یاسین برایم


زۆر جار لێرەو لەوێ، قسە دەبیستین و شت دەخوێنینەوە، مرۆڤ دەخاتە سەر هێڵی دوودڵی و گومان و باوەڕكردن؛ یان شتی وا دەبیستین، بە هیچ شێوەیەك ئەقڵ قبووڵی ئەم بیستن و گۆتنە ناكات. زۆر كەسیش، با ناویكی سادە بێت یان ڕۆشنبیر و بانگەوازخواز و سیاسی و چالاكوان و شارەزایەك یەكێك لە بوارەكان، بە ئەنقەست بێت یان بە بەرنامە، دێت قسە لە سەر بابەتێك دەكات و بە ئارەزووی خۆی ڕستە و دەستەواژەی تەواشە و درۆ و بۆختان بڵاودەكاتەوە. ئاسان و بێ خۆماندوكردن و هەستكردن بە بەرپرسیاریی ڕەوشتی و مرۆیی، مێژوو و ڕابردووی هەر كەسێكت بوێت، ڕەشی بكەیت. هەر سیاسییەك بە ئامانج بگریت، كۆمەڵێك فایلی بۆ دروست بكەیت، هەر هونەرمەندێكت بەدڵ نەبوو، تۆمەتی ڕەوشتی بۆ دروست بكەیت. زۆر بە ئاسانی ڕەش بكەیتە سپی و سپی بكەیتە ڕەش. لەسەردەمی ئێستا، بە ئاسانی دەتوانیت دەست بۆ هەموو شتێك بەریت و قسە لەسەر هەموو شتێك بكەیت؛ كۆمەڵێك كەسیش، بۆ لایك و كومێنت و شتی دی بۆ خۆی كۆبكەیتەوە و بە دەستكەوت و سەركەوتن بۆ خۆی بداتە قەڵەم. لەم ماوەیە ڤیدیۆیەكم بینی (پێنج خولەك و دە چركە) بوو. لەسەر مێژوونووس (حوسێن حوزنی موكریانی). چەند قسە و دەستەواژە و پرسیار لەم ڤیدیۆیە دەكرێت، بەهیچ شێوەیەك ناچێتە ئەقڵی هەموو كەس، تەنها ئەقڵی ئەو كەسانەی چێژ وەردەگرن لە ئازاردان و سوكایەتیی كردن بە مرۆڤەكان، ئەوانەی لە نێو خەڵك و نیشتمان و كوردا، جێپەنجەیان دیارە.  سەرەتا دەڵیت: (مێژوو درۆیە و ئەویش پیاوی ئینگلیز بوو)، (حوزنی و گیوی برای بەپێی هەموو نیشانەكان وا دەردەكەوێت، ئینگلیز بووبن). پێمخۆشبوو بمزانیبا،  ئەو بەڕێزە، پێمان بڵێت بەپێی كام نیشانە پیاوی ئینگلیزن! من قسە لەسەر گیو ناكەم، زێدەتر قسەكان ئاراستەی حوزنییە. ئەو حوزنی وەك كەسێكی ماندوو بە (پیاوێكی گوماناوی ناوی دەبات). لە هەمووی خۆشتر، دەڵیت: (سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو نییە بسەلمێنێت كە كوردە). ئەو خزمەتەی ئەو لە بواری مێژوو و نووسین و ڕۆژنامەگەری و ئەدەب و زمان كردووە، هەمووی بۆ كورد كردووە و بە كوردی كردووە، ئەی ئەگەر ئەوە كوردبوون نەبێت، هیندی بوونە برا! هەروەها دەڵێت: (مێژووی كورد بە قەڵەمی ئینگلیز بنووسرێتەوە، دەبێ چەند بۆمبی تێدا چێندرابێت، چەند جار پێماندا تەقابێتەوە). ئەگەر بە خراپ باسی ئینگلیز بكەیت و من هەزارجار لەگەڵتم، بەڵام ئەو مێژووەی حوزنی نووسیوە، هەمووم خوێندۆتەوە؛ وەرە سەرجەم بەرهەمەكانی مێژوو و بوارەكانی دی بخوێنەوە، ئەوانەی وەك كتێب چاپ كراون، بزانە یەك شت لە خزمەتی ئینگلیز و بێگانەیە، هەموو كوردییە و باسی مێژوو و ڕەچەڵكناسی كورد و میرنشیینەكان دەكات. ئەو پێچەوانەی هەموو مێژوونووسانی دی لە جیاتی باسی پاشا و سەرۆكەكان بكات، دێت باسی مێژووی خێزان و تاك و ژیانی ڕۆژانەی خەڵك و كۆمەڵگەی كوردی دەكات، بە كوردی مێژووی ئەو كوردە دەخاتە پێش چاوی كورد و هۆشیاریان دەكاتەوە. من دەڵێم: نەك ئینگلیز، ئەگەر عەرەب و جوولەكە و فارس و هیندیش، ئەو مێژووە جوانەی وەكوو حوزنی هەیە بۆ كورد بنووسێتەوە، دەستی خۆش بێت و من شانازی پێوە دەكەم. من هەموو مێژووی ئەو مرۆڤەم خوێندۆتەوە، نە بۆنی ئینگلیزی لێدیت و نە بۆمبێكە ئینگلیز لەنێو ئەو مێژووە داینابێتەوە. ئەو تۆمەتانە بۆ مێژوونووسێكی كورد، ڕەنگە جوان نەبێت. هیندی بوونی بدەیتە پاڵ و بڵێیت بە چ مەرامێك فێری هیندی بووە! زۆربەی زانیارییەكان لە ژیاننامەی حوزنی هەر لەنێو خودی كتێبەكانی حوزنی هاتونەتە دەر، كە ئەو بە هەرزەكاری گەڕاوە و چویتە وڵاتان و چۆن چووە و چۆنی گەیشتووە و چۆن چاپخانەی كڕیووە و ئەو كتێب و گۆڤارانەی چاپی كردوون و چۆن چووتە ڕواندز و هەولێر و بەغدا. لەو ڤیدیۆیە گومان دەخاتە سەر حوزنی ئینگلیزی لە پاڵ بووە و ئەوان یارمەتیان داوە؛ (گومان!) ناچێتە خانەی زانستی و بەڵگەی دروست. دوو جار ڕستەی (بەپێی ئەوەی لە كتێبان گوتراوە). براگیان! لە كام كتێبی خەڵك و كتێبی حوزنی و كتێبی هیندی، نووسراوە: حوزنی هیندیە و سەر بە ئینگلیزەكانە! لە كوێ نووسراوە حوزنی كورد نییە؟ لە چ كتێبێك نووسراوە ئینگلیزەكان، ئەو چاپخانەیان بۆ حوزنی كڕیووە، وەرە یەك بەڵگەی كۆن و نووسراو بێنە و پشتڕاست بكاتەوە و بڵێت، ئەوە بەڵگەنامەیەكی ئینگلیزییە، عوسمانییە، وا دەڵێت! بۆ ئەوەی منیش باوەڕ بكەم. دەستەواژەی (ئەگەری) هەیە. دیسان وەرە ئەو ئەگەرانەمان پێ بڵێ! ئەو بەڕێزە هەر خۆی لە سەرەتای ئەو ڤیدیۆیە دەڵێت: (مێژوو پڕە لە درۆ!)، فەرموو ئەگەر قسەكانی تۆ ڕاستن، وەرە ئەو مێژووە درۆیەمان بۆ ڕاستبكەوە، نەك كۆمەڵێك درۆی دی (ببورە كە وا دەڵێم) لە بەڕێزت ببیستم. دەڵێت (ئەگەری هەیە ئەو پیاوەش یەكێك بێت لەو هیندیانەی سەر بە ئینگلیز بێت). كێ دەڵێت ئەگەری تۆ دروستە، ئەو پیاوە هیندی بێ و سەر بە ئینگلیز بێت! تەنها لەبەر ئەوەی دەموچاوی ڕەشە و وێنەیەكی بە جلی هیندی گرتووە و زمانی هیندی فێربووە! زۆر كەس لە ڕواندز دەناسم، هیندی دەزانن. ئاخر ئێستا لەو كوردستانە، دەیان كورد و مەلای مزگەوت لە گەڕەكی من و گەڕەكی تو، دشداشە دەبەردەكەن و كەسیش ناڵێت ئەگەری هەیە، عەرەب بێت.
دەربارەی ئەو سەفەرانی كردوون، خۆدی حوزنی لە ژیاننامەی خۆی باس كردووە، خۆ هەمووی بە ساڵێك و دوو نەیكردووە و چەندین ساڵی خایاندووە. حوزنی بە دەردەسەری و هەژاری و ئاوارەیی و سەرگەردانی ژیاوە. لەسەر چاپخانە پرسیاری ئەوە دەكات چۆنی كڕیووە، دەتەوێت بزانی، بگەڕێەوە نووسینەكانی خودی حوزنی. منیش دەڵێم، بە ئاسانی ئەو چاپخانەیەی نەكڕیوە. ئەو پرسیارەی تۆ هەمان پرسیارە، (حەمە بۆر) لە حوزنی كردووە و ئەوها باسی دەكات و ئەگەر حەز دەكەیت بزانیت.
بە وردی چێرۆكی كڕینی چاپخانەكەی ئەڵمانیا و موسڵ، بگەڕیوە بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە و ئاگەر باوەڕت بە قسەكانی ئەو هەیە(1) ئەگەر چاپخانەكە، ئینگلیز، یان ئەڵمان یان جوولەكەش بۆیان كڕی بێت، دەستیان خۆش بێت، چونكە ئەو چاپخانەیە كاری باشی پێكراوە و چەندین كتێب و دیوانی شاعیرانی پێ چاپكردووە، بێجگە لە دەركردنی چەند بڵاوكراوە و گۆڤارێك، توخوا لەو سەردەمە ئەوەی حوزنی  كردویەتی كارێكی خراپبووە!
كاتێ دێتە ڕواندزیش، ئەوكاتەی ڕێگەی ئۆتومبێل نەبووە و بە وەڵاغ هاتووە. وامەزانە ئینگلیزەكان فەرشی سووریان بۆ ڕاخستووە، خەڵكی ڕواندز جێگایان بۆ كردۆتەوە، خانووی ئەوقاف (مزگەوت)یان پێداوە. تا لە ڕواندز بووە و چەند شوێنكی كردووە و تێیدا ژیاوە.
ئەگەر سەید تەهای شەمزینی، ئەوكاتەی قائیمقامی ڕواندز بووە و لایەنگیری ئینگلیزەكان بووە، هاوكاری حوزنی كردووە و ڕێی پێداوە بێتە ڕواندز، بەڵام خۆ مووچەی بۆ حوزنی نەبڕیوەتەوە و پۆستی پێنەداوە. هەر ئەو سەید تەهایەش، لە سەر سكاڵای هەندێ كەس، سەید حوزنی لە ڕواندزی دەردەكات و 19 شەو و ڕۆژ لە ئەشكەوتی (كاكەسۆر) لە گەلیی خاڵەڕەش، كاری ڕۆژنامەگەری كردووە.(2)  
خۆ سەید تەهاش، لایەنگیر و پیاوی ئینگلیزەكان بوو، بەڵام چ كارێكی خراپی بەرانبەر بە میللەتی خۆی نەكردووە، دیسان (ئیسماعیل بەگی ڕواندزی) دۆستی حوزنی و باوەڕپێكراوی ئینگلیزەكان بوو، دووجار بووە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوەی ئەو پیاوە بۆ كورد لەسەردەمی خۆی كردی، تا ئێستاش باس دەكرێت. دوای جەنگی یەكەمی جیهانیی و هاتنی ئینگلیز، دوو ڕێگە لە بەردەم خەڵكەكە و ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمە هەبوو، یان لاینگری عوسمانی، یان ئینگلیزی، ڕێگەی سێیەم ئەوانەی بێلایەن بوون و دەستیان بە كڵاوی خۆیان گرتبوو، وەك سەردەمی ئێستا بۆ هەندێكیان نیعمەت و بۆ هەندێكیان زەحمەت.   
 خۆ ئەگەر حوزنیش لایەنگری ئینگلیزی كردبێت، مانای وانییە، سیخوڕی ئینگلیزەكان بووبێت. ئاخر برای بەڕێز! لایەنگیربوون و سیخوڕی بوون دوو چەمكی جیاوازن، ئەوكاتەی حوزنی لە ڕواندز بووە، خەڵك لە شارەكان سەردانیان كردووە و تەنانەن ئینگلیزەكانیش كە لە عێراق بوون، كە دەهاتنە رواندز، وەك موزەخانە و شوێنێكی گرنگ لە بواری ڕۆژنامەگەری و ڕۆشنبیری سەردانیان كردووە، نەوەك بێن پارەی پێبدەن. زۆربەی ڕۆشنبیران و ناودارانی ئەوسای ڕواندز ئەوە دەڵێن لە حوزنی فێری كوردایەتی بوونە.
خۆ (هاملتۆن)یش سەردانی دەكات و لەم بارەیەوە، دەڵێت: "سەید حوزنی لە ڕواندز دەژی، سەرنووسەری ڕۆژنامەیەكی كوردییە، بەتەنیا هەموو بابەتەكانی دەنووسێت، بەدەستی خۆی وێنە دەكێشێت، هەر خۆشی چاپی دەكات، دواتر بەرگی تێدەگرێت و دەیپێچێتەوە؛ لە دونیادا تاكە ڕۆژنامەیە ئاوا دەربچێت.(3) 
حوزنی لە هەژاری و بێپارەی هاواری بووە، لە بڵاوكراوەكانی خۆی داوای ئابوونە لە خوێنەرانی دەكات. لە ساڵی 1926_1932 لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی گۆڤاری زاری كرمانجی، (24) ژمارەی دەركردووە، ئەگەر لە ماوەی ئەو شەش ساڵە، گیرفانی گەرم با و هاوكاری كرابا، دەبوایە بە لایەنی كەم، 60 ژمارە لەم گۆڤارە دەرچووبا؛ ئەوكاتە دەبووە چ سامانێكی گەورە بۆ مێژووی كورد. ئەگەر پیاوی ئینگلیزەكان بوایە، بۆ نەدەهاتن دەستی بگرن و مرەكەب و كاغەزی بۆ دابین بكەن و درێژە بەو كاروانە بدەن. جاری وا هەبووە چەند مانگێك لەبەر نەبوونی پیت و كاغەز و مرەكەب گۆڤارەكەی دەرنەكردووە. هەموو ئەوانەی یارمەتییان داوە، كوردپەروەر و ڕۆشنبیرانی ئەم وڵاتە بوون، لە گۆڤاری زاری كرمانجی ناویان بڵاوكراوەتەوە. جارێك لە سەردانی (جەعفەر عەسكەری) سەرۆك وەزیرانی ئەوسای عێراق بۆ ڕواندز (100) ڕوپیەی پێداوە.(4)                       
ئاخر هەر لە یەكەم كتێبی (غونچەی بەهارستان تاریخی كوردان) كاتێ لە حەڵەب لە ساڵی 1925 بە چاپی گەیاندوە، بە زمانی كوردی، چ كێشەیەكی گەورە بۆ ناحەزانی كورد دەردەكات و لە پەرلەمانی توركیا ڕێگری دەكرێت لەو هەوڵەی حوزنی و بە مەترسی دادەنێن.(5)
خۆ لە ڕواندزیش هەندێ لە مەلایەكان دژایەتیان كردووە و لە لای سەید تەها سكاڵا و گلەیان كردووە، كە چۆن تەفسیری قورئان و ئەو شتانە بە كوردی دەنووسرێت. لەكاتێكدا، تەفسیری قورئان بە هەموو زمانەكان هەیە و هیچ لە ئارادا نییە، وەلێ بۆ حوزنی، تاوان و خیانەت و كارێكی خراپ بووە. خۆ ئەمانە كوردبوون و كەسیان ئینگلیز نەبوون. هەموو ئەو قائیمقام و كوردانەی دژایەتی ئەویان دەكرد، لەسەر چاپخانە و گۆڤار و كاری ڕۆژنامەگەری بە بیانووی ئەوەی ئێرانییە. كاتێكیش (فایەق كاكەمین) ڕێگری لێدەكات و ناهێڵێت لە كوردستان بمێنێتەوە؛ ئاوارەی بەغدا دەبێت. بە تۆمەتی  كوردبوون و ئێرانی بوون، ڕێگەیان لێدەگرت و نەیاندەهێشت كار بكات لە عێراق، چونكە ناسنامەی نەبووە؛ چەندان جار گیراوە.
ئەگەر گومانت هەیە كە حوزنی چۆن چاپخانەی لە ئەڵمانیا كڕیوە و چۆن گەیاندۆتە حەڵەب و دوای دە ساڵ هێناویتە ڕواندز. ئەو چیڕۆكە بە سادەی ناوتریت و هۆكاری شەو و ڕۆژێكی نەبووە، بەڵام هێنانی چەند سوودبەخش بووە و هەندی پیازێكی خزمەتی سیاسەتی ئینگلیزی نەكردووە. ئەگەر بە قەرزی كڕی بێت و ئەگەر بۆیان كڕی بێت. ئەو شۆڕشێكی كردووە و لەم بارەیەوە، لە دەستخۆشی زیاتر، چی پێدەڵێن! ئەگەر زانیاری لەسەر كڕینی چاپخانەكەی موسڵ بكەین، ئەوە گومان هەڵناگرێت ئینگلیز بۆی كری بێت، شێوازی كڕینی چاپخانەكەی، بە قەڵەمی خۆی بۆمانی نووسیوە و دەتوانین چیڕۆكەكەی بخوێنیەوە. بزانین بە چ دەردەسەریەك و قەرز و زەحمەتییەك ئەو چاپخانەیە دەكرێت!(6) 
ئەوكاتەی ڕوودەكاتە بەغدا، یان ناچاری دەكەن ڕوو بكاتە ئەوێ، لە كەلاویەك دەژێت و دەبێتە كرێچی. كاتێ بالێوزخانەی بەریتانیا دەیانەوێت، بۆ بەرژەوەندی و پڕوپاگەندە و سیاسەتی و كارەكانی خۆیان، گۆڤارێك دەربكەن. ئەوە ئینگلیزەكان دێن دەستی حوزنی ماچ دەكەن و ئەو كارەیان لەگەڵ بكات؛ نەك لەبەر ئەوەی سەر بەوانە، بەڵكوو شارەزایەكی زۆری لە چاپخانە و ئیشپێكردن و بەڕێوەبردنی كارە هونەرییەكان و دەركردنی ڕۆژنامە و كتێب هەبووە، شارەزایەكی باشی زمانی كوردی بووە. ئەزموونی لە حەڵەب و ڕواندز و سلێمانی و هەولێر هەبووە و چەندین ساڵ كاری چاپخانەی كردووە، كەسی وەك ئەو لەوكاتە لە حوزنی باشتر دەستیان نەدەكەوت؛ واتە ئەزموونی و زیرەكی حوزنی بووە، ئینگلیزەكان دێن و كاروباری چاپخانەی دەخەنە بەردەست و ئەویش ئەو كارەی كردووە و زانیویەتی دەتوانێت لەم ڕێگەیە، خزمەتی كورد بكات. خۆ ئەگەر من و تۆش باین و بێكار و بێلانە و بێپارە و دوور لە دۆست و خزم و كوردستان ژیاباین. سەردەمێك بووە، جەنگی دووەمی جیهانی و ناخۆشی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و ململانێی دەوڵەتان و خراپی باری دەروونی تاكەكانی كۆمەڵگە و نەبوونی كار و كەسابەتی، ئەو كارەمان بە سپاسەوە دەكرد.
تۆفیق وەهبی و ئەوانەی لە گۆڤار و دواتر ڕۆژنامەی (دەنگی گیتیی تازە) كاریان دەكرد، لایەنگری ئینگلیز بووبن، ئێ بۆ تاوان بێت بۆ حوزنی. ئەڕی بەڕاست كتێب و نووسینەكانی تۆفیق وەهبی لە خزمەتی ئینگلیز بوون یان كورد! خاڵێكی دی بڕوانە ئینگلیزەكان، كاتێ لە شەڕەكە سەركەوتن و چیدی پێویستیان بە گۆڤارەكە و پڕوپاگەندە و ئەو سیاسەتە نەما، گۆڤارەكە دادەخەن و پارە و خەرجی لەم شتە سەرف ناكەن. بەڵام ئەوە حوزنییە، بە گڕوتینی كوردانە و دڵسۆزانە دێتەوە مەیدان و ناهێڵێت ئەو گۆڤارە بوەستێت، چونكە بوونی ئەو گۆڤارە لەوساتە بە پێویست دەزانێت و بەو لایەنە خراپەی دارایی تێدایە، ئەو ئەركە دەگرێتە ئەستۆ.
"كاتێك ئینگلیز ئیشیان بە پڕوپاگەندە نەما، ئیتر گۆڤارەكەیان ڕاگرت و ئەرك و خەرجییەكانی گۆڤارەكەیان نەكێشاوە. دوابەدوای ئەمە (حوسێن حوزنی موكریانی، فایەق توفیق و محەمەد بابان) داوایان لە وەزارەتی ناوەخۆ كردووە، ماوەیان بدات درێژە بە دەنگی گیتیی تازە بدەن. وەزارەتی ناوەخۆش ڕێگەی پێداون و پاش ڕێگەپێدانیان ئاگاداری سەربەخۆبوونی گۆڤارەكە بڵاوكراوەتەوە.(7) 
بەم شێوەیە دەنگی گیتیی تازە بەردەوام دەبێت و تا دوا ژمارە لە 25/8/1947، لەگەڵ مردنی حوزنی لە 20/9/1947، ئیدی دەنگی گیتیی تازە نامێنێت.
مردنی حوزنیش، ڕەنگە خراپترین مردن بێت، كە بەو شێوەیە ئەو پیاوە گەورەیە، سەردەنێتەوە. لێرە دەچمە خزمەتی (چێشتی مجێور)ی مامی هەژار، لەسەر مردنی ئەو مێژوونووسە، چیڕۆكێكی خەمناكمان بۆ دەگێڕێتەوە. "بەیانییەك برادەرێك هات، گوتی: "حوزنی كوتوپڕ مردووە؛ با بچینە سەرقەبران". چەند دیمەنێكی دڵتەزێن بوو: جەنازەكەی لەسەر خاك درێژكرابوو تا قەبری تەواو دەبێ، جگە لە من و برادەرەكە هیچ كەسی لە لا نەبوو، بیرم لە قەدرنەزانی كوردان دەكردەوە، گریانێكی زۆر بە كۆڵ گرتمی و پێم وایە تەنیا كەسێك بۆ مەرگی گریابێ من بووم... حوزنی كە بە جاسووس و هەمەكارەی ئینگلیسیان دەزانی، زۆر بە فەقیری مرد. جگە لە كتێبخانەكەی، هەموو ناو ماڵی، یەك_دوو بەڕە و چوار نیمكەتی داربوو، منداڵی نەبوو، ژنەكەی كوردی توركیە بوو، ناوماڵ بۆ ژن ماو كارەكەری ماڵانی دەكرد".(8)
چەند ساڵێك لە دوای مردنی حوزنی،  (فاتیمەخان)ی خێزانەكەی بە پیری و هەژاری لە ماڵەكانی بەغدا، كاركەر و خزمەتكاری ماڵان بووە و بە ژیانێكی مەمرە و مەژی ژیاوە و ئەویش وەك حوزنی بە هەژاری ژیا و مرد؛ لە گۆڕستانی شێخ عەبدولقادری گەیلانی بە بێكەسوكاری نێژرا.
بەڵێ، حوزنی ئەوها ژیا و مرد. كۆمەڵێك كتێبی لە دوای خۆی بەجێهیشت، ژمارەیەك گۆڤار و ڕۆژنامەی دەركرد و خزمەتی نەتەوەی خۆی كرد. ئەگەر حوزنی جاسووس و پیاوی ئینگلیزەكان بوایە، چۆن ئەوها دەژیا، كوا مووچەكەی! خۆی كرێچی بووە. كوا ئەو خانوو و زەوی و دووكانانەی لە دوای خۆی بەجێهێشت! بۆچی لە دوای ئەو ئینگلیزەكان نەهاتن و دەستی یارمەتی بۆ خێزانەكەی درێژ بكەن! ئێستاش خەڵك هەیە، بێئەوەی یەك كتێبی ئەو پیاوەی خوێندبێتەوە و بێ سێودوو دەبێژێت: حوزنی بوختانی بە مەلای خەتێ كردووە، حوزنی جاسووسی ئینگلیزەكان بووە! ئەمە تەنها بیستویەتی، ئەگەر خۆی بێت و بەدواداچوون بكات، مرۆڤ زۆر ڕاستی بۆ دەردەكەوێت. كاتێ شاری ڕواندز بەرفراوانكردنی جادەی گشتیی ڕواندز كەوت، گۆڕی (مەلای خەتێ)*یان گواستەوە، بۆ شوێنێكی دی، من یەكەم كەس بووم، ئەمەم كردە هەواڵ. وتم: گۆڕی مەلای خەتێیان لە گۆڕ دەرهێنا؛ وتم: دەبێت بە ڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵ بكەن، چونكە هەم مردووە و هەمیش زانایەكی گەورەی كوردە. هەبوو لەم هەواڵە دڵگرانبوون، دەیانگوت: مامۆستا لێی گەرێ، ئەوە فتوای داوە و پاشای گەورەی بە كوشتن داوە! لە زۆر كۆڕ و چالاكیی و دیدارانەی لەسەر حوزنی لە ڕواندز كراون و بەشداریم كردووە، كتێبێكیشم لە بواری ئەدەب لەسەر ئەو پیاوە نووسیوە. هەبووە، خۆشی بە ڕۆشنبیر دادەنا، یان بیرێكی ئایینی توندڕەوی هەبووە. پێی وتووم: بۆ ئەوەندە گرنگی بە حوزنی دەدەیت و ئەو بوختانی بە مەلای خەتێ كردووە و جاسووسی ئینگلیزەكان بووە! یەكەم پرسیاری من ئەوە بووە، چەند كتێبی حوزنیت خوێندۆتەوە، بێگومان بەشەرمە و (هیچ)ەكەم پێدەڵێت. یان پێیان دەڵێم، ئەگەر ڕاستدكەیت، وەرە بەڵگەم بۆ بێنە، با خۆم شیبكەمەوە و لێی تێبگەم. لای من هەردووكیان مرۆڤن، ناڵێم فریشتەن و شایەنی هەڵەن، دەكرێت هەڵەكانیان دیار بكرێن، شتە جوانەكانیشیان بە جوانی سەیر بكرێت و ناشیرین نەكرێن. بۆ من هەم حوزنی و هەم مەلای خەتێ، دوو پیاوی گەورەی كوردن و بە هیچ شێوەیەك لای من ناشیرین نابن. ئەوەی بە ناشیرینی سەیری مرۆڤ بكات، ئەو بێگومان خۆی و بیركردنەوەكانی ناشیرینە. (سوقرات) قسەیەكی جوانی هەیە (بوختان بۆیە خراپە، هەموو كەس بەبێ لێكدانەوە قبووڵی دەكات). ئاخر چ كەسێك ئەوەندەی حوزنی، لێی دراوە، زیندانیكراوە، تۆمەت و بوختانی بۆ هەڵبەستراوە، بە جاسووسیان داناوە. (زەكی ئەحمەد هەناری) لە نووسینێك ئەو زوڵم و ستەمەی لە حوزنی كراوە، بۆمان دەخاتە ڕوو "لە عێراقدا (22) جاران گیراوە، شۆڤار (جاسووسەكان) هەمیشە بە دواوەوەی بوون و وەچانیان نەدەدا. (3) جاریشیان ژاریان داوەتێ، (2) جارانیش لێ دراوە(9) هەروەها لە سوریا سێ جار لێدراوە و چوار جاریش لە سەردەمی عوسمانی گیراوە. جارێك سەربازانی تورك لێی دەدەن و چەناگەی دەشكێن و تا مرد ڕیشی هێشتەوە، بە هۆی شكان و ئەو لێدانە بەزەبرەی بەری كەوتبوو.
بەداخەوە! لە ئێستادا، بوختان و قسەی نابەجێ و شێواندنی مێژوو و ئابڕووبردنی كەسایەتییەكان و سەركردەكان و پیاوە ئایینەكان و شاعیر و هونەرمەند و تەنانەت مرۆڤێكی ئاسایی، ئەوەندە زۆر بووە، بە ئاسانی و بە ژیریی دەستكرد و بەڵگەنامە و نامە و نووسراوی سەختەی دروست بكەیت و لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە، بڵاوبكەیتەوە. 
سەرچاوە
1. ئازاد عەبدولواحید، حوسێن حوزنی موكریانی لە یادەوەری حەمەبۆردا. گۆڤاری ڕامان، ژمارە (177)، 5/2/2012، ل 36.
2. دڵشاد خەتات_یاسین برایم، لانەی شەوان. چاپخانەی شوان، سۆران، چاپی یەكەم، 2026، ل46_48.
3. سەرچاوەی پێشوو، ل5.
4. گۆڤاری زاری كرمانجی، ژمارە (10)، 30ی تەمووزی 1927، ل23.
5. د. محەمەد خدر مەولوود، غونچەی بەهارستان. چاپی یەكەم، هەولێر، 2025.
6. د. كوردستان موكریانی، گۆڤاری ڕووناكی، یەكەمین گۆڤاری كوردی شاری هەولێر1935_1936. چاپی یەكەم، دەزگای ئاراس، ل31-41.
7. نیگار عبدوللە كریم قارەمان، پێگەی كولتووری (دەنگی گێتی تازە) لە ڕۆژنامەگەریی كوردیدا، 2022، نامەی ماستەر، زانكۆی چەرمۆ، كوڵیژی زمان.
8. هەژار موكریانی، چێشتی مجێور. ناوەندی چاپ و بڵاوكردنەوەی كتێبی میهرەگانی، چاپی دووەم، 2007، ل 112-113.
9. گۆڤاری هەتاو، ژمارە (179)، 15/7/ 1960.
* مەلای خەتێ: مەلا محەمەد ئەفەندی كوڕی مەلا ئەحمەد، بە مەلای خەتێ ناسراوە و زانا و موفتی میرنشینی سۆران بووە لەسەردەمی پاشای گەورە. گۆڕەكەی لە پێش قوتابخانەی ئامادەیی ڕواندزی كوڕان بوو، لە تەنیشت مستەفا بەگی باوكی پاشای گەورە نێژرابوو. ڕۆژی 11/7/2007 لەبەر ئەوەی گۆڕەكەی دەكەوتە بەرجادەی گشتیی ڕواندز_بێخاڵ. بۆیە لەو ڕۆژە، شارەوانی ڕواندز، ڕووفاتی ئەو پیاوەی گواستەوە بۆ گۆڕستانی گەردەگەرد و ئێستا گۆڕەكەی دیارە و نوژەنكرایتەوە.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا