چیرۆكی: مه‌نسووری یاقوتی
وه‌رگێڕانی: خالید فاتیحی
به په‌رێشانی و دڵپڕیه‌وه، ده‌ستی به زه‌نگه‌كه‌وه نا. خاتوو عالمتاج كه له‌و دیو شووشه په‌نجه‌ره هه‌ڵمگرتووه‌كانه‌وه، سه‌یری وه‌رینی گه‌ڵای شاتووه‌كه‌ی ده‌كرد، كه له‌ژێر هه‌تاوه زێڕینه‌كه‌ی پایزدا هه‌ڵده‌وه‌رین و تێیانه‌وه رامابوو، گوتی: «بزانه كێیه؟»
سینداد وازی له سه‌یركردنی ته‌له‌ڤزیۆنه‌كه هێناو هه‌ستا. كراس دامه‌نه‌كه‌ی دادایه‌وه، له‌چكه‌كه‌ی له‌سه‌ری ناو چووه ده‌رێ. له حه‌سارێ تێپه‌ڕی، ده‌رگای كرده‌وه‌و به سه‌رسوڕمانه‌وه چه‌ند هه‌نگاوێك كشایه‌وه. ده‌یویست هاوار بكات و داوای یارمه‌تی له دایكی بكات، كه چه‌نگیز ده‌می گرت و گوتی: «مه‌ترسه! بۆ گه‌ردن ئازایی هاتووم.»
خاتوو عالمتاج كه‌مێك په‌نجه‌ره‌كه‌ی كرده‌وه‌و پرسی: «كێیه؟»
سینداد به چاوی پڕ له حه‌په‌سان و نه‌فره‌ته‌وه گوتی: «دایه، چه‌نگیزه!»
عالمتاج له‌رزی. رووی له رووخسای خان كرد كه تابلۆكێشێكی ماهیر به ره‌نگی زه‌یتی وێنه‌ی كێشا بوو. ده‌سكه گوڵێكی سووری نایلۆنی تۆزاوی له‌سه‌ر دانرابوو، كه په‌راوێزێكی ره‌شیان به ده‌وره‌دا هێنا بوو.
روی وه‌رگێڕاو خۆی له ئاوێنه‌دا دیته‌وه، كه وه‌ك گه‌ڵایه‌كی با برده‌ڵه‌ی زه‌ردو ژاكاو خۆی ده‌نواند. چه‌نگیز، سه‌ری نه‌وی كردبوو، شانی تێك ته‌پیبوون، بێ مۆڵه‌ت وه‌رگرتن هاتبووه ژوور.
عالمتاج هه‌ستیكرد سه‌ری له گیژه‌وه‌دێ له‌سه‌ر فه‌ڕشه‌كه دانیشت و چاوی له ده‌رگاكه‌وه بڕی. سه‌ره‌تا پێیوابوو ترساوه، به‌ڵام هه‌ركه چه‌نگیز هاته‌ژوور، سڵاوی كرد‌و سه‌ری نه‌ویكرد، هێور بووه‌وه. چه‌نگیز وه‌كو هه‌ورێكی چڵكن كووڕ ببوووه‌وه و ئه‌ژنۆی دادان. قژی به‌ته‌واوی سپی ببوو، به‌فری رۆژگار ریش و سمێڵیشی سپی كردبوون. عالمتاج به نه‌فره‌ته‌وه ته‌ماشای ده‌كردو هیچ قسه‌یه‌كی نه‌ده‌كرد. سیندادیش له سووچێك دانیشت و به چاوی پڕ له رق و كینه‌وه له چه‌نگیز رامابوو، كه خۆی گرمۆڵه كردبوو سه‌ری نه‌ویكردبوو، ده‌تگوت له‌ژێر بارێكی قورس‌دا نغرۆ بووه. خاتوو عالمتاج هه‌ستا وێنه‌كه‌ی خانی له دیواری هێناخوار به دیواری هه‌ڵپه‌ساردو
به ده‌سرۆكه‌یه‌ك تۆزی سه‌ر وێنه‌كه‌ی سڕیه‌وه. چه‌نگیز سه‌ری هه‌ڵێنا كاتێك چاوی به چاوی خان كه‌وت، له‌ناكاو كوڵی دڵی هه‌ستاو له بانگی گریانیدا، شانه‌كانی ده‌له‌رزین و وه‌كو گه‌واڵه هه‌ورێك فرمێسكی ده‌باراند. خاتوو عالمتاج و كچه‌كه‌ی ته‌ماشایان ده‌كرد و هیچ قسه‌یه‌كیان نه‌ده‌كرد.
2
هێرشیان بۆ باڵه‌خانه‌كه‌ی خان هێنا. له‌ناو ده‌رگا چه‌ند كه‌سێك به پاڵه‌په‌ستۆوه كه‌وتنه بن پێیان، ئه‌وانیدیكه‌ش به‌سه‌ریاندا تێپه‌ڕین. پاڵیان به یه‌كتره‌وه ده‌نا. جنێوی پیسیان به یه‌كتری ده‌دا ئه‌وه‌ی زیاتر هه‌وڵیده‌دا زووتر ده‌گه‌یشته باڵه‌خانه‌ی خان و تاڵانیان ده‌كرد. یه‌كێك ئانیشكیكی هێنده توندی له سینگی ئامۆزاكه‌یدا هه‌ناسه‌ی لێ‌بڕی. یه‌كێكی دیكه پاڵی به براكه‌ی وه‌ناو له‌سه‌ر ده‌موچاوان كه‌وته سه‌ر عه‌ردی و وه‌بن ده‌ست و پێی خه‌ڵه‌كه كه‌وت. له‌ژێر ئاسمانی ته‌مومژدا، خه‌ڵكه‌كه به‌فره‌كه‌ی حه‌سارێیان پێخوست ده‌كردو به‌ره‌و لای ژووره‌كان هرووژمیان ده‌برد. له‌پێشدا فه‌ڕه‌شه‌كانیان تاڵان كرد. له‌سه‌ر فه‌ڕشێك دوو برا بوو به شه‌ڕیان یه‌كێكیان كه به‌خۆوه تر بوو برا بچووكه‌كه‌ی به‌رز كرده‌وه‌و به په‌نجه‌ره داخراوه‌كه‌ی دادا، كه چوارچێوه‌كه‌ی ده‌رپه‌ڕاندو كابرای هه‌ڵدایه ئه‌و دیوی باڵه‌كۆنه‌كه. برا بچووكه‌كه هاواری كرد: «وای بابه‌گیان مردم!»
چه‌نگیز كه له حه‌سارێ راوه‌ستا بوو، لووله‌ی تفه‌نگه‌كه‌ی به‌رز كرده‌وه‌و چه‌ند گولله‌یه‌كی هه‌وایی ته‌قاندو هاواری كرد: «به یه‌كسانی له‌ناو خۆتاندا دابه‌شی بكه‌ن!»
باوكی چه‌نگیز سه‌ماوه‌رێكی زه‌ردی له‌بن هه‌نگڵ گرتبوو كه پێیوابوو زێڕه، فه‌ڕشێكی لاكیشه‌یشی له‌سه‌ر شانی دانابوو. هه‌موو په‌رده‌كانیان لێكردنه‌وه. تابلۆكانیان له دیواری كردنه‌وه‌و فڕێیاندانه حه‌سارێ. شوانی ئاوایی به پێله‌قه چووه سه‌ر ته‌سجیله‌كه‌و ورد‌و خاشی كرد. خان هه‌ناسه‌یه‌كی ساردی هه‌ڵكیشاو وه‌لێوه‌له‌رزه كه‌وت. چاوه‌كانی پڕ ببوون له فرمێسك، به په‌نا منداڵه‌كانیدا رۆیشت كه له په‌نا دایكیان له ژووره سارد‌و ره‌ق و ته‌قه‌كه بوون و له ترسان و له سه‌رمان هه‌ڵده‌له‌رزین.
خان كه له‌ودیو په‌نجه‌ره‌وه ته‌ماشای ده‌رێی ده‌كرد، به په‌نجه ئاماژه‌ی بۆ ژه‌نه‌كه‌ی كرد. خاتوو عالتماج به رووخساری شێواو و چاوی پڕ له خه‌مه‌وه هه‌ستا. خان بردی بۆ قوژبنێك بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌كان گوێیان لێنه‌بێ به سرته پێی‌گوت: «ئه‌گه‌ر مردم له‌و گونده‌و له‌لای مردووی ئه‌و خه‌ڵكه سپڵه‌و بێ نمه‌كه مه‌منێژن.»
به كۆڵه‌گروو گوتی: «بمبه‌نه كانییه پیر!»
دیسان له ده‌رێ ڕاما. قه‌له‌ڕه‌شێك جوجه‌ڵه‌یه‌كی به ده‌نووك گرت و هه‌ڵفڕی.
«منداڵه‌كان باش په‌روه‌رده بكه.»
عالمتاج له بانگی گریانێیدا. خان له گه‌روویدا هه‌ستی به سوێری فرمێسكه‌كانی كرد. خان له ژنه‌كه‌ی راخوڕی: «ئافره‌ت! منداڵه‌كان نیگه‌ران ده‌بن!»
عالمتاج به گۆشه‌یه‌كی له‌چكه‌كه‌ی فرمێسكه‌كانی سڕینه‌وه‌و رۆیشته‌ده‌رێ، له دارسپیداره‌كه راما كه به‌فر دایپۆشیبوو. خان به خه‌مناكییه‌وه گوتی: «ته‌ماشاكه چه‌نگیزه!... ئه‌ی سپڵه. مرۆڤ چه‌نده كڵۆڵه.»
***
ده‌تگوت په‌رده‌یه‌كی گه‌وره‌ی به‌فر، له رۆژئاواوه تا رۆژهه‌ڵات به‌سه‌ر ده‌شت و كێ‌و و دۆڵه‌كاندا هه‌ڵكێشراوه. شه‌وان، گورگه بۆر و برسییه‌كان له ده‌ورووبه‌ری ئاوایی (ماراب) ده‌خولانه‌وه، هێنده ده‌سووڕانه‌وه تا سه‌گێك به‌دوای خۆیاندا په‌لكێش بكه‌ن و هه‌ڵدڕهه‌ڵدڕی بكه‌ن.
خان دووربینه ئه‌ڵمانییه‌كه‌ی له‌سه‌ر ره‌فته‌كه ده‌ستدایه‌و چووه به‌رهه‌یوانێ و به چاویه‌وه‌نا. به‌سه‌رنجه‌وه لێی راما به دووڵیه‌وه له‌بن لێوانه‌وه گوتی: «ئه‌وه چییه ده‌ڵێی كه‌ره... چییه وا كورووشم هه‌ڵاتووه؟ ده‌ڵێی بنیاده‌مه!... خۆ ئه‌و به‌فره ناهێڵێ هیچ ببینی.»
فه‌رمانی به نۆكه‌ره‌كه‌یدا: «ئه‌سپه‌كه‌م بۆ زین بكه... بڕنه‌وه‌كه‌شت له‌بیر نه‌چێ.»
پاش چه‌ند ساتێك سواری ئه‌سپه‌كه‌ی بوو به‌نێو ئه‌و به‌فره دا ده‌رۆیشت كه یه‌كته‌كان ده‌باری، له قه‌ڵا وه‌ده‌ركه‌وت و گه‌یشته ده‌روه‌كه . ئه‌و پیاوانه‌ی به‌فری سه‌ربانه‌كانیان ده‌ماڵی، به كونجكۆڵییه‌وه له خانیان ده‌ڕوانی كه به‌و به‌فره به‌ره‌و چیا ده‌ڕۆیشت. ئه‌سپه‌كه به پارێز به ناو به‌فره‌كه‌دا ده‌ڕۆیشت. له نزیك ده‌روه‌كه، خان جڵه‌وی ئه‌سپه‌كه‌ی كێشا و له تارماییه‌كه ڕاما. چه‌ند كه‌سێك له‌به‌ر سكی گو‌ێدرێژێك خۆیان گرمۆڵه كردبوو. له‌به‌رخۆیه‌وه گوتی: (له رێگا لێیان قه‌وماوه‌و خۆیان خزاندۆته ژێر سكی گویدرێژه‌كه.!)
ئه‌سپه‌كه‌ی لینگدا. بێده‌نگییه‌كی سامناك درووه‌كه‌ی داگرتبوو، كه نزیك كه‌وته‌وه چاوی به ژن و پیاوێك كه‌وت كه دوو منداڵیشیان پێ بوو، خۆیان له‌به‌ر سكی گویدرێژێكدا گرمۆڵه كردبوو. خان هاواری كرد: «هۆی خاڵه!... خه‌ڵكی كوێی و چ كاره‌ی؟»
كابرا له‌ژێر ته‌نگه‌ی كه‌ره‌كه هاته‌ده‌ر سڵاوی كرد، غاری‌دا ده‌ستی خانی ماچ كرد‌و گوتی: «ناوم چه‌نگیزه قوربان... خه‌ڵكی ئاوایی داره‌ڕه‌شم... كۆچمان كردووه و له‌ناو به‌فردا گیرمان خواردووه.»
خان گوتی: «جێگای خۆت و ماڵ و منداڵت ده‌كه‌مه‌وه و به‌هارێش خاونوویه‌كت بۆ ساز ده‌كه‌م و زه‌ویشت ده‌ده‌مێ.»
چه‌نگیز گوتی: «نۆكه‌ری تۆم قوربان... ژن و منداڵه‌كه‌مت له مردن رزگار كرد... خودا تۆمان لێ نه‌ستێنێ...»
خان گوتی: «منداڵه‌كانت بێنه له پاشكۆی من سواربن، با ژنه‌كه‌شت سواری كه‌ره‌كه بێت...»
چه‌نگیز چه‌كمه‌كانی خانی ماچ كردن و گوتی: «خودا ته‌مه‌ن درێژت بكا...»
***
چه‌نگیز ده‌رگاكه‌ی كرده‌وه. تفه‌نگه‌كه‌ی به ده‌سته‌وه گرتبوو، پرسی: «زێڕه‌كان له‌كوێن؟»
خاتوو عالمتاج گوتی: «كامه زێڕ؟ ئه‌وه‌ی هه‌مان بوو بردتن، هه‌زار سه‌ر مه‌ڕ و شه‌ش سه‌د دۆنم زه‌وی... هه‌رچی گاوگۆل و بزن بوو... گه‌سكت له ماڵه‌كه‌یدا... ئیدی چیت ده‌وێ؟ ئه‌دی كوا سۆز و پیاوه‌تیت؟ منداڵه‌كانم هه‌قی خۆیانه بژین یان نا؟»
«زێڕه‌كان له‌كوێن؟»
خاتوو عالمتاج گوتی: «سێ رۆژه به‌بێ نان و ئاو لێره زیندانیت كردووین، له خودا بترسه، چما چیمان كردووه؟»
«سته‌م!»
خان پرسی: «سته‌م له‌كێ؟ حه‌تمه‌ن یه‌كێكیان تۆی؟!»
له چاوه كزه‌كانی چه‌نگیز ڕاماو هه‌ناسه‌یه‌كی هه‌ڵكێشا. چه‌نگیز فه‌رمانیدا: «وه‌ره ده‌رێ!»
ژماره‌یه‌ك لادێی كه دژی ئه‌و درووشمیان ده‌دا وه‌دوایان كه‌وتن. چه‌نگیز كه چه‌ند چه‌كدارێكیشی به‌دواوه بوون گوتی: «داوای گه‌ردن ئازایی له خه‌ڵك بكه.»
خان گوتی: «من هیچ خراپه‌یه‌كم له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی نه‌كردووه تا داوای گه‌ردن ئازاییان لێبكه‌م. چیم كردووه؟»
«سته‌م!»
چه‌نگیز له په‌نا دیواری قه‌ڵا، خانی له ژن و منداڵه‌كه‌ی جیا كرده‌وه‌و بردییه سووچێكی دیواری قه‌ڵا. خان گوتی: «با دوو ركات نوێژ بكه‌م.»
خاتوو عالمتاج و منداڵه‌كانی له په‌نایه‌ك له‌سه‌ر به‌فره‌كه له‌سه‌رمان هه‌ڵده‌له‌رزین، هه‌ر ئه‌م پێ و ئه‌و پێیان ده‌كرد.
خان ده‌ستنویژی هه‌ڵگرت، رووه‌و قیبله راوه‌ستاو ناڵاندی: «ئه‌ڵڵاهو ئه‌كبه‌ر!»
كاتێك خان نوێژه‌كه‌ی كرد، چه‌نگیز پێی‌گوت: «بڕۆ له په‌نا دیواره‌كه راوه‌سته!»
خان به خه‌م و كه‌سه‌ره‌وه ته‌ماشای ژن و منداڵه‌كانی كرد و چاوی پڕ كردن له دیمه‌نی ئه‌وان، هه‌ناسه‌یه‌كی سارد سینه‌ی له‌رزاند. لێوه‌كانی وه‌له‌رزه كه‌وتن. له په‌نا دیواری راوه‌ستاو نزای كرد. چه‌نگیز چۆكی داداو زامنه‌كه‌ی خسته سه‌ر ده‌سترێژو په‌له‌پیتكه‌ی كێشا.
خاتوو عالمتاج قیژاندی. منداڵه‌كانیشی به بابه‌ڕۆ به‌ره‌ولای غاریاندا، سه‌ریان له به‌فر و خوێنه‌كه‌ی نا. فرمێسك و خوێن تێكه‌ڵ بوون. خه‌ڵكه‌كه هوتافیان ده‌كێشا.
3
چه‌نگیز هه‌روا ده‌گریا و ده‌سماڵه یه‌زدیه‌كه‌ی به ده‌م و لووتییه‌وه گرتبوو، شانی ده‌له‌رزین. خاتوو عالمتاج ئاماژه‌ی بۆ سینداد كرد له ژوورێ بێنه‌ده‌ر. سینداد هه‌ستا. خاتوو عالمتاجیش هه‌ستا وێنه‌كه‌ی خانی له‌پێش چه‌نگیز دانا‌و به‌دوای كچه‌كه‌یدا چووه ده‌رێ.
چه‌نگیز به ته‌نیا مایه‌وه. به ده‌سماڵه ته‌ڕه‌كه‌ی فرمێسكه‌كانی سڕینه‌وه و له چاوی خانه‌وه ڕاما. تارمایی خان له‌پێش چاوی قووت بۆوه. به باڵای به‌رز و جلك و به‌رگی خۆوه‌ڵاتی و رووخسارێكی ئارام ده‌سته‌كانی به‌ره‌و ئاسمان به‌رز كردبۆوه و ده‌یناڵاند: «ئه‌ڵڵاهو ئه‌كبه‌ر!»
چه‌نگیز به گریانه‌وه ده‌یگوت: «بمبووره، غه‌ڵه‌تم كرد!»
به گریان و بابه‌ڕۆ هه‌ستا. له‌كاتێكدا وه‌ك هه‌ورێكی ڕه‌ش فرمێسكی ده‌ڕشت، به شانی تێك ته‌پیو سه‌ری نه‌ویكردبوو، به كۆڵانه چۆڵه‌كه‌دا وه‌ڕێكه‌وت. له كۆڵانێ بای ده‌هات.
كرماشان/ 1374ی هه‌تاوی
سه‌رچاوه: كۆمه‌ڵه چیرۆكی (تنهاتر از ماه) انتشارات ازاد مهر 1390