محمدی مام ڕەسوڵ 
          
ئەو دەمەی کەلەسارای ڕۆحی سپیمەوە دێیە خوارو
لەبارانما نقووم دەبیت 
ڕەنگە ئەو دەمە فریای ئەوە نەکەوم پێت بڵێم :
مردنێک دێت و ئەو ئازارە شیرین دەکا
مردنێک دێ ، لای نازنازەکانی گریان 
بەچامەیەکی مەحوی سوێند دەخوات !
لەوساکۆیەی کە دەبوایە هەناری ئێمەی لێ بڕوێ 
ڕۆژنیە ڕێ بە خەیاڵم نەگریت و 
خۆت بەچەمی پایزەکانی دڵم نەگریتەوە ! 
جابۆ ئەوەی خۆم بانگ کەمەوە لەدووریت
منی سەقیم برینێکم لەبەرکردووە 
ڕیشووەکانی تا سەر پەنجەی پێیەکانم دێت !
لەبەر پیرۆزی ژن نەبێ ،
کوا حەوسەلەی ئەوەم ماوە ،
وەک شووشە بەتاڵم کەیەوە لەخۆت و پڕم نەکەی لەگوڵ ؟!
ئەو حیکایەتە خەریکە سەرمان دەخوا
وەرەو بە پێڵاوەکانی سەدەی جێهێشتن  ، 
پیاسەیەک بەشاری دڵمدا بکە 
ئەوەتانێ هێدی هێدی وەک جادەکانی دڵی تۆ تاریک دادێم 
تاریک وەک ئەو ڕۆژەی نەمانتوانی پاسارییەک ، 
لەسەر دارتەلی عومرمان بانگ کەینەوە! 
تاریکتر لەبەرئەو پەنجەرەیەی بۆ شیعر 
گەڵاکانی مانەوەو پیتەکانی هەتاوم لێ کۆدەکردەوە .. 
خوایە ئەو دنیایەی ئێمە بۆ ئاوای لێهات ؟!
لەترسی ئەوەی لە عیشق نەچینەوە
تەماشامان تێکەڵاوی یەکتر دەکردو
پەرداخێک بەبەرۆکی یەکتردا دەڕژاین 
من تا حەفتەیەکیش بۆنی ئەو ڕژانەم لێدەهات !
ئێستا شیعر نەبێ کێ دەزانێ !
چۆن بە هەناری ماچەوە دێمە ناو باخچەی گزنگتەوە 
بەچەند جانتای مەیلەوە خۆم بەچۆڵەوانیتدا دەکەم 
هەموو شەوێ بەئەنقەست ماسی پەنجەکانم 
چۆن دەخەمەناو سیروانی پرچتەوە .
شیعرنەبێ کێ دەزانێ !
کەمانگ شەوانە لەترسی قسەی عەبدێک 
بەپڕتاو دەچێتە ناو گۆمەکانی شیعر ،
چۆن چۆلەکەکانی جێهێشتن دەنێرێتە سەر دارە بێڕەنگەکانی ویساڵ 
چۆن ئاگر تارەکەی بەپەلی سەفەرێکەوە دادەکاو
حەرفەکانی خۆییم تێبەردەدات !
دەمەوێ یەکێک پێم بڵێ : 
کە ئەجەلی ئەو ئازارە کەی دێ 
کەی ئەو شارە شەوەکانی دەنووسێتەوە 
هەستدەکەم تەنیاییم تادێ چرۆکانی سپی دەکات !


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا