی گەشتەکەوە، سەرەڕای سەرما و باران و بای بەهێز، نووسەر بە وردی لە سروشتە ئەفسووناوییەکەی ناوچەكە ڕادەمێنێت و دیمەنەکان لە زەینی خۆی و کامێراکەیدا تۆمار دەکات. ڕووبارە بەخوڕەکان، تاڤگە بەرزەکان و ڕووەکە هەمەچەشنەكان و ئاژەڵەکان دەکاتە تابلۆیەکی هونەری. بەدرێژایی ڕێگاکە چەندین (ناشناڵ پارک) دەبینێت کە ئاوەدانن بە مار، دووپشک، مەیموون، کەرکەدەن، فیل، پڵنگ، زەرافە و باڵندە و گوڵ و گیای دەگمەن. هەروەها ئاشنای گوندنشینان و هۆزە جیاوازەکان دەبێت و دابونەریتیان تۆمار دەکات.
لە وەسفی ڕۆژی پێنجەم و گەیشتن بە لوتکەدا، نووسەر دیمەنێکی کاریگەر دەگێڕێتەوە؛ با و زریانێکی ئەوەندە بەهێز هەڵدەکات، ڕێبەرەکە ناچار دەبێت محەمەد باوەکری کەژەوان کە جەستەیەكی بنێس و لاوازی هەیە، بە گوریس لە کەمەری خۆی توند بکات نەوەک با بیبات. نووسەر دەڵێت: "سڕ و سەرمای لوتکەکان هەموو شتێکی بەستبوو، پلەی گەرمی لە نێوان ١٥ بۆ ٢٠ پلەی ژێر سفر بوو". تەنانەت لایت و کاتژمێر و دەبەی ئاوەكانیش كە لە خاولی پێچرابووەوە، بەستبوویان. تەنیا ئاوی تێکەڵ بە مەگنیسیۆم و شەکرەکەی ڕێبەرەکە نەیبەستبوو و تینوێتییان پێ شکاند. هەر لەسەر ئەو لوتکە سەختەشدا، باوەكر یادی ٦٧ ساڵەی تەمەنی دەكاتەوە، کە ئەمەش پاڵنەری سەرەکیی گەشتەکەی بووە.
ئەوەی جێی سەرنجە و دەکرێت چەند وانەیەك لەم کتێبەدا وەربگیرێت، رەنگ بێت لەپێشەوەی هەموویان باوەڕبەخۆبوون و ئیرادەی ژیان و بەردەوام بوونە، مرۆڤ لە تەمەنی 67 ساڵیدا سەرەڕۆییەكی وا بكات، ئومێد بەژیان و جوانییەكانی دەبەخشێت. وانەیەكی تر ئەوەیە کە چیاکانی ئێمەش شایستەی ئەوەن ببنە سەرچاوەی داهات بۆ خەڵکی گوندەکان و هەرێمەکەمان. ئەگەر ئەم بوارە پەرەی پێ بدرێت، خەڵکی ناوچەکە دەتوانن وەک ڕێبەر و چاوساغ ڕۆڵ ببینن بۆ ئەو گەشتیارانەی لە دەرەوە دێن، بەمەش هەم بژێوییەک بۆ خەڵک دابین دەبێت و هەم سروشتی کوردستان بە جیهان دەناسێنرێت.
سەرچاوە: سرووتەکانی شاخەوانیم - گەشتی کلیمانجارۆ
نووسەر: محەمەد باوەکر
چاپخانە: ڕۆکسانا - کۆتایی ٢٠٢٥