
موحسین ئەحمەد عومەر
ئەزموونى نارین ڕۆستەم سەرەڕاى کەم تەمەنى خۆى، بە یەکێ لە ئەزموونە پێشەنگەکان شیعرى نوێ یان شیعرى پاشنوێخوازى کوردى دادەنرێ، بێگومان کۆمەڵێک هۆ و هۆکار هەن وادەکەن ئەم ئەزموونە ئەم سیفەتەى هەبێت و هەر ئەمانەش وادەکەن زۆر تایبەتمەند بێت و لەنێو شاعیرە هاوتەمەنەکانى خۆى یان نەوەى خۆى جیاواز بێت. ئەو وەک ئەو باڵندە تەنیایەیە لە تەنیشت پۆڵێک لە باڵندەى دی دەفڕێ، هەر بەو شێوەیەش خۆى دەناسێنێ، هەر ئەم خاڵەش یەکەم هەڵکەوتى ڕەسەنایەتى و خۆنواندنى پاش نوێخوازانەى ئەوە.
بە پێویستى دەزانم سەرەتا کەمێک باس لە ئەزموون و هەڵکەوتى ئەمڕۆى شیعرى کوردى بکەم، بێگومان ئەم ڕوانینەش خوێندنەوەیەکە تەنیا ڕوانینێکە و ئەم بابەتە هێشتا توێژینەوەى ئەکادیمى تیۆرى و کردەکى قووڵتر و زیاتر دەوێ.
لە دواى ساڵى ٢٠١٠ ەوە، وەک بڵێى ئێمە لەناکاو یان ئێمە لەگەڵ جیهان لەناکاو دکەوینە ناو سەردەم و هەڵکەوتێکى دی زۆر زۆر جیاواز لە پێشوو. بێگومان ئەم سەردەم و لەناکاوییە، ڕەگ و ڕیشەکانى دەگەڕێتەوە زۆر پێشتر، دەتوانین بە کۆتایى سەردەمى نوێخوازى ژیان و فەرهەنگى کوردى دابنێین، بە سەرەتاى سەردەمى پاشنوێخوازى دابنێین. لێرەوە، ڕوخسارەکانى ئەم گۆڕانە چەند ساڵێک دواتر، بە دروستى دە پانزە ساڵێک درەنگتر دەردەکەون. خەسڵەتەکانى ئەم ماوە نوێیەش بریتییە لە نەمانى یەکانگیرى کۆمەڵایەتى و سەرهەڵدانى ڕوانینى جیاجیا و ڕووخانى نرخ و بەهاکانى سەردەمى نوێ، نەمانى خەیاڵ و فەزاى پێشووى ئەدەبى و فەرهەنگى، داتەپین و ڕووخانى جیهان و ناسنامەکان و بچووکبوونەوەى مەوداکان و کورتبوونەوەى دوورییەکان، نەمانى مانا و وتاى جوگرافیا، لەناوچوون و کاڵبوونەوەى پێناسە و ڕوانینە نەریتییەکان، دەرکەوتنى گۆڕانى مەزن لە شێواز و خەیاڵ و وێنا شیعرى و چەمکە ئەدەبى و ڕەخنەییەکان.
ئەم تایبەتمەندى و ئەم نیشان و خەسڵەتانە، لەلاى زۆر لە شاعیرانى ساڵانى ٢٠١٠ بۆ ٢٠٢٥ هەیە، لە لاى هەندێکیان سەرەتاکان دەگەڕێنەوە چەند ساڵێک زووتریش، بێگومان کۆمەڵێک شاعیر هەن لەم ماوەیە، وەک پشتیوان عەلى، پێشەوا کاکەیى، گروپى گۆڤارى شیعرى سلێمانى و زانیار و ڕامیار و بەشدار سامى شاڵاو حەبیبە و ئیسماعیل سابیر و ژیار ئەسوەد و زۆرى دى. لەلاى هەموو ئەمانە وەک هاونەوەى نارین، هەمان ئەو جیهانە پڕ لە دڵەڕاوکە و نیگەرانى و جیهانى ڕووخاوى کورد و نەمانى نرخ و بەهاکان هەستى پێ دەکرێ. هەر یەکەش لەمانە تایبەتمەندى شێواز و خەیاڵ و وێناى شیعرى خۆیان هەیە، بەڵام ئاستى سادە و ئاستى باڵاو و ئاستى پێشکەوتووى خۆیان هەیە، هەر یەکەیان بە جۆرێک خۆیان دەنوێنن.
ئەزموونى نارین رۆستەم لەنێو ئەم فەزایە لە دایک بووە، ئەو زۆر جیاوازە لە پێش خۆى، ئەم جیاوازییەش بە پلەى یەکەم لەوەوە دێت، زۆر خۆیەتى و زۆر گوێ لە خۆى دەگرێ و دەیەوێ بە تەنیا بێ و بێ هیچ سازشێک خۆى بێت و جیهان و ڕوانینى هونەرى خۆى پێشکەش بکات. هەر ئەمەش خاڵى ڕەسەنى ئەوە، لە بنچینەشدا مەبەست لە ڕەسەنایەتى، ئەو ڕوانینە نیە کە لە سەردەمى پێش خۆى بۆى دەچوون، شاعیر دەبێ گیرۆدى ئەقڵ و لۆژیک بێت، نەخێر، بەڵکو ئێمە مەبەستمان لە ڕەسەنایەتى بێهاوتایى بەرهەمى ئەوە، بێهاوتایى و پێشکەش کردنى کارێک بەسەر رێگەى تایبەتى خۆى بڕوات، تێکۆشینێکى زۆرى فەرهەنگى و هونەرى دەوێ، ئەم ئەزموونەش لەو ئاستەیە و هەر لەبەر ئەمەش ئێمە لە سەرەتاوە گوتمان، ئەو وەک باڵندەیەکى تەنیایە لەنێو هاوتەمەنەکانى.
شیعرى نارین ڕۆستەم کۆمەڵێک خەسڵەتى هەیە، ئەو هەردەم دەیەوی جیهان و خەیاڵێکى ئێگزۆتیک (غرابە) پێشکەش بکات، ئەم جیهانە ئێگزۆتیکە بە زۆر شێوە و شێواز دەکرێ، سەرەتا پێش هەموو شتێک، مەبەست لەم ئێگزۆتیکە پێشکەش کردنى جیهانێک نیە لە دەرەوەى تێگەیشتنى مرۆیى بێت، نەخێر، بەڵکوو، پێشکەش کردنى تێنەگەیشتنە لە بەرگیکى لۆژیکى، ئەمەش وەک مەجازى نوێ خۆى ڕەپێش دەخات، ئەگەر سەرنج لە شتە سادەکان بدەین، دەبینن، هەموو شتێک خۆى بە ئاڵۆزى نیشان دەدا، بەڕاستى دنیا هیچ ڕوون نیە، هەموو شتێک لەنێو تەم و مژییە، وەک ئەلبێر کامو دەڵێ: ئەگەر دنیا ڕوون و سازگار بوایە پێویستیمان بە ئەدەب و هونەر نەدەبوو. دروست وایە، شاعیر دەیەوێ ناڕوونى و شەبەنگ بگرێ و تێى بگات، ئەمەش بە زۆر شێوە و شێواز دەکات، سەرەتا پێش هەموو شتێک لە ئەزموونى شیعرى نارین رۆستەم پێشکەشکردنى چیڕۆکێکى شیعرى هەیە، بێگومان ئەم چیرۆکە وەک چیرۆکو گێڕانەوە نیە لە ڕۆمان و کورتەچیرۆک، نەخێر، بەڵکوو زیاتر بە چنینى خەیاڵ و ڕووداوێک دەچێ شتەکان، وێناکان، ماتریالەکان پەیوەندییان پێکەوە هەبیت. شتەکانى ناو ئەم شیعرانە هەموو نموونەن بۆ ئەم لێکدانەوەیە و هەمووشیان پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە. پاشان شاعیر دواى چنینى ڕووداوى ئێگزۆتیک و خەیاڵى، کە کەمێکیش لە ئەفسوون و فەنتاستیک نزیک دەبێتەوە، دواى ڕێکخستنى ماتریالەکان و شتەکان، سیمایەکى سوریالیش بە شێوازەکە دەبەخشێ، وێڕاى بوونى سادەییەکى زۆر لە ڕادەبەدەر، دەڵێى شاعیر دەیەوێ یارییەکى لە شێوەى یارى مناڵان پێشکەش بکات، لەولاشەوە هەست و سۆزەکان، بەگشتى بنچینەى فەرهەنگى شیعرەکان زۆر مرۆییانەن، پڕن لە ناسکى و هەست و سۆزێک کە خەیاڵى ئەوە دەدەنە مرۆڤ، ئەم جیهانەى تێیدا دەژین زۆر ناسک و ناکامە،پێمان دەڵێ ئێمە لەناو لاوازى و بێهێزى دەژین، لەناو ناجێگیرى و لێکترازان دەژین، مرۆڤ تەنیا بە تێگەیشتن لە خۆى، بە داهێنانى ناوێزە لەمە ڕزگارى دەبێت. هەموو ئەم تایبەتمەندییانە و هێشتا زۆرتریش لە ئەزموونى نارین رۆستەم دەدۆزینەوە، بە گشتیش ئەم ئەزموونە پێویستى بە توێژینەوەى ڕەخنەیى و کردەکى هەیە.

