
ژن هیچ كاتێك، نابێ بوونی خۆی لە سایەی سێبەری كەسێكی دیكەوە ببینێت، چونكە بە كەوتنی ئەو سێبەرە ئەویش دەكەوێت ! ژن بە سرووشتی ژنانەی خۆی، دواجار ژنەو بوونەوەرێكی جیاوازە لە ڕووی سایكۆلۆژی و هەست و سۆز و میهرەبانی و ئەدگارەكانی دیكەی ژیان لە پیاو، ئەم جیاواز كەوتنەوەیە، پێدراوێكی سرووشتییانەی ژیانە و ژن وەك ژن دەهێڵێتەوە و جوانی و سەرمایە سمبولییەكەی ژنیش هەر لەوەدایە ژنبێت، نەك بوونو ژیان و شوناسی خۆی لە پیاوێكدا ببینێت . ژن بۆ ئەوەی ژنێتی خۆی پیشان بدات، نابێ پیاوێك بكاتە بەهانەی هەبوونی لە ژیان، تەنانەت ئەگەر لە پەیوەندی خۆشەویستیش دابێت، چونكە هیچ كاتێك خۆ ونكردن و توانەوەی لە نێو شوناسی ئەویتردا بە تایبەتیش پیاو، مانایەك و جوانییەك بۆ هەبوونی ژن وەك بوونەوەرێكی جیا لە پیاو ناهێڵێتەوە. ژن، كاتێ ژنێتی خۆی بەو هەموو هەست و سۆزە ژنانەیە دەنوێنێت، پیاوێك هەبێت یان نا، ئەو هەموو ئەدگارە جوانییە لە ژندا هەر هەن، ئەم هەستانە بە ئاوێزان بوون و تێكەڵبوون بە ئەویتری پیاو، جوانتر و بەرامەتر دەبن و لە پەیوەندی دوولایەنیدا، جوانییەكی ڕوحی بە هەردووكییان دەدات، بەڵام دیسانەوە دەبێ بزانین هەموو ئەوجوانییانە، هەموو ئەو ئەدگارە مرۆییانە كە لە ژندا هەن، دواجار هەر هەن و پیاوێك هەبێت یان نا، ئیدی ژن دەبێ ژن بێت. لە ڕۆمانی ( یادەوەری خوێن)ی خانمە شاعیر (دڵسۆز حەمە) ئێمە بەر وێنەی ژنێك دەكەوین، كە هەموو ئەو پێدراوە ژنانەی خۆی لە هەبوونی پیاوێكی سەربازی، كە سیمبولی كوشتن و خوێنە دەبینێتەوە. ئەم كتێبە، لە ڕاستیدا ڕۆمان نییە، بەڵكو یادەوەری ڕۆژانی هەرە تاریك و تووشی شەری ناوخۆ و ساڵانی نەهامەتی و نەبوونی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو دەگێڕێتەوە. كتێبەكە، گەرچی بە زمانێكی یەكجار جوانی پەخشانییانە نووسراوە، شیعریەتی گێڕانەوە بە سەر دێڕ بە دێڕی گێڕانەوەكانەوە دیارە، بەڵام بە داخەوە هەموو ئەو جوانیەتییە لە كتێبەكەدا، لای من لە هەنبەر ئەو خۆ ونكردن و خۆ بچووك كرنەوەیەی ژنێك لە بەرانبەر پیاودا، ماناو بەهایەكیان نامێنێت ! نووسەر، ئەزموونی ژیانی ژنێك، لە چوارچێوەی ماڵێكی هەژار و نەدار، لە ژێر سێبەری بێ باوكی و برایەكی ئیفلیجی خاوەن هەفت منداڵ و براژنێكی هەمیشە ڕوح بریندار و برایەكی بێ كاردا دەگێڕێتەوە. دوای ئەوەی براكەی ئەو خێزانە بێ سایە، بە سەر پەنجەرەیەكی كراوەی گەورەی پڕ لە برسییەتی و هەژاری جێدێڵێت و ڕوو لە ئەوروپا دەكات، ئیدی خوشكەكەی ئەركی گەورەی ژیانكردنی دایك و خێزانەكەی دەكەوێتە ئەستۆ، لە ڕۆژگارێكیشدا كە تەنانەت پیاو لە بوونی پیاوانەی خۆی پەشیمان بوو، نەك ژنێك شان بداتە بەر ژیانێكی تەژی لە هەژاری و بێ لانەیی و نەبوونی. بۆیە پاڵەوانی ڕۆمانەكە، بێ دەرەتانە و دڵەڕاوكێیانە بە دوای كارێكدا دەگەڕێت و سەرەنجام دەبێتە بێژەری كەناڵێكی تیڤی و وەك بێژەر دەست بەكار دەبێت. بە پێی گێڕانەوەكان بێت، ئەو كەناڵە لە هەولێر بووەو و ڕۆژگارەكەش وەك لە بەرواری نامەكان دیارە، ساڵی نەوەد و پێنجە. پاڵەوانی ڕۆمانەكە، دوای ئەوەی بۆ یەكەمین جار سەر بەو باڵەخانە شەش نهۆمییە دەكات كە كاری تیڤییەكەی لێ دەكرێت، ئیدی لەوێ بەرپرسێكی گەورەی سەربازی كە خۆی وتەنی سمبولی خوێن و كوشتن و شەڕە، لەو ڕۆژگارەی شەڕی نێوخۆدا دەناسێت ولە یەكەم نیگادا، وەك ژنێك دەكەوێتە تەڵەی ئەو پیاوە دوالیزمییە، لە كەسایەتی و ڕەفتار و بیركردنەوەدا. سیاوەشی زەبر دەست، ئەو پیاوە باڵابەرز و بە سام و شكۆ و ترسەیە، كە لە یەكەم بینینیدا بە جۆرێك تەسلیمی دەبێت، كە ئیدی بیری دەچێتەوە كە ئەویش مرۆڤ و دواجار ژنیشە، كە نابێ هەموو بوونی خۆی لە بوونی ئەودا ببینێت، كە ئەمەش ئەو تێگەیشتنە هەڵەیەیە كە نابێ ژنان هەیانبێت بەوەی كە بۆ ئەوەی بیسەلمێنن ژنن، دەبێ ژنێتی خۆیان لە سێبەری گەورەی پیاوێكدا ببینین. سیاوەشی زەبر دەست، لە یەك كاتدا مرۆڤێكی دیل كوژ و ڕۆمانسیشە، میهرەبان و دڵڕەقە، پڕە لە خۆشەویستی و بێ هەستیشە، ئەم پیاوە هەڵگڕی چەندین خاسیەتی كۆمەڵایەتی و دەروونی بە یەك ناكۆك و هاودژە، وەك ئەوەی لە ڕۆمانەكەدا دەیبینین. سیاوەش، فەرماندە و جەنگاوەرێكی ئازا و بە جەرگ، بەڵام دڵڕەق و خاڵییە لە هەموو میهرەبانییەك و بەردەوام وەك كارەكتەری سەرەكی و بزووێنەری هەمیشەیی شەڕی ناوخۆ دەبینرێت، كەچی وێرای ئەو هەموو دڵڕەقی و خوێنەی مرۆڤ كە بە دەستی سیاوەش ڕژاوە، ژنێك بە جۆرێكی شێتانە عاشقی دەبێت، بەڵام پرسیار ئەوەیە، مانایەك و جوانییەك بۆ مەزنی و گەورەیی و خۆشەویستی هیچ پیاوێك هەیە، گەر پیاوەكە جەلادێكی هەمیشە دەست سوور بێت بە كوشتن و ڕژانی خوێنی مرۆڤەكانی تر؟ ژنەكە كاتێ سیاوەش دەبینێت، بە جۆرێك شەیدای دەبێت كە ئیتر دەروازەی ژیانێكی تازەی بە ڕوودا كراوەتەوە، ئەو پەیوەندییە لە سەر بنەمای هەبوونی دوو دڵی خۆشەویست بە ئاراستەی یەكتری بونیاد نەنراوە، بەڵكو تەنێ چەمكی پیاوسالارییانەی سیاوەش لای ئەم ژنە دەكرێتە پێوەری هەموو شتێكی دیكە، چونكە ئەو لە وەسفی ئەم پیاوەدا، لە دەیان شوێنی كتێبەكەی لە ڕووی پیاوبوونەوە، بەراوردی كردووە بە پیاوەكانی دیكە، تەنانەت بە شاپووری برای و قابیلی دەزگیرانیشی، بەوەی كە چۆن ئەوان وەك ئەم پیاوەتییان لێ ناڕژێت! قووڵكردنەوەی ئەم چەمكی پیاوبوونە و داگیركردنی هەموو هەست و دەروونی پاڵەوانی ڕۆمانەكە، بە داخەوە هیچ نییە جگە لە گەورەكردنی ئەو ڕووبەرە پیاوسالارییە نەبێت، كە هەمیشە ژنی كورد شەڕی نەمانی دەكات، ئەوەتا پاڵەوانی ڕۆمانەكە كە خۆی ژنە، لە وەسفی سیاوەشی پیاودا دەنووسێت:_(هیچ شتێك وەكو عاشقبوون بە پیاوێكی بە هێز، بە پیاوێكی جەنگاوەر ژن ناكات بە خۆشبەخترین بوونەوەر، باڵی فڕینی پێ دەبەخشێت، ژیان لەگەڵ پیاوێكی جەربەزەدا، ژنێتی دڵخۆشتر دەكات لە مانەوە لە سێبەری پیاوێكی ماڵی كە دانیشتووە) (1) لەو وەسفەدا، ئەو تێڕوانینە پیاوسالارییە دەبینین، كە هەمیشە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا وەك ناسنامەیەك دەدرێتە پاڵ پیاو بۆ ئەوەی بیسەڵمێنێت كە چ پیاوێكە ! جەربەزیی، جەنگاوەریی، چاونەترسی و بكوژی، لەو سیفەتە پەتریاكییانەن، كە نەك لەگەڵ دنیای جوانی خۆشەویستی و ژندا یەك ناگرنەوە، بەڵكو ئەم تێڕوانینە ژنێكمان پیشان دەدات، كە لە بەرگی ژنێتی دایە، بەڵام هزر و تێڕوانینی، هەست و سۆزی، جیهانبینی لە ژیاندا، پیاوانەیە و شانازیی بە پیاوبوون بە مانا خێڵەكی و پەتریاكییەكەی دەكات. لێرەوەش ئەوەی لەو پەیوەندییەدا دەمێنێتەوە، خۆشەویستی ژنێك بۆ پیاوێك نییە، كە دەبێ لێوڕێژ بێت لە ڕۆمانسییەت و جوانی و ڕوحی ژن بدوێنێت و بیلاوێنێتەوە و ئامێزێگی گەوەری پڕ لە میهرەبانی و خۆشەویستی بۆ بكاتەوە، نەك جەنگاوەریەتی و قارەمانیەتی خۆی لە مەیدانی دڵڕەقی و نامیهرەبانی شەڕەكاندا نماییش بكات و شانازی بە شەڕ و خوێنەوە بكات. هەر لە وەسفی سیاوەشدا، ژنەكە دەڵێت:_( لە بەردەم پیاوێكدابووم، كە ژنێتی بە چۆك دەهێنێت) (2) بەڵام ئایا هیچ مەزنی و شانازییەك، جوانی و سۆزێك بۆ ژن لە وەدایە پیاوێك وەك ئەژدیها بە چۆكی دابێنێت؟ لە ڕاستیدا بە چۆكداهاتنی ژنێك لە هەر ڕۆژگارێكەوە و لە ژێر هەر ناوێكەوە بێت، لە قووڵایی پەیوەندی سۆزداریی و عەشق و فەنابوونیش دابێت، هیچ نییە جگە لە خۆ توانەوەی ژنێك لە نێریەتی زەقی پیاوێكدا، كە بەردەوام شانازی بەوە دەكات، هەمووان بە تایبەتیش ژن بە پیاو بیبین، لێرەوەش ئەم خۆشەویستی و پەیوەندییەی نێوان سیاوەشی زەبر دەست و پاڵەوانی ڕۆمانەكە وەك ژنێك، دەشێ بە پەیوەندی داگیركەر و داگیركراو بناسێنین، چونكە ژنەكە، ئەوەندە سەرسام، دەستەمۆ، دیلی دەستەی سیاوەش دەبێت، چیتر خۆی وەك ژن نابینێت و بڕوای وایە بێ پیاو ژن مانایەك و بەهایەك و ناسنامەیەكی نییە، بۆیە شكۆ و سێبەر و هێز و دەسەڵاتی سیاوەش بە جۆرێك ئەم ژنە دەڕووخێنێت، كە پیاوبوون پیرۆز و شكۆمەند و گەورە بكات تا ڕادەی پەرستن! بگرە تا ئەو ئاستەی نیشتمانیش بە هەموو پیرۆزیی و سەروەرییەكانییەوە ، بچووك دەكاتەوە و دەیكاتە ڕایەخێكی بەر پێی پیاو هەر وەك خۆی دەڵێت:_( تۆ زۆر زۆریت، ئەم نیشتمانە زۆر بچووك و نەزانە، لە گەورەیی و قامەتی ڕۆڵەكانی خۆی، پیاوێكی وەك تۆش هەیە كە شكۆ بە شاخەكان دەبەخشێت، درۆیەكی گەورەیە كە دەگوترێت لە پشت هەموو پیاوێكی مەزن، ژنێكی مەزن هەیە ) (3) هەرگیز نیشتمان، لە ئاست قامەتی هیچ پیاوێكدا بچووك نییە و ئەوە هەمووانن، لە پێناو گەورەیی و ئازادی نیشتماندا گیان دەبەخشن. هەڵبەتە كارەساتەكە لەوە دانییە كە پاڵەوانی ڕۆمانەكە، بەو هەموو لاوازیی و ژێر دەستییەوە خۆی دەداتە دەست سیاوەش، كارەسات لەوە دایە، كاتێ ئەم پەیوەندییە دەبەستێت، كە دەزگیرانی قابیلە و لەو مارەكراوە كە ئەمەش خۆی لە خۆیدا ناپاكییە لە پیاوێك و خۆشەویستێك، لە پێناو بە ناو خۆشەویستی پیاوێكی دیكە، كە سەرەنجام كچێنیشی لێ دەستێنێتەوە. بە پێچەوانەی ئەو وێنە لاوازو ون بووەی ژن لە سێبەری گەورە و ترسناكی پیاودا، ئێمە لە ڕۆمانی (تاقانەترین كچی خودا )دا (4) وێنەی ژنێك دەبینین، كە گەرچی هەڵگڕی هیچ شوناسێك نییە و لە بنەڕەتدا هەڵگیراوەتەوە و خێزانێك و ژنێك لە خۆیان گرتووە، بەڵام ئەم ژنە هەرگیز وەك پاڵەوانی ڕۆمانەكەی دڵسۆز، بوون و شوناسی خۆی لە پیاودا نابینێتەوە و ژنێتی خۆی تەنێ لەو پێدراوە فسیۆلۆژییە دەبینێت، كە ئەو وەك ژن هەیەتی. سزای پاڵەوانی ئەو ڕۆمانە، لە بنەڕەتدا وەك منداڵێكی زۆڵ لە دایكبووە و شیرین هەڵیگرتۆتەوە، گەرچی سزا لە بەردەست ژنێكی توندوو تیژ گەورە دەبێت، هیچ كەسێكی نییە، سەختی و نەهامەتی زۆر دەبینێت، بەڵام هەموو ئەم سەختییانە نایبەزێنن و خۆی دەستەمۆی پیاو ناكات و یاخی دەبێت و بەگژ ستەمی خێزان و كۆمەڵگە و نەریت و هەمووشتێك دادێتەوە. سزا، بڕوای وایە شوناسی ژنێتی ئەو لە پیاودا بەرجەستە نابێت، بەڵكو خۆی وەك مرۆڤ بوونی هەیە، لەو سۆنگەیەوە كاتێ بەردەوام هاتووچۆی مامۆستا دارا دەكات و ئەویش ئامۆژگاری دەكات، ئەوا مامۆستا داراش وەك ژن سزا نابینێت، بەڵكو وەك مرۆڤ دەیبینێت، واتا پەیوەندییەكی پەتریاكی وەك ئەوەی لە ڕۆمانەكەی دڵسۆز هەیە، لە ڕۆمانەكەی ڤینۆس نییە. مامۆستا دارا، بەردەوام ئامۆژگاری سزا دەكات كە خۆی بێت، تەنێ پشت بە خۆی ببەستێت، نەترسێت و یاخی بێت، كە ئەمەش پێچەوانەی ئەو دیدگایەیە كە سیاوەشی زەبر بەدەست هەیەتی، كە ژن تەنێ وەك كاڵایەك لە خزمەتی پیاوبوون دەبینێت و لە پەراوێزی بە ناو پەیوەندیی خۆشەویستی، لە كچێنی دەخات. مامۆستا دارا وەك مرۆڤ بیر دەكاتەوەو ڕەفتار لەگەڵ سزا دەكات، بۆیە پێی دەڵێت :_( فێربە خۆت خۆت بیت )(5) بۆیە تا ئەو ڕۆژەی دەمرێت، سزا وەك ژن نابینێت. سزا ئەو كاتەی بچووكە، لەلایەن سالاری حاجی فەرهادەوە لە نێو ڕووبارێك دەستدرێژی دەكرێتە سەر. ئەم ڕووداوە سزا ناڕووخێنێت، وەك ژنێك تێكی ناشكێنێت، بەڵكو لە دەرفەتێكدا تۆڵەی خۆی دەكاتەوە و لە ژووانێكی پیلان بۆ داندراودا تۆڵەی خۆی دەكاتەوە و سالار لە نێو ڕووبار دەخنكێنێ. ئەمەش دیسانەوە دەلالەت لە بەهێزی و خۆڕاگری سزا وەك ژنێك لە ڕۆمانەكەدا دەكات، پێچەوانەی ئەو وێنە لاواز و خۆ بەدەستەوەدانەیە، كە لە ڕۆمانەكەی دڵسۆز هەیە. سزا دوای ئەوە تۆڵەی خۆی دەكاتەوە، زۆر ئازایانە لای مامۆستا دارا دان بەوە دا ئەنێت كە ئەو سالاری كوشتووەو تۆڵەی خۆی كردۆتەوە. دوای ئەوەی مامۆستا دارا، كە پشت و پەنا و تاكە لانەی داڵدەدروای سزا بوو دەمرێت و خەڵكی شارەكەش سزا بەوە تۆمەتبار دەكەن كە ئەو كوشتویەتی، ئیدی سزا بە تەنها هەڵدێت و دەچێت لە نێو دارستانێك بە تەنها دەژیت. ئەو یاخیبوونەی سزا وەك ژن لە كۆمەڵگە، نەریت، هزری پیاو سالاری، پێچەوانەی ڕۆمانەكەی دڵسۆز، ئاماژەیە بۆ دەرخستنی شوناسی ژن، بەو مانایەی ژن بۆیە ژنە، چونكە خۆی وجودی هەیە، نەك ژنێتی خۆی لە پیاودا ببینێتەوە، وەك ئەوەی دڵسۆز مەبەستیەتی. سزا دوای مردنی مامۆستا دارا، بێ كەس دەمێنێتەوە و هاوكات خەڵكیش تۆمەتباری دەكەن، كە گوایا ئەو مامۆستا دارای كوشتووە، بۆیە ناچار ئەو شوێنە جێدێڵێت و دەچێت بە تەنها لە دارستانێكدا ڕِووبەڕووی هەموو سەختییەكانی ژیان دەبێتەوە. پاڵەوانی ڕۆمانی یادەوەری خوێن، هەموو شتێك دەباتەوە، بەڵام شوناسی ژنێتی خۆی دەدۆڕێنێت، وەلێ سزای پاڵەوانی ڕۆمانی تاقانەترین كچی خودا، هەموو شتێك دەدۆڕێنێت، بەڵام ژنێتی دەباتەوە، كە ئەمەش گەورەترین و مەزنترین و پیرۆزترین بردنەوەیە بۆ ژن لە ژیان، چونكە دواجار شوناسی ژنێتی خۆی ون ناكات، كە لە بنەڕەتدا ئەقڵی پەتریاكی ئەوەی دەوێت، بەمەش سزا بە سەركەوتوویی و ئەزموونی ژنێتی دەكات، پێچەوانەی ژن لە ڕۆمانەكەی دڵسۆز، كە ژنێتی خۆی لە دەست دەدات و پێی وایە بێ پیاو، بوونەوەرێك نییە بە ناوی ژن، كە ئەمەش ڕەنگدانەوەی دوو دنیابینی جیاوازن بۆ ژن، دنیابینییەك كە پەتریاكییانەیە، دنیابینیەكیش كە ژن لە سێبەری هیچ كەسێك نابینێت، كە لە ڕۆمانەكەی ڤینۆسدا هەیە، كە لە ڕاستیدا ئەمەیان ژن بە مەزنی دەهێڵێتەوە.
پەراوێزەكان:_
1_ یادەوەری خوێن لە زمانی گوڵەوە ، ڕۆمان، دڵسۆز حەمە، ساڵی چاپ _2023، ل 185
2_ ه _س _پ ، ل 188.
3_ه –س -پ
4_ تاقانەترین كچی خودا ، ڕۆمان ، ڤینۆس فایەق، ساڵی چاپ _2015.
*ئەم بابەتە لە ئەدەب و هونەری كوردستانی نوێ ژمارە( 1405) لە 22/1/2026 بڵاوكراوەتەوە.
