كەریم دەشتی
1
لە شەقامی چوارچرادا
چوار لالەی بچووكم كڕی
كە هاتمەوە دامگیرساندن
بۆن بخووردی كراسە سپییەكەی كۆماریان
لێههڵئهسا
2
لە ورمێ لە باخێكی پڕ تەمتومان
یادی ئەوینێ لوولیدام
بە پەلە چوومەوە ڕاژان
3
بەسەر دەریاچەی مهریوان
گۆرانییەكم بۆ ناری چڕی
هەرچی مەلی غەریبی بوو
بۆ سەرشانی من هەڵفڕی
4
لە بۆكان
لەبەر نەوای شمشاڵەكەی قالە مەڕە
شار بۆنی گریان و غوربەتی لێئەهات
5
كە چوومەوە قاڕنێ
هێشتا خوێن
بە سەر خاكدا وشك نەبووبۆوە
كە باران لێیئەدا ئەبریقایەوە
6
بەسەر پشتی ئەسپیی خەیاڵ
بە دەوری گۆڕی شیرازی سووڕامەوە
جگە لە شیعر هیچ شتێكی شارم نەدی
7
كە لە تاكستان بە ئاگاهاتم
غەرقی شەڕاب بوو بووم
8
هەمەدان شارێكی چەند دوورە
ئەڵێی پایتەختی دونیایە
سەدەی یەكەمی لێدیارە
كەچی پڕاوپڕ ئێستایە
9
سنە دەستێكی لە شەیتان گیر بووە
دەستێكیشی لە فریشتە
كچەكانی ئەڵێی ژنەكانی ئەمازۆنن
كە ئەتگرن بۆ ئەبەد بەرهەڵات ناكەن
10
لەسەر گردەكەی شاری بانە
لە دوای ئەو هەموو جەنگانە
جێ پێی عاشقان هەر ماوە
11
لە بەرەبەرەی بەیاندا
تەبریز هەروەك مارێكی ڕەش
دەمی نابووە ناو دەمی دیوانەكانی مەولانا
شیراز2010