سەدای موزیک پەڵەی دا،

بۆقەڪان عاشقن ـ

کۆنسێرتی ڕووبار !

 ۲ بە کۆڵێ مەعریفەوە،

گاز لە مێشک دەگری ـ

تێکستی فەلسەفی!

 ۳ بەرد ؛

لە بوون بوەتەوە

هیچیتری پێ نیە بۆگووتن

ئەم سێ هایکویە لەلایەن مامۆستا محمد ملا رحمان نووسراون ، باسی ڕۆلی ئەندێشەی هایکست دەکەین، لە سەر بنیات نانی هایکو.

ئەندێشە هەوێنی دروست بوونی هەموو دەقێکی ئەدەبییە، چێژ دەبەخشێتە دەق، شاعیری بە توانا ئەندێشە وەکو ئامرازێک بەکار دەهێنێ تاکو شیعرییەت ببەخشێ بە شیعر، ئەندێشە قووڵ  بوونەوەیە بۆ ناخی سروشت و گەیشتنە بە لۆژیک، بەرگێکی جوان و ڕازاوە دەبەخشێ بە باڵای دەق، چێژ و هەستی ناسک دەدا بە ناخی دەق، هەر ئەندێشەیە هێرمۆنیتیکای شیعر دادەهێنێ، ڕاڤەو لێکدانەوەیەکی تر بۆ وێنە شیعریەکان دەکا.

گەر سەیری ئەم هایکویە بکەین بابزانین هایکست چی کردووە.

سەدای موزیک پەڵەی دا،

بۆقەڪان عاشقن ـ

کۆنسێرتی ڕووبار !

(سەدای موزیک پەڵەی دا)

 موزیک پەڵە نادا، باران پەڵە دەدا ،بەلام هایکست وشەی پەڵەی خواستووە بۆ موزیک، لاندانێکی جوانی بە پەڵە کردووە، دایتە پاڵ مۆزیک، وێنەیەکی شیعری پێ دروست کردوە،بۆتە هۆی دروست بوونی ئەندێشەی هەستی، جونکە هەم مۆزیک گوێمان لێ دەبێ، هەم پەڵەش دەبینین و هەستی پێ دەکەین کە پەڵەی داوە.

 دێری دووەم کە دەڵێ.

(بۆقەکان ئاشقن)

ئەم دێرە لە لای کەسانی ئاسایی بەم شێوەیەیە.

بۆقەکان ئاشق بوونە بۆیە قیڕە قیڕ دەکەن.

 بەلام شاعیر کورتبری پێ کردووە.

ئاشق بوونی  داوە بە بۆقەکان ، وێنەیەکی هەستی ژیری دروست کردوە.

لەم دێرە کورتانە پانتایەکی زۆری دروست کردوە تاکو ڕەشماڵی ئەدێشەی تیادا هەڵ بدات.

لە دێری سێیەم  ئەندێشەی هایکست  دەتەقێتەوە، وێنەیەی گەورەترمان پیشان دەدا، تووشی سەرسوڕمانمان دەکا، کاتێ سەدای مۆزیک و قیڕەی بۆقەکان و هاژەی ڕووبار لە ناو سروشتێکی دڵ ڕفێن تێکەڵ  دەبن و کۆنسێرتێکی گەورە دەخوڵقێنن.

ئەندێشەی شاعیر لە سەر ڕوونبێژی گەشەی کردووە، هەمیشە ئەندێشەی داهێنراو و نوێ و دوور لە لاسایی کردنەوە، ئیستاتیکای دانسقە دەبەخشێتە دەق و  کاری هونەری تێدا بە دیار دەخا.

با سەیری دەقێکی تری بکەین .

بەرد ؛

لە بوون بوەتەوە

هیچیتری پێ نیە بۆگووتن

بەرد بێ رووح و بێ جولە و بێ دەنگە، بە دەڕبرینی وشەی بەرد، وێنەی بەردمان دێتە پێش چاو، هەستی پێ دەکەین، بەلام هایکست تەنها بە سەیرکردنێک واز لە بەرد ناهێنێ، لە بەر دەم بەرد تێڕامانێکی شاعیرانەی هەیە، دوور لە وڕێنە، بۆچوونێکی فەلسەفی هەیە، لۆژیکانە دەیسەلمێنێ ئەمە بەردە، مردووە .هیچی تری پێنییە.

کەواتە بەهۆی وێنەیەکی هەستی ژیری، ئەندێشەیەکی تێڕامانکاری دروست کردوە.

ئەندێشەی تێڕامانکاری : لە شتە هەست پێکراوەکانەوە دەست پێ دەکا بەرەو شتە هەست پێنەکراوەکان دەڕوات، دەبێتە هۆی وردبوونەوەو  بەڕەو قوڵایی و ناخی دەق شۆڕ دەبێتەوە.

بە کۆڵێ مەعریفەوە،

گاز لە مێشک دەگری ـ

تێکستی فەلسەفی!

جیاوازی شاعیر لەگەل فەیلەسوف بریتییە لە گەیشتن بە ڕاستی، بەلام شاعیر بەهۆی ئەندێشە، فەیلەسوف بە هۆی لۆژیک.هایکست ناڵێ بە پاشخانێکی مەعریفەوە، هاتووە وشەیەکی جوانی خواستوە، دەڵێ (بە کۆلێ مەعریفەوە).

پاشان هایکو یەکەی جوانتر ڕازاندۆتەوە، کاتێ تێکستی فەلسەفی کارەساتێک دەخوڵقێنێ، تووشی سەرسووڕمانمان دەکا لادانێکی دروست کردوە، تێکستی فەلسەفی وەکو گیاندارێک گاز لە مێشک دەگری، بەهۆی وێنەیەکی لێکچوواندن و خواستن،

ئەندێشەی هایکست جوانتر دەبێ.

ئەندێشە وزە دەبەخشێ بە دەق،

پشت بە وێنەی شیعری و ڕوونبێژی و ڕەوانبێژی دەبەستێ، هەریەکە لە لێکچوون و خوازە و خواستن و دڕکە، دەبنە هۆی دروست بوونی  ئەندێشە.

هایکست زۆر بە باشی توانیوویەتی ئەندێشە لە هایکوکانی موتوربە بکات.

بۆیە بە خوێندنەوەی ئەم هایکویانە، بۆمان دەردەکەوێ کە ئەندێشە باڵی کێشاوە بە سەر ئەم دەقانە.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە