بۆچی ئەو هەموو هێرشەی لەسەربوو؟ چونکە دەیوێرا ئازاد بفکرێت، پارێزگاری لە تاکایەتیی خۆی بکات و شوێنپێی کەس هەڵنەگرێت، چونکە سەر بەم ئایدۆلۆجیا یان ئەو حیزب نەبوو، سەر بە خۆی بوو. ئەوەندە بەس نییە، تۆیش وەک هەننا ئارنێت لە دنیا تێبگەیت، حەوجەت بەوەیشە، وەکوو ئەو بوێر بیت و لەبەر تیشکی تێگەیشتنی خۆتدا هەڵسوکەوت بکەیت. نازییەکان چۆنیان توانی ئەو هەموو خەڵکە بسووتێنن؟ چونکە توانای سەربەخۆ بیرکردنەوە و بەگەڕخستنی خەیاڵیان لە تاک زەوت کردبوو، چونکە لە دەزگای بیرۆکراتیزمدا، تاکیان کردبوو بە ئامێرێکی بێهەست و بێسۆز، ئەوە بۆیە بەوپەڕی خوێنساردییەوە، ئەم ئینسان ئەو ئینسانیان دەکوشت.

هەننا ئارێنت دەیگوت: (ئەگەر ئازاد بیر نەکەینەوە، ناخمان دەبێت بە سەرچاوەی خراپەکاری، ئاخر بە چاوی نووقاوەوە، دوای کام فیکر نائینسانییە دەکەوین و کام تاوان قێزەونە سڵی لێ ناکەینەوە. تاوانکار کەسێکی بەدڕەوتاری دەگمەن نییە، بیکوژین و پاڵی لێ بدەینەوە، تاوانکاری: فیکر و پرەنسیپی سیاسییە، ئینسانی ئاسایی دەکات بە خوێنڕێژ.) شاعیریش وەک هەر ئینسانێکی دیکە، ئەگەر ئازاد نەبوو، ئەگەر ڕەدووی ئەم یان ئەو فیکر کەوت، لەبری ئەوەی شیعر بە ئامانج بزانێت، وەک ئامراز بەگەڕی دەخات و دنیا بەسەر دوو بەرەدا دابەش دەکات: پیرۆز و پۆخڵ.

ڕێنییە شار دەیگوت: شیعر زمانحاڵی هیچ مەسەلەیەک نییە، خۆی مەسەلەکەیە. (پۆڵ ڤالیری)یش پێی وابوو: شیعر هەڵچوون نییە، ماوەیەکی درێژ لەنێوان هەڵچوون و شیعردا هەیە. هەرچەندە ڕۆمان پێویستی بە چنینی مەحکەم و گێڕانەوەی هێمن و جێی باوەڕ هەیە، کەچی خاتوونە نووسەری ئەمریکایی: مارگۆری ڕۆلینگز دەیگوت: (ڕۆژێک دێت ڕۆمانێکی ژنانە بنووسم، ڕۆمانێک تێیدا ژنان بۆ قەلاچۆکردنی پیاوان هان بدەم، تێیدا داوا لە ژنان بکەم، دەست بدەنە چەک و چی پیاوە بیکوژن. کە پیاوان تۆویان بڕایەوە، سەرلەنوێ مەیموونەکان گەشە دەکەن و پیاوانی باشتریان لێ پەیدا دەبێت.)

نەفامی چارەنووسی ئینسانی جڵەو کردووە، ئاخر عەقڵ بزرە، یان دروستتر ئەو عەقڵەی سەروەرە، گوێڕایەڵی ئەفسانە و داستانە،) ئەویشی جیاواز و ئازاد بیر بکاتەوە، بەرەو ڕووی تیرۆری فیکری دەبێتەوە و بواری نادەن لە ناوەندی بڕیار نزیک ببێتەوە، (مەگەر وەک قەرەج لە کەناری شار چادر هەڵبدات و هەر تاوانێک ڕووی دا، ئەوی پێ تۆمەتبار بکرێت.) وەک چۆن شێوەکار بەر لە تەواوکردنی، چەند هەنگاوێک لە تابلۆیەکەی دوور دەکەوێتەوە و قووڵ سەرنجی دەدات، بۆ ئەوەی ئەگەر خەوشێکی تێدا بینییەوە، چارەسەری بکات، ئینسانیش حەوجەی بەوەیە، ناوبەناو لە دوورەوە لە خۆی بڕوانێت.

 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا