
بەكر ئاڵەیی
بارگاوی ئەستێرەیەکی شێتم
لە نیوەشەو هەڵدەستمەوە زەنگی ماڵان لێ دەدەم
بەرد لە گڵۆپەکانی بەر دەرگاکان دەگرم
تانکی سەربانەکان پڕدەکەم لە خۆڵ
بروسکەکانم لە دەریا تووڕە دەکەم
چاو لە گوڵی حەوشەی ماڵەکان دادەگرم و شەپۆلی ئارەزووەکانم بەر هەڵدەدەم
ئەستێرەیکم حاڵم لێ گۆڕاوە بە ماڵی ئاسمانەکان نامۆم
بە کانی شەیتانی دەبم و لەگەڵ کتێبەکان دەخەوم
پەڕی کتێبە پیرۆزەکان دەکەم بە کۆللارە
چی ئایەتی نەنووسراو هەیە دەکەم بەگۆرانی
گوێ لە زوڕنای شەیتانەکانی ماڵی خوا دەگرم
ناهێڵم هیچ پێکەنینێک بەربێتەوە ناو ڕووبار
ناهێڵم هیچ دڵێک بە خواستی نهێنیکان لە لێدان بکەوێ
ئەستێرەیەک بووم پڕبووم لە گیانی یادەوەری لە نرکەی ئاوس بوونی باخچەکان
بڕبووم لە شەرمنی کچەکان
پڕبووم لە دەسنوێژی ڕووناکی
پڕبووم لە میهرەبانی خودا
ئێستا ئەستێرەیەکی شێتم
شەڕی جۆگە و ئاو دەکەم
شەڕی تریفەو ئاسمان دەکەم
شەو خەنجەرێکی ژەهراویم لە دەست دایە بارانی پێ سەر دەبرم
خۆشەویستی پێ لەتلەت دەکەم
دەنگەکانی پێ بریندار دەکەم
شیعری پێ لەکەدار دەکەم
من ئاسمانێکم بەخۆوە شێت کردووە ئاوازێکی تووڕەم هەڵکردووە
جنێوی ئاسمان بەسەر خەونی ئەوینداراندا دەبارێ
ئاسمان بە سەر سەری گوڵەباخەکاندا دەتفێتەوە
ماڵێکی نەهێستۆتەوە بۆمردن
دەرگایەکیان نەهێشتۆتەوە بۆ هاتنەوەی پیاوەکان
هەنگاوەکانیان ژەنگاوی کردووە ڕێگایەک نەماوە بۆ ماچ و باوەشی ژنەکان